
دوای ماوەیەک حاشاکردنی حکومەت لە جیرەبەندیی ئاو لە تاران و پاش لێدوانی ساویلکانەی پزیشکیان سەبارەت بەوەی کە ئەگەر باران نەبارێت “پێویستە شاری تاران چۆڵ بکرێت”، هەندێک لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی سەر بە باڵی ئوسولگەرا، باسیان لە دەستپێکردنی جیرەبەندی بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵک کرد. ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران، بە ئاماژەدان بە جیرەبەندی و بڕینی شەوانەی ئاو لە تاران، ڕایگەیاند: “ماوەی دە ڕۆژە لە بێدەنگیدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵک، سنووردارکردنی ئاو لە پایتەخت دەستی پێکردووە”. لەم بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەڕانسە بڵاویکردەوە: “لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەرەوە، پلانی دابەشکردنی دەورەیی ئاو لە تاران و شارەکانی دەوروبەری وەک کەرەج، ئیسلام شەهر و پاکدەشت دەستی پێکردووە”. بەم شێوەیە، لە هەر ناوچەیەکدا تۆڕی ئاو لە شەو و ڕۆژێکدا تا ٦ کاتژمێر دەبڕدرێت و نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس لە تاران و شارەکانی تر، هاوشێوەی بەرق، لە بواری ئاویشدا تووشی کێشە و گرفت دەبن.
قەیرانی درێژخایەنی ئاو لەماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تا هاتووە توندتر بووەتەوە. لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نژادیشدا کە هێستا وەیشکەساڵیش نەبوو، ئەم کێشەیە هەر هەبوو. ئەو کاتیش ناوبراو لەبری چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو، هەروەک پزیشکیان، خەڵکی بە تاوانبار دەزانی و ئامۆژگاریی دەکردن کە کەمتر ئاو بەکاربهێنن. ئێستاش حکومەتی پزیشکیان دەیەوێت لە ڕێگەی جیرەبەندییەوە، وەک خۆی دەڵێت، “شێوازی بەکارهێنانی ئاو”ی خەڵک بگۆڕێت، یان بە واتایەکی تر خەڵک لە بواری ئاویشدا بخاتە تەنگانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە شارەزایانی سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی ئامار و ژمێریاریی زانستی، ڕێژەی ئاوی پێویست بۆ بەکارهێنانی ماڵان لە ئێراندا بە کەمتر لە ١٠٪ی کۆی ئاوی قابیلی بەکارهێنانەوە مەزەندە دەکەن و پێیان وایە لە ئێراندا ئاوی پێویست بۆ پاکوخاوێنی و خواردنەوە بوونی هەیە.
توندبوونەوە و بەردەوامیی قەیرانی ئاو لە ئێراندا هۆکاری زۆری هەیە بەڵام حکومەتی ئیسلامی سەرچاوە و بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانیەتی. یەکێک لە هۆکارەکان، کۆنبوون و پرتووکاوبوونی لوولەکان و تەواوی تۆڕی ئاوگەیاندنە لە سەرتاسەری وڵاتدا کە بەهۆی بایەخنەدانی حکومەتی ئیسلامی لە تەرخانکردنی بودجە و دروستکردنی پڕۆژە بۆ نوێکردنەوەی، بووەتە قەیرانێکی قووڵ. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای ئەندازیاریی ئاو و ئاوەڕۆی خودی ڕژیم، “بەفیڕۆچوونی ئاو لە مەسیری گەیاندندا لە پارێزگا جۆراوجۆرەکان، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٪”. واتە لە هەر چوار لیتر ئاو، لیترێکی بەفیڕۆ دەچێت.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و گرنگەکانی دیکەی توندبوونەوەی قەیرانی ئاو، بوونی مافیای بەنفووزی ئاوە لە نێو بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و نزیکەکانیاندا. ئەم مافیایە بە گرتنە ئیختیاری پڕۆژەی گەورەی سەدان ملیۆن دۆلاریی گواستنەوەی ئاو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەرەنجامە ژینگەییەکانی جێبەجێکردنیان، نەک هەر بووەتە هۆی کەمیی ئاوی خواردنەوەی خەڵک، بەڵکو بووەتە هۆی وشکبوونی ئاوی ڕووبارەکان و تاڵاوەکان و تەنانەت بەتاڵبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و نیشتنی زەوی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێراندا. پڕۆژە نازانستییەکانی سپای پاسداران، بۆ نموونە دروستکردنی بەنداو و لێدانی لەڕادەبەدەری چاڵاو، پلانگەلێک کە بوونەتە هۆی لەناوچوونی خاک و کەمبوونەوەی پۆششی گیایی و کەمبوونەوەی نفووزی ئاوی باران بۆ ناو سفرەکانی ئاوی ژێرزەوی، لەژێر ناوی بەناو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا، هۆکارێکی دیکەی قەیران و وەرشکستەیی ئاو بووە. ئەم پڕۆژانە بەبێ ڕەچاوکردنی دەرەنجامە ژینگەییەکان، بوونەتە هۆی بەفیڕۆچوونی ئاوە جارییەکان و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. لەم بارەیەوە، یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆ، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی وێرانکەری مافیای ئاو لە نابوودکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، پێشبینیی کردووە کە ئەگەر سیاسەتە گشتییەکانی ڕژیم لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا نەگۆڕدرێن، لە هەموو ئێراندا تووشی “کارەساتی ئاو” دەبین کە نیشانەکانی ئێستا لە هەندێک ناوچەدا دەبینین.
کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ڕژیم، ڕێژەی ئاوی بەکارهاتوو لە بەشی کشتوکاڵی پڕمەسرەفی وەک برنج بە نزیکەی ٩٠٪ و کارایی ئاودێریی کشتوکاڵی سوننەتی لە ئێراندا بە ٣٠ تا ٣٥٪ مەزەندە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری “فائۆ”، کارایی ئاودێری لە سیستەمە مۆدێرنەکانی کشتوکاڵدا زیاتر لە ٨٠٪ە. لەبەرئەوەی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبووە بودجەی پێویست بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی کشتوکاڵ تەرخان بکات و ئەو بڕە بودجەیەی کە تەرخانکرانیش کراوە بەهۆی گەندەڵی و دزیی دامەزراوەیی لە پێکهاتەی حکومەتی ئیسلامیدا، بۆ میکانیزەکردنی کشتوکاڵ بەکارنەهێنراوە. قەیرانی ئاو لە کۆماری ئیسلامیدا، قەیرانێکی ئاووهەوایی نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیاسی و پێکهاتەییە کە ئێستا بەرۆکی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانی گرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاخوندە دواکەوتوو و وشکمێشکەکان و هەندێک لە نوێنەرە گەمژەکانی مەجلیسی ئیسلامی لە ڕقابەتی نێوخۆییدا و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە بێتوانایی و گەندەڵیی حکومەتی ئیسلامی، قەیرانی ئاو بە دەرەنجامی ڕەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن ژنانەوە و بە کەمتەرخەمیی حکومەتی پزیشکیان لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نگریسی حیجاب و عیفاف و بە “غەزەبی ئیلاهی” ناوی دەبەن.
زیاتر لە چوار دەیەیە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و خەڵکی ئێران، لەبری دابینکردن و خەرجکردنی بودجە بۆ نوێکردنەوە و پێشخستنی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خۆشگوزەرانیی خەڵک، داویەتی بە هێزە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی “میحوەری موقاومەت” و پڕۆژە ئەتۆمییەکان و پەرەپێدانی دەزگای ئەمنی و سیخوڕی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و مانەوەی خۆی. لەئێستادا ڕژیمی داماو و ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی لەئاست گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و لەئاست سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێکی جەماوەری بەهۆی قەیرانی ئاو و نەبوونی ئاوی خواردنەوە یەکجار نیگەرانە و دەیەوێت بە توندکردنەوەی سەرکوت، بە پەرەپێدانی ئێعدام، گرتن و بەندکردن و فشار، ڕێگریی لێ بکات. بەڵام بێگومان ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ئێران، ئەو دەرفەتە بەو ڕژیمە ئیسلامییە نادات کە تەمەنی بەرەو کۆتایی دەچێت و لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە