
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگی جۆزەردان، بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی ژوئەن ڕۆژی جیهانیی پەنابەران بوو. لەپێوەند لەگەڵ ئاماری پەنابەران کۆمیسێری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو لە ژنێڤ وتی: “ئاماری جیهانی پەنابەرانی جیهان لە سەد ملیۆن کەس تێپەڕیوە. لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە هەتا ئێستا هیچ کات لەگەڵ ئەم ڕەقەمە بەرەوڕوو نەبووینەتەوە. ئەم ڕەقەمە تراژێدیایەکی جیهانییە”. ئەو زەمینەی ئەم تراژێدیایەی شەڕی ئۆکراین و قەیرانی ئەفغانستان پێناسە کرد. کۆمیسێری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەوە دانا کە ئاوارەبوونی ملیۆنیی خەڵکی ئۆکراینی لە ماوەیەکی هێندە کورتدا و بە وەها ڕەقەمێکی باڵاوە لە هیچ ڕاپۆرتێکدا نەبینیوە. ئەو هەروەها وتی ساڵەهایە کە ژمارەی پەنابەران بەردەوام زیاد دەبێت و لە کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینیدا ژمارەی کەسانێک کە وڵاتی خۆیان جێ هێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە چاو ١٠ ساڵ پێش ئێستا دوو بەرابەر بووە.
بێگومان لە پشت ئەم ئامار و ڕستانەدا تراژێدیایەکی گەورەی ئینسانی لەئارا دایە. زۆرێک لەم پەنابەرانە لە مەسیری دیتنەوەی گیان پەنایەک ڕوو دەکەنە وڵاتە نائاشناکان کە بۆ ئەوان هاوشێوەی زەویی مینڕێژکراوە. ئەوانەی وا ڕوو دەکەنە وڵاتانی قارەی ئەفریقا، ئەگەر لە چنگ باندە مافیاییەکانیش ڕزگاریان بێت تازە دەگەنە وڵاتی لیبی کە کوشتارگەیەکی بەتەواو مانایە. ئەوان لەم وڵاتە، لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیست و یەکدا لە بازاڕی کۆیلەفرۆشەکان دەفرۆشرێن و لە سیاچاڵەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن و ژنان بەردەوام دەکرێنە ئامانجی دەستدرێژیی سێکسی. زۆریان ئەگەر لە هەموو ئەم بەڵایانە گیان بە سڵامەت بەدەر بەرن و لەناو شەپۆلی خرۆشانی مەدیتەرانەدا لەبەرمبەر چاوی ناباوەڕی هاوچارەنووسانیاندا نەبنە قوربانی، هێستاش بەو مانایە نییە کە داهاتوویەکی ڕوون چاوەڕوانیان دەکات. ئەوان دیسان لەوانەیە بکەونە داوی پڕۆژەی “فرۆنتێکس”ی یەکیەتیی ئەورووپاوە کە وەزیفەیان کۆکردنەوەی ئاوارەکانی مەدیتەرانە و ڕادەستکردنیان بە پاسەوانانی لیبییاییە تا دووبارە ڕەوانەی سیاچاڵەکان و بازاڕی کۆیلەفرۆشییان بکەنەوە. تەنانەت ئەگەر هێندێک لەو پەنابەرانە لەلایەن کەشتیی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیشەوە ڕزگاریان بێت، هێستاش بە مانایی کۆتایی ڕێگا نییە. ئەم کەشتییانە دەبێ چەندین هەفتە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا سەرگەردان بن تا ئەوەیکە ئیزنی چوونەناو ئیسکلەی یەکێک لە بەندەرە ئەورووپاییەکانیان پێ دەدرێت. سەرپەرستی یەکێک لەم کەشتییانە ناسراو بە “سی واچ ٣” کە هەفتەی ڕابردوو دوای دوو هەفتە سەرگەردانی بە ٣٥٠ پەنابەرەوە ئیجازەی خستنی لەنگەری لە یەکێک لە بەندەرەکانی ئیتالیا پێدرابوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێران سەبارەت بەم پەنابەرانە وتی: “حەکایەتی ژیانی ئەوان زۆر جیاوازە، هێندێکیان لە وڵاتانی ئەفریقایی ناسراو بە “ساب سەحرا” واتە ئێتیۆپی، بێنین، بورکینافاسۆ، بوروندی و غەنا”وە دێن. وڵاتانێک کە بۆ ساڵیانی ساڵ کۆلۆنیی وڵاتانی ئەورووپایی بوون. زۆریان لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و یان لە سووریە و بەنگڵادێشەوە هاتوون. ژمارەیەکیان لە تاو قاتی و ویشکەساڵی، وڵاتانی خۆیان جێ دەهێڵن و خۆ دەگەیەننە لیبی. یەک لەسەر سێی ئەم ژمارەیە تازەلاوانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵن. زۆربەیان وەک کرێکاری هەرزان تا بێ نەهایەت دەچەوسێنەوە، ئەشکەنجە دەدرێن و یان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. بەخاتری ئەوەیکە لە وڵاتەکەی خۆیان داهاتوویەک نابینن، حازرن وەها ڕێگایەکی مەرگبار بگرنە بەر. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ڕابردوودا ئاماری فەرمیی پەنابەرانی نوقم بوو لەناو دەریای مەدیتەرانە زیاتر لە سێ هەزار کەس بووە. بێگومان ئەم ئامارانە ڕەسمین و ئاماری پەنابەرانێک کە تەرمەکانیان نابیندرێتەوە یەکجار زیاتر لەو ئامارانەیە.
واقعییەت ئەوەیە کە قەیرانی پەنابەری یەکێک لە قەیرانە چەند لایەنانەیە کە جیهان لەگەڵی بەرەوڕوویە. پێکەوە پەیوەنددران و هاوکاتبوونی قەیران ئابووری، شەڕی ناوچەیی و شەڕی نێوان ئیمپریالیستەکان، قەیرانی ژینگە و پەتای کۆرۆنا، مرۆڤایەتیی لەگەڵ قەیرانی پەنابەری و ئاوارەیی بەرەوڕوو کردووتەوە. قەیرانی پەنابەری ئاکامی سەرهەڵدانی هەموو ئەم قەیرانانەیە و نیزامی سەرمایەداریش هۆکار و سەرچاوەی سەرەکیی گشت ئەم قەیرانانەیە و هیچ بەلایەوە گرینگ نییە کە گیانی ملیۆنان پەنابەر لە جەرەیانی موعامەلاتی قیزەونی لەگەڵ کۆنەپەرستترین دەوڵەتەکان بە هەڕاج دابنێت. دیواری ڕاسیستیی ترامپ بۆ ڕێگری لە چوونی لاتینیۆکان بۆ ئەمریکا و یان پێکهێنانی مانع و بەربەست بۆ پاراستنی قەڵای ئەورووپا نموونەگەلێکی بەرچاون لە سیاسەتی دژەئینسانیی جیهانی سەرمایەداری لەئاست ئەم تراژێدیا مەزنە ئینسانییە. بەڵام تەنانەت کاتێک پەنابەران دوای تێپەڕاندنی هەموو ئەم کۆسپ و بەربەستانە خۆیان دەگەیەننە ئەورووپا، بەرەوڕووی کۆمەڵگەیەک دەبنەوە کە بۆنی گەنیوی ڕاسیسم بەشێکی بەرینی لەم کۆمەڵگەیە داگرتووە. پەنابەرانی وڵاتانی دەورووبەر لەم وڵاتانە، کرێکاری هەرزان و ئینسانی دەرەجە دوو بەحیساب دێن. ئەوپەڕی ئەم ڕاسیسمەمان لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و لە جەرەیانی شەڕی بەینی ئیمپریالیستی و ئاوارەبوونی خەڵکی ئۆکرایندا بینی.
بینیمان کە چ جیاوازییەکی بەرین لە هەڵسووکەوت بە ئاوارەکانی ئۆکراین و ئەوانەی وا لە وڵاتانی غەیرە ئەورووپاییەوە دێن، بوونی هەیە. گۆیا شەری ئۆکراین شەڕی نێوان کەسانێکە کە لە بەناو “بایەخە ئەورووپاییەکان” دیفاع دەکەن و باقییەکەیان سەمبۆلی “دیکتاتۆری ئاسیایی و ئەفریقایی”ین. هەموو ئەم ڕستە و وشانە، شەو و ڕۆژ لە بڵینگۆکانیانەوە بەگوێی پەنابەرانی بەناو غەیرە ئەورووپاییدا دەخوێنن تا بۆ ساتێکیش فەرامۆشی نەکەن کە ئەوان ئینسانی دەرەجە چەندومن.
هەڵبەت ئەمە هەموو کارەساتەکە نییە، هەفتەی ڕابردوو ئاشکرابوو کە پادشای بریتانیای کەبیر، بەپێی قەراردادێکی ڕاسیستی کە لەگەڵ وڵاتی ئەفریقایی “ڕواندا” بەستوویەتی، پەنابەرانێک کە خۆیان گەیاندووەتە بریتانیا، لە “ڕواندا” نیشتەجێیان دەکەن. مەعلووم بوو کە بووریس جانسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە نیوەی ئاوریلی ئەمساڵدا قەراردادێکی ١٤٤ ملیۆن پۆندیی لەگەڵ ئەم وڵاتە بەستووە و بەپێی ئەم قەراردادە دەوڵەتی بریتانیا ئیجازەی دەبێت کە پەنابەرەکانی لەوێ جێگیر بکات. یەکەمین فڕۆکە بۆ ناردنی حەوت پەنابەر ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو لەسەر بڕیاری دادگای باڵای ئەورووپا بەشێوەی کاتی ڕاگیرا. پێشتر هەموو ئەو سکاڵایانە کە ژمارەیەک لە یەکیەتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە چەپەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی پەنابەری دژبە دەوڵەتی بریتانیا بۆ دادگاکانی بریتانیایان ناردبوو، وڵامی ڕەتی پێدرابۆوە. بەڵام بەوەشەوە وەزیری کاری بریتانیا ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە بەکردەوە دەردێنن. ڕایانگەیاند کە هەزینەی ناردنی ئەم حەوت کەسە ٥٨٠ هەزار یۆرۆ بووە. هەموو ئەم نموونانە بەیانی ئەو بەناو بایەخانەن کە جیهانی سەرمایەداری بەردەوام پێی هەڵدەڵێت و نەزمی دژەئینسانیی سەرمایەداری کۆتایی مێژوو ناو لێدەنێت.
بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە ئەم نیزامە دەسەڵاتدارەتووشیقەیرانی یەکجار مەزنبووە و ئێستا کاتی هاتنە مەیدانی بەدیلەکەی واتە نیزامێکی سۆسیالیستییە وئەم دەرفەتە نابێ لەدەست بدەین. ئەگەر چینی کرێکاری جیهان وشیارانە بێتە مەیدان، دەتوانێ ببێتە گۆڕهەڵکەنی ئەم نیزامە دژەئینسانە.