
ئەمساڵیش چینی کرێکاری ئێران لە بارودۆخێکدا بەرەوپیری ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەڕوات کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە دیاری کردنی حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردووەتە سەر سفرەی بەتاڵی بنەماڵە کرێکارییەکان. شۆرای باڵای کاری حکوومەتی ئسیلامیی سەرمایەداران لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی لە ساڵی ١٤٠٤ بە بردنەسەری ٤٥%، لە حەوت ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەنەوە گەیاندووەتە دە ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن. وە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی خێزانداری بە دوو منداڵەوە لە ١١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ ١٦ ملیۆن و ٣٥١ هەزار تمەن لە مانگدا زیاد کردووە. لانیکەمی حەقدەستی کرێکارنی خێزانداری بێ منداڵیشی لە ٩ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ ١٣ ملیۆن و ٩٠٩ هەزار تمەن زیاد کردووە. حەقی خاروبار لە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن گۆڕدراوە و حەقی مەسکەن بە بێ گۆڕان، هەروا ٩٠٠هەزار تمەن ماوەتەوە. هەڵبەت زۆربەی کرێکارانی ئێران کە یاسای کار نایانگرێتەوە، تەنانەت ئەم لانیکەمەش وەرناگرن.
دیاری کردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە کاتێکدایە کە لە دنیای واقعیدا هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران کە لە خەرجی خۆراک و پۆشاک و دەرمانەوە بگرە هەتا کرێی ماڵ و خەرجی هاتوچۆ و پەروەردە و گەشت و سەیران و خەرجی ئینترنێت و هیتر لەخۆدەگرێت، هەمووی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین بەرز بوونەتەوە. ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و ناوەندە سەربەخۆکانی توێژینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەهای ڕیاڵ، تێچووی سەبەدی بژێوی خێزانێکی کرێکاریی سێ کەسییان بە نزیکەی ٥٥ بۆ ٦٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا بۆ ئەمساڵ بەراورد کردووە. شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بە سەپاندنی حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری و بە یاسایی کردنی هێرش بۆ سەر ئاستی گوزەران و سفرەی بێ ڕەونەقی کرێکاران و چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا، لە ڕاستیدا بارگرانی لێکەوتەکانی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، نابوودبوونی یەک لە دوای ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و لێکەوتەکانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی خستۆتە سەر شانی کرێکاران.
ئەم هێرشە بێ سنوورە لە کاتێکدایە کە دۆخی سیاسی ئێران بە خێرایی لە ئاڵوگۆڕدایە. قووڵبوونەوەی قەیران و ڕکوودی ئابووری و ئاکامەکانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، پرتووکاویی ژێرخانە ئابوورییەکان و گەندەڵی و دزیی بەرینی کاربەدەستانی حکوومەت، ئابووریی ئێرانی خستووەتە سەر لێواری داڕمان. سیاسەتە ستراتێژیکە ناوچەییەکانی ڕژیم وەک ڕەمزێکی مانەوەی نیزامی ئیسلامی تووشی شکست بوون. ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵات لەژێر فشاری حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لەژێر فشاری خەباتی بێباکانەی ژناندا سست و لاواز بووە. بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییە خێراکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ئاراستەیەکی هێرشبەرانەتری بەم بزووتنەوانە بەخشیوە و سەرهەڵدان و گەشەی ئەم خەباتانەی لە داهاتوویەکی نزیکدا خستووەتە ئاسۆوە. لە کاتێکدا کە دەزگای ڕووحانییەت و ئیدئۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعییەت بەخشینی بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێمافییە نییە، کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڕەوتە زیاتر لە هەموو کاتێک ڕووی کردووەتە ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت. ئەم ستراتێژییە نەیتوانیوە جەماوەری خەڵک چاوترسێن بکات. لەئێستادا زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بوونەتە سەنگەری خەبات لەدژی ئێعدام و بەرگری لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی. لەم بارودۆخەدا کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و ڕێگری لە ڕەوتی داڕمانی ئابوورییەکەی، خەریکی ئامادەکارییە بۆ نۆشینی جامی ژەهری تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادا. لە ئاکامی ئەم بنبەستانەدا، شکست و ناکارامەیی، ناکۆکی و قەیرانی ناو باندەکانی حکوومەت پەرەیسەندووە و میدیاکانی حکوومەت و کۆبوونەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بوونەتە شوێنی نمایشی ئەم قەیرانە. بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئەم ڕژیمە نەک بەشێوەی ڕابردوو بەڵکوو بەشێوەی ئێستاش ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی بدات.
ئێستا کە لە ئەوەڵی مانگی مەی، بەرابەر بە ١١ی مانگی گوڵان ڕۆژی هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی کرێکارانی جیهان نزیک دەبینەوە، پێویستە چینی کرێکاری ئێران، ئەم پێگە هەستیارە و هێزی هاوپەیمان و پشتیوانی خۆی بناسێت و و ڕێگە نەدات سەرمایەدارانی ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێ دانان لەسەر شانی چینی کرێکار، خۆیان لەم قەیرانە سیاسییە دەرباز بکەن و بە قیمەتی ماڵوێرانیی و بەفیڕۆدانی ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاری، وە بە گرتنی گیانی بەندکراوان، درێژە بە دەسەڵاتی چەوسێنەرانە و ژیانی مفتەخۆرانەیان بدەن.
بارودۆخی ئێستا، و دەستدرێژییەکی وەحشیانە کە چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژبە ژیان و گوزەرانی کرێکاران ڕێکیخستووە، چینی کرێکار بۆ یەکگرتوویی و هاوپشتی، بۆ نمایشی شکۆداری دەسەڵاتی چینایەتی بەرامبەر بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا بانگەشە دەکات. لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا پێویستە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی دەست بردن بۆ تاکتیکی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان بەشێوەی جیددی لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە کرێکارییەکاندا گەڵاڵە بکرێت و بدرێتە بەر باس و لێکدانەوە. ئەوە ڕاستە کە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری پێویستی بە ڕێبەریی سەرتاسەری هەیە. بەڵام هەموو دەزانین کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و لە جەرگەی مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، لە جەرەیانی خەباتی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مەعدەنەکان، پەرستاران، شارەدارییەکان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، و لە جەرگەی ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینان، ڕێبەرانی بەتوانا و بەئەزموون لە کوورەی داغی ئەم خەباتەدا پەروەردە بوون و هاتنە مەیدان. ئەم ڕێبەرانە کە لەگەڵ ناوەندە داغەکانی خەبات پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە دەتوانن بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەک ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری ڕێک بخەن. تەنیا ئەوەندە بەسە کە ئەم ڕێبەرانە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پەیوەندی و هاوکارییەکانیان جێ بخەن. مانگرتنی سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان کاریگەرترین و براوەترین تاکتیکی خەباتکارانەی چینی کرێکار لە ئێستادایە. چینی کرێکار لە باروودۆخی ئێستادا بەبەکارهێنانی چەکی مانگرتنی سەرتاسەری دەتوانێ خواستە خێراکانی خۆی بەسەر دەوڵەت و سەرمایەداراندا بسەپێنێت و پێشڕەویی بزووتنەوەی جەماوەری و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زەمانەت بکات.
بەڕێوەبردنی شکۆداری ئەوەڵی مانگی مەی لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگا پێی ناوەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە، دەتوانێ کاریگەریی دایمی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا دابنێت. هەربۆیە پێویستە نەتەنیا هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری بەڵکوو چالاکانی سۆسیالیست و پێشڕەوانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریش بۆ هەرچی شکۆدارتر کردنی ئەوەڵی مانگی مەی، قۆڵی هیمەت هەڵماڵن.
چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا نەتەنیا دەبێت ئاڵای داخوازییە خێراکانی بەرز بکاتەوە بەڵکوو پێویستە ئیدیعانامەی خۆی دژبە نیزامی سەرمایەداری ڕاگەیەنێت و زەرفییەت و توانای خۆی بۆ ڕێبەریی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران نیشان بدات. چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا بە بەرزکردنەوەی درووشمی ئازادی و بەرابەری، ڕزگاریی ژن لە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕەهایی نەتەوە و ئایینەکان لە چنگ زوڵم و ستەم، هەنگاوێکی گەورە بەرەو پەیوەند و هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەگرێت. هەربۆیە ڕۆژی یەکی مەی، ڕۆژی ناڕەزایەتی دژبە زیندانی کردنی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی دەستبەجێی گشت بەندکراوانی سیاسییە. ڕۆژی مەحکووم کردنی سزای ئێعدامە. ڕۆژی تێکۆشان لەپێناو بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانییە. ئەم ڕۆژە ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و مانگرتن، ڕۆژی هەوڵ و چالاکی دژبە بێکاری و بێکارکردن، ڕۆژی خەبات بۆ بیمەی بێکاریی موکەفی بۆ بێکاران و گشت کەسانی ئامادە بەکارە! ئەم ڕۆژە ڕۆژی مەحکووم کردنی کاری منداڵان و داکۆکیکردن لەمافی منداڵانە! ڕۆژی مەحکووم کردنی کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە سیستان و بەلووچستانە. ڕۆژی دەرکردنی ئەو بڕیارنامانەیە کە گشت داخوازییەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕێفاهیی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و منداڵان لەخۆدەگرن!
ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی پێویستە بەشێوەی سەربەخۆ، واتە سەربەخۆ لە شانۆ فەرمایشییەکانی خانەی کاریگەر و باقیی ئۆرگانە دژەکرێکارییەکانی ڕژیم بەڕێوەبچن. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕێکخەرانی مەحەلی باش دەزانن کە چۆن ڕیزە سەربەخۆکانیان بپارێزن. بەڵام گونجاوترین و کاریگەرترین ڕێوڕەسمەکان، ئەو ڕێوڕەسمە جێگیر و ڕێکخراوانەن کە بەشێوەی بەرین لە ناوەندی شارەکاندا بەڕێوە دەچن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕێوڕەسمانە بەم تایبەتمەندییانەوە بەڕێوە ناچن، مەگەر بە بەشداریی بەرین و پڕگوڕوتینی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و بنەماڵەکانیان، بە پێشەنگبوونی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو و بە هاوڕێیەتیی ئەو ئینسانە شەریفانەی کە دژی چەوسانەوەن و ئاواتی ئازادی و بەرابەریی مرۆڤەکانیان لە دڵ دایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn