شەپۆلی ناڕەزایەتییەک کە دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا ئەمینی دەستی پێکرد، بوو بە ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و چووەتە ناو ١٨مین ڕۆژەوە. لەڕاستیدا کوشتنی ژینا ئەمینی چەخماخەیەک بوو کە باڕووتی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکی دژبە توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزیی داسەپاو بەسەر ژنان، دژبە گوشاری بێسنووری گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژبە بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەیاندە ئاستی تەقینەوە. ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانبار بە هۆکاری نەهاتنە مەیدانی چینی کرێکار دوای دە ڕۆژ خەوتەوە و ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ لەژێر گوشاری سەرکوتی خوێناویدا پاش یەک حەفتە دامرکا و ئاخێزی ئاو لە خووزستان و ئیسفەهان چەند ڕۆژ زیاتریان دەوام نەهێنا، بەڵام ئاخێزی مەهسا بۆ ١٨مین ڕۆژی بەردەوام هەروا درێژەی هەیە.
لەو جێگەوە کە قەتڵی ژینا بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی “گەشتی ئیرشاد” لە درێژەی مەنتقیی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژی ژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دا، ناڕەزایەتی دژبەم قەتڵە دەوڵەتییە دەستبەجێ بە بزووتنەوەی ژنان، بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بە بزووتنەوەی پێشڕەوی خوێندکارییەوە پەیوەندی خوارد. بەشداریی بەرچاو و پێشەنگایەتیی ژنان بە دروشم و کرداری سیمبۆلیک، ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان دژی جەنایاتی ڕێژیم و مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری بزووتنەوەی خوێندکاری دەرخەری ئەم واقعییەتەیە.
ژنانی ئازادیخواز بە وتنەوەی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی بەرابەری” و بە فڕێ دان و سووتاندنی لەچکە و سەرپۆش، نەتەنیا بنەما و پایەی ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییان وەلەرزە خست، بەڵکوو هێژمۆنیی فیکریی ئەم ڕێژیمە واتە ئایدیۆلۆژیی ئیسلام و کەلتووری پیاوسالارییان بردە ژێر پرسیارەوە و دایانڕماند. لەو جێگەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێگەی سەرەکیی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاستی جیهان دایە، هێرش کردنە سەر بنەماکانی ئایدیۆلۆژیکی ئیسلامی سیاسی لە ناوەندی دەسەڵاتەکەیدا، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی نەتەنیا لە ئێران بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردووەتە قۆناخێکی نوێوە. بێهۆ نییە کە چالاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە ئەفغانستان، کوردستانی سووریە، تورکییە، کوردستانی عێراق و لە لۆبنان بە پەیامی پڕگوڕوتین و بە ڕێکخستنی ئاکسیۆن و ڕێپێوان، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێران ڕاگەیاندووە.
ئاخێزی مەهسا ئەگەرچی گوڕوتین و هیوایەکی مەزنی لە کۆمەڵگەدا پێک هێناوە، بەڵام درێژە و پێشڕەوییەکەی لە گرەوی سەرانسەریتر بوونەوە، جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریدایە. هەر ئەندازە ئەم ئاخێزە سەرانسەریتر بێتەوە و پارێزگا و شاری زیاتر لە خۆ بگرێت، دەتوانێ لە چڕبوونەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە ڕێگری بکات. جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە مانعی ئەوە دەبێت کە هێزە سەرکوتگەرەکان بتوانن ڕێزی ناڕازییان پەرشوبڵاو بکەن و ئەم ناڕەزایەتییانە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. ئەگەر لە تاران و شارە گەورەکانی تری ئێران، خەڵک لە ئاستی دەیان و سەدان هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، دوژمن توانای بەرەنگاربوونەوەی نابێت. ئەگەر چینی کرێکار کە بێگومان دڵی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات، بە مانگرتنی سەرانسەریی بێتە مەیدان و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات، دەتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات.
مامۆستایانی خەباتکاری ئێران بە ڕێکخستنی دووهەمین مانگرتنی سەرانسەری و بە داخستنی مەدرەسەکان لە ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر و بە پشتیوانی کردنیان لە خوێندکاران بە ئامانجی مەحکووم کردنی سەرکوتگەری و تاوانی ڕێژیمی ئیسلامی، هەنگاوێکی زۆر بەنرخیان لەپێناو درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزەدا هەڵگرتووە. ئێستا هەموو نیگاکان بەرەو چینی کرێکارە لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەنعەت و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تا بە چەکی بەهێزی مانگرتن بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست بن.
هاوڕێیانی کرێکار!
ئێوە دەزانن کە کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسیەتی و یاسای دژبە ژنی کۆماری ئیسلامی کە بووەتە میحوەری سەرنجی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، بەردەوام خواستی کرێکارانی وشیار بووە. دیارە سەرکەوتن لەم بوارەدا کرانەوەیەکی مەزن لە کار و ژیانی هەموو ژنان واتە نیوەی چینی کرێکار و گشت کۆمەڵگە پێکدێنێت. بەڵام لەم ئاخێزەدا دروشم و خواستی ئازادی، بەرابەری و نان، کار، ئازادی لە شەقامەکان دەنگ دەداتەوە. ئازادی یانی ڕزگاریی یەکجاری لە چنگ دەسەڵات و حاکمیەتی ئابووری، سیاسی و کەلتووریی سەرمایە و سەرمایەداری، یانی ڕزگاری لە هەموو پەیوەند و موناسبات و ناوەندی چەوسێنەر و سەرکوتگەری کۆمەڵگەی بورژوازی. بەرابەری یانی بەرابەربوونی ئینسانەکان لە بەهرەمەندبوونیان لە ئیمکاناتی ماددی و لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامرازی بەهێزکردن و گەشەی توانای تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، بەرابەری لە بەرهەمهێنان و لە ژیان، بەرابەری لە دیاریکردنی چارەنووسی ئابووری، سیاسی و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە. کرێکاران، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بە هەنگاوی قورس و قایمی خۆتان پێ بنێنە مەیدانی ئەم ئاخێزەوە و ئاڵای خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەریی ئینسانەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت، نەتەوە و دین بگرنە دستی بەهێزی خۆتانەوە. هاوڕێیانی کرێکار، درووشمی “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی بەرابەری”، “نان، کار، ئازادی” ڕۆڵەکانی ئێوە لە شەقامەکان دەیڵێنەوە. ئێوە ناتوانن تەماشاچی بن کاتێک کە خوێنڕێژانی جەهل و سەرمایە دەنگی ئازادی و بەرابەری خوازیی ڕۆڵەکانتان بە خوێن کپ دەکەن.
کرێکارانی حەوت تەپە، کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمییەکان، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ئازەرئاب و هێپکۆی ئەراک، کرێکارانی ئۆتۆمبێل سازی، کرێکارانی مێترۆ، شۆفیرەکانی شیرکەتی واحید، شۆفیر کامیۆنەکان، کرێکارانی مەعدەن و ڕێگەی ئاسن و باقیی بەشەکانی چینی کرێکار، ئێوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆداری خۆتان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی بوون، بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستا پەیوەست بن و بە مانگرتنی خۆتان پاشەکشە بە هێزی سەرکوتی ڕێژیم بکەن، پێشڕەویی ئەم ئاخێزە زەمانەت بکەن و وڵامێکی بەتەوژم بە هەڵیت و پڵیتەکانی خامنەیی بدەنەوە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران