٢٥ی نوامبری ساڵی ١٩٦٠، لە بەشی باکووری “کۆماری دۆمینیکن” جەستە بێ گیانەکانی سێ خوشک بە ناوەکانی “پاتریا”، “مینروا”، “ماریاترێزا” میرابێل، لە قەراخ تاڵاوێک دۆزرانەوە. ئەم سێ خوشکە لە خەباتکارانی چالاک دژبە دیکتاتۆری “ڕافائێل تراخیلۆ” بوون کە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا. ئەوان دوای ئەوەیکە لەلایەن خوێنڕێژانی ئەم حکوومەتەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و ئەشکەنجە دەدرێن، بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن. ئەگەرچی حکوومەت دەیهەوێست کوشتنی ئەوان بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ نیشان بدات، بەڵام زۆر زوو دەستدرێژی و کوشتنیان بوو بەهۆی ڕسوایی حکوومەت و خوشکەکانی میرابێل بوونە هێمای “خەبات بۆ ئازادی” و بە “پەپوولە فەرامۆش نەکراوەکان” ناوبانگیان دەرکرد. ئەشکەنجە و توندوتیژی ئەنجامدراو بەرامبەر بەم سێ خوشکە و دەورونەخشیان لە خەبات دژبە دیکتاتۆری دەسەڵاتی تراخیلۆ، بوو بەهۆی ئەوەیکە لە یەکەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەمریکای لاتین و دوورگەکانی دەریای کارائیب لە بوگوتای کۆلۆمبیا لە ساڵی ١٩٨٢، ژنان ڕۆژی ٢٥ی نوامبر وەک “ڕۆژی جیهانیی خەبات بەرامبەر توندوتیژیی ژنان” ڕاگەیەنن. ژنان لەم کۆبوونەوەیەدا نەتەنها توندوتیژییان بەپێی ڕەگەز مەحکووم کرد بەڵکوو هەموو جۆرە توندوتیژیەک بەرامبەر ژنان، لە ئەشکەنجە و قەتڵ و دەستدرێژیی لەلایەن حکوومەتەکانەوە بگرە تا توندوتیژیی دەروونی و فیزیکی لە چوارچێوەی بنەماڵە و ئازار و ئەزیەت و هەڵاواردنیان لە شوێنی کار و کۆمەڵگادا مەحکووم کرد.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز هەموو ساڵێ لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبردا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە لەلایەن کۆمەڵگای پیاوسالاری سەرمایەداری، لە شوێنەکانی کار، لە کۆمەڵگا و لە بنەماڵەدا بەسەریاندا دەسەپێ، لەڕێگەی خۆپیشاندان، کۆبوونەوە و دەرکردنی بەیاننامە و … ئیدانە دەکەن. تەنها بەهۆی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی ژن و بەهۆی گوشاری مرۆڤایەتیی عەداڵەتخوازی جیهانەوە بوو کە لە ١٧ی دێسامبری ساڵی ١٩٩٩دا، کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ٢٥ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٤ی سەرماوەزی وەک “ڕۆژی جیهانیی نەمانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان” ڕاگەیاند.
ئێستا کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ بەسەر کوشتاری جەنایەتکارانەی خوشکەکانی میرابێلدا تێدەپەڕێ، لە ئێران ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش هەم وەک ڕژیمی پارێزەری بەربەریەتی سەرمایەداری و هەم وەک ڕژیمێک کە دینی کردووەتە ئامرازی پەرەپێدانی توندوتیژی، کارنامەیەکی یەکجار خۆفناکی لە بواری سەپاندنی توندوتیی بەرامبەر بە ژنان هەیە. ئەم ڕژیمە بە بەکارهێنانی مەزهەب وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیک و بە یارمەتیی کەلتووری دواکەوتووانەی پیاوسالاری، هەڵاواردن و نابەرابەریی ڕەگەزی و توندوتیژی دژبە ژنانی کردووەتە یاسا و بەڕێوەی دەبات. لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا مافی سەرەتایی ژنان لەوانە مافی جیابوونەوە، مافی سەرپەرستیی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەرکردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی بواری خوێندن و هیتر پێشێل دەکرێت. ژنان مافی هەڵسووکەوتی ئازادانەیان لەگەڵ پیاوان نییە. ڕژیم بە پێدانی مافی چەندهاوسەری بە پیاوان و بە پەرەپێدانی سیغە، ڕۆخسارێکی یاسایی بە لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنی ژن وەک کاڵا داوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو ناوەندەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت لە دامەزراوە پەروەردەییەکانیشدا بووەتە بنەمایەکی نەگۆڕ. لە ساڵانی ڕابردوودا لەئاکامی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی کۆنەپەرستانەی “سەهمیەبەندیی جنسیەتی” کچان لە خوێندنی دەیان خولی زانکۆ بێبەری کران. ڕژیمی ئیسلامی بە پەسندکردنی گەڵاڵەکانی “ئامران بە مەعڕووف و ناهیان لە مونکەر” و “سیانەت لە حەریمی عفاف و حیجاب” و بە ئیختیاراتێک کە بە باندە چەکدارەکانی لە نەوعی ئەنساری حیزبوڵڵا، گەشتەکانی ئیرشاد و بەسیج دای، بەکردەوە زەمینەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری توندوتیژی دەوڵەتی بەرامبەربە ژنان فەراهەم کرد. داسەپاندنی ئەم بێمافی و توندوتیژیانە، دیمەنێکی ئاشکرایە لە جەحەنەمێک کە دەسەڵاتی سەرمایە و دین لە ئێراندا پێکیهێناوە. لەڕاستیدا ئەم توندوتیژییە دەوڵەتییانە بەرامبەر بە ژنان نەتەنها یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو بەستێنێکی گونجاویشی بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی لە کۆمەڵگا و لە بنەماڵەدا فەراهەم کردووە.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی خەبات دژبە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نزیک دەبینەوە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان پایەی ئایدیۆلۆژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وەک گرینگترین پایگای ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکشکاندووە و بزووتنەوەی ژنان بۆ ڕزگاریی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. بەڵام دەورونەخشی پێشەنگی ژنان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دیاردەیەکی لەناکاو نەبووە. ژنان زیاتر لە چوار دەیەیە کە گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر هەموو ئەو ڕەنج و ئازار و نەهامەتییانەی کە دەسەڵاتی سەرمایەداریی تێکەڵ بە ئیسلامی سیاسی و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و کلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری بەسەریدا سەپاندووە. ژنانی ئێران هیچ کات قوربانیانی بێدەنگی هەڵاواردنی ڕەگەزی نەبوون. ژنان بە بەشداریی بەرچاویان لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بنەمای ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی دینیان خستە لەرزە تا ئاخێزی دواتردا وێرانی بکەن. مانگرتنی شکۆمەند و بەردەوامی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە و مانگرتنی سێ مانگەی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی بە بێ پشتیوانی بنەماڵەکانیان و بە بێ بوێری و فیداکاریی سپیدە قولیانەکان و فەرزانە زیلاییەکان بە سەرکەوتن نەدەگەیشت. ژنان لە مێترۆکاندا و لەژێر گوشاری هێزەکانی گەشتی ئیرشاددا بۆ خەڵک لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن دوان. ئەوان لە مەیدانی شارەکاندا دژبە “قەتڵە نامووسییەکان” تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان هاوار کرد. لەسەر سەکۆکانی شەقامی ئینقلاب حیجاب، ئەم هێمایەی کۆیلەتییان بە زەوی دادا. لە زانکۆکان یاسای هەڵاواردنی ڕەگەزییان بردە ژێر پرسیارەوە. لە ڕیزی پێشەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و خانەنشینان بۆ دیفاع لە ژیان و کەرامەتی ئینسان بەشدارییان کرد. لە خەبات دژی لەناوبردنی ژینگە و قەیرانی کەم ئاوی ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی. لە چوارچێوەی بنەماڵەدا دژبە کەلتووری پیاوسالاری و ڕەگەزی دووهەم بوون، وەستانەوە. وەک دکتوور و پەرستار لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بەرامبەر پەتای کۆرۆنا گیانفیداییان نواند. ژنان لەسەر گڵکۆی کچان و کوڕانی لاویان نەتەنها ئەژنۆی خەمیان لەباوەش نەگرت، بەڵکوو سەربەرزانە و بە دەنگی ڕەساوە ڕایانگەیاند کە تۆوی ئازادییان چاندووە. ژنان ئەو کاتەش کە بە “تاوان”ی تەسلیم نەبوون بەدیل گیران و ئەشکەنجە دران، لە سەنگەری زیندانەکاندا ئیدیعانامە و شەڕی ئاشکرای خۆیان دژبە ڕژیمی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ئیسلامی ڕاگەیاند.
لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژبە توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بە تێکۆشانی هەرچی بەرینتر لەپێناو هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، ئەم ڕۆژە بکەینە ڕۆژی خەبات بەرامبەر بە دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی و بیکەینە ڕۆژی خەبات بەرامبەر بە نیزامی پیاوسالاری سەرمایەداری.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە