فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە ناڕەزایەتیی شکۆمەندی کرێکارانی پارسی جنووبی فێر بین
پێنجشەممە ۰۸-۰۹-۱۴۰۳   |  28-11-2024

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی کرێکارانی نەوت، کۆبوونەوەی کرێکارانی پارسی جنووبی لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگی سەرماوەز، قۆناغێکی نوێی لە سێشەممەکانی ناڕەزایەتی بە شێوازێکی جیاواز دەستپێکرد. کرێکارانی پارسی جنووبی بە وتنەوەی دروشم لەدژی وادە و بەڵێنی درۆینە، هەڵاواردن و نابەرابەری و بە گەڵاڵەکردنی داخوازییەکانیان کۆبوونەوەی بەرینی خۆیان بەڕێوەبرد. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، هەر لە بەیانییەوە کرێکارانی بوێر و ناڕازی لە پاڵاوگەی سێهەم و پێنجەمەوە بەبێ خواردنی ژەمی بەیانی بە مەودای پێنج کیلۆمەتر تا شوێنی کۆبوونەوەکە ڕێپێوانیان کردووە و کرێکارانی سایتی دووی پارسی جنووبیش لە کەنگانەوە مەسیرێکی دورودرێژیان تا شوێنی کۆبوونەوەکە لە بەرامبەر ستادی ناوەندی گازی پارسی جنووبی بڕیوە. لەم کۆبوونەوەیەدا بنەماڵەی کرێکارانیش بەشدارییان کردووە تا بە حزووریان شکڵێکی کۆمەڵایەتی و نوێتر بە ناڕەزایەتییەکانیان ببەخشن. ئەمە حەفدەهەمین حەفتەی ناڕەزایەتیی کرێکارنی پەیمانکاری پارسی جنووبی بوو کە کرێکارانی ١٢ پاڵاوگەی گازی پارسی جنووبی تێیدا بەشداربوون. ئەم کرێکارانە پێشتر بۆ ماوەی ١٦ حەفتەی بەردەوام بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد. بەڵام بەهۆی بایەخ نەدران بە خواستەکانیان، دوای یەک حەفتە ڕاوەستان، ئەمجارە لەئاستێکی بەرینتردا ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەیان بەرپا کرد.

دروشمی کرێکاران جگە لە گەڵاڵەکردنی خواستە ئابوورییەکان، دژبە مەوجوودییەتی فەرمایشیی شۆرای باڵای کار و پێکهاتەی دژەکرێکاریی ئەم ناوەندە بوو کە بووەتە هۆی کۆیلەتی و چەوساندنەوەی کرێکاران. هەروەها دژبە بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵی نەوت بوو کە لەڕێگەی شیرکەتە پەیمانکارییە مفتەخۆرەکانەوە دزی و هێرشیان بۆسەر بژێوی کرێکاران ڕێکخستووە. کرێکارانی پارسی جنووبی لە مەسیری ڕێپێوان و لە شوێنی کۆبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک: “حەقدەستی عادڵانە مافی ڕەوامانە”، “هەڵاواردن نابێ بمێنێ”، “شۆرای خاوەنکاریمان ناوێ”، “لە شوعار تا عەمەل، وەعدەی بێ سەمەر”، “مودیری دژەکرێکارمان ناوێ” عەزمی خۆیان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان نیشان دا.

هەروەها کرێکاران بۆ مەحکوومکردنی مودیرانی پاڵاوگەکان بەتایبەت ئەسعەدی سەرۆکی پاڵاوگەی شەشەم کە هۆکاری سەرەکیی ڕێگری لە گەڕانەوە سەرکاری کرێکاری دەرکراو حۆجەت ڕەزایی بووە، دروشمیان وتەوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵسووکەتی ئەمنیەتی بەرامبەر بە کرێکارانی ناڕازی بوون. لە کۆتایی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پارسی جنووبیدا، کرێکاران لەڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەوە ڕایانگەیاند کە هەتا مودیران وڵامێکی کامڵ بە خواستەکانیان نەدەنەوە کۆبوونەوەکانیان درێژە دەدەن و ڕۆژانی سێشەممە بەپێی قەراری پێشوو بەتەواوی دەست لە کار دەکێشنەوە.

هاوکات شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس) وێڕای پشتیوانی لە کردەوەی یەکگرتووانە و هاوپشتیی کرێکاران لە پارسی جنووبی، تەئکیدی کرد کە: ناڕەزایەتیی کرێکاران و پێشڕەویی بەرچاوی شێوازەکانی ناڕەزایەتیی هاوکارانمان لە پارسی جنووبی و داسەپاندنی خواستەکانیان، بەرهەمی دەستکەوتی مانگرتنە کرێکارییەکان لەم ناوچەیە بووە. درێژەی مانگرتنەکان بۆ ئێمە کرێکاران هەڵگری دەرس و ئەزموون و دەستکەوتە. وێڕای بەهێزکردنی ئێمە کرێکاران بەرانبەر چەوسێنەران، زۆروێژان و تاڵانکاران، زەبروزەنگ و سەرکوت ناکاریگەر دەکات و خواستەکانمان بەسەر دەسەڵاتداراندا دەسەپێنێت. مانگرتن کاریگەرترین شێوازی داسەپاندنی داخوازییەکانی چینی کرێکار بەسەر مفتەخۆراندایە کە ساڵەهایە لە بێدەنگ بوونمان کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی دزییەکانیان بەردەوام بێت. ئەوان لەپێناوی زیادکردنی قازانجێک کە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێمە کرێکارانی نەوتە کۆیلەتیی زیاترمان بەسەردا دەسەپێنن. دەورونەخشی لێبڕاوانە و حاشاهەڵنەگری بزووتنەوەی کرێکاری کە لەم ڕۆژەدا لە پارسی جنووبی خۆی زیاتر لە ڕابردوو نیشان داوە، مژدەبەخشی ئەم بابەتەیە کە کرێکارانی نەوت بە هێزی کار و لێهاتوویی و داهێنانی خۆیان واتە سەرچاوەی سەرەکیی قازانج و سەرمایە، لە حاڵی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پێکهاتەیەکدان کە لە داسەپاندنی زوڵم و بێ مافی بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی ستەملێکراو لە هیچ هەوڵێک دەریغ ناکات.

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس) ڕایگەیاند کە هوشیاری و دەستکەوتی ناڕەزایەتیی هاوکارانی بوێرمان لە پارسی جنووبی دەتوانێ ئۆلگوویەک بێت بۆ دەستپێکی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو ناوەندەکانی نەوت. ئێمە وێڕای پشتیوانی لەم هاوکارانمان، داوا لە کرێکارانی هەموو بەشەکانی دیکە دەکەین کە بەم ناڕەزایەتییە پەیوەست بن. شۆرا بۆ جارێکی تر لەسەر گرینگیی داخوازییەکانی کرێکارانی ئەرکانی سالس لەوانە پێکهێنانی شۆرای سەربەخۆی دیاریکردنی حەقدەست، بە بێ هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ هیچ ئۆرگان و ناوەندێکی دەوڵەتی، مافی پێکهێنانی ڕێکخراو، مافی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، نەمانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، گەڕاندنەوە بۆسەر کاری دەستبەجێ و بێ مەرجی یاسر ئەحمەد نەژاد و هەموو کرێکارانی دەرکراو و کۆتاییهێنان بە هەڵسووکەوتی ئەمنیەتی بەرانبەر کرێکارانی ناڕازی، جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو بەتایبەت بابەتی مەرەخەسیی ئیستحقاقی و پێدانی حەقی کەمپ، جێبەجێ کردنی  بێ کەموکوڕیی تەرحی ڕیزبەندی پیشە و نیزامی پەرداختی عادڵانە و هاوتەراز لەگەڵ  کرێکارانی ڕەسمی و قەراردادی بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، جێبەجێ کردنی تەرحی ڕیزبەندیی پیشە بۆ شۆفیرانی غەیری مالکی ماشێنە کرێکان، سازماندانی هاتوچۆ و دابینکردنی ئەمنیەتی پیشە، جێبەجێکردنی بێ جیاوازی ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوو بۆ کرێکارانی ئیداری تەئکیدیان کرد.

لە بارودۆخی ئێستادا پێکەوە پەیوەنددران و هاوکات و هاوهەنگاو بوونی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان دەتوانێ چەند هەنگاو بزووتنەوەی کرێکاری بەرەوپێشەوە ببات. لە بارودۆخی ئێستادا نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی سەراسەریی کرێکاران بووەتە بەربەست لەسەر ڕێگای پێکەوە پەیوەنددران و سەرانسەری بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە ناوەندەکانی سەنعەت و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا. ڕێبەران و چالاکانی کرێکاری کە لە ناوەندە داغەکانی خەباتی کرێکاراندا حزووریان هەیە و لەگەڵ کرێکاران پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە، دەتوانن لە پەیوەند لەگەڵ یەکتردا ڕێکخراو و ناوەندی وەک شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و چالاکانی کرێکاری پێکبهێنن. ئەم شۆرای هاوکارییە دەتوانێ چالاکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار لەوانە کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، فوولادی ئەهواز، حەوت تەپە، زەوبی ئاهەن، شیرکەتی واحید، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان و هیتر لە دەوری یەک کۆبکاتەوە. وەها ناوەندێک دەتوانێ تا ئاستێک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری، چینایەتی و سەرتاسەریی کرێکاران پڕ بکاتەوە و دەتوانێ لە پەیوەنددان و لە سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکاندا یارمەتیدەر بێت.