ڕۆژانی شەممە، یەکشەممە و دووشەممە بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵگە شایەدی ناڕەزایەتیی بەرین و سەرتاسەریی مامۆستایان بوو. لە ماوەی حەفتەدا “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران کردبوو کە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی مانگی ڕێبەندان، لەپنێاو مافە پێشێلکراوەکانیان دەست بدەنە مانگرتن. ئەم شۆرایە هەروەها داوای لە مامۆستایانی سەرانسەری وڵات کردبوو کە لە ڕێکەوتی ١١ی مانگی ڕێبەنداندا دەست بدەنە کۆبوونەوە. مانگرتنی دەیان هەزار مامۆستا لە پتر لە دووسەد شاری ئێران وڵامی گونجاوی ئەوان بە بانگهێشتی شۆرای هاوئاهەنگی بوو. مانگرتنی ئەم مامۆستایانە لە ناڕەزایەتی بە پەسندکرانی ناکامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی مامۆستایان و بەڕێوەنەچوونی لەلایەن دەوڵەت، بایەخنەدان بە گەڵاڵەی هاوسانسازیی خانەنشینکراوان، بەڕێوەنەچوونی ماددەی ٦٤ی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوزاریی وڵات، نەبوونی پەروەردەی بێبەرامبەر، نەدرانی پاداشتی کۆتایی خزمەتی ساڵی ١٤٠٠، ڕێگری لە دامەزرانی مامۆستایانی خەرید خەدەماتی ئامووزشی و وێڕای خواستی ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو بەڕێوەچوو. ئەوان لە هەموو ئەم شارانە هاواریان دەکرد “مەعیشەت، مەنزەلەت، مافی ڕەوای ئێمەیە”، “هەر وادە و بەڵێنمان بیست، عەداڵەتمانی نەبینی”، “مامۆستا ڕاپەڕە، بۆ نەمانی هەڵاواردن”، ” مامۆستا جێگای بەندیخانە نییە”، ” من ئەگەڕ ڕاپەڕم، تۆ ئەگەڕ ڕاپەڕی، هەمووان ڕادەپەڕن”.
لەئێستادا چەندین مانگە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بووەتە یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵگە. لەوەش گرینگتر مامۆستایان توانیویانە بەخاتری هەبوونی ڕێکخراوێکی سەرتاسەری ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتووتر لە ڕابردوو بکەن. ئەوان قۆناغی ئەم دوایانەی خەباتی خۆیان لە پێنج مانگ لەمەوبەرەوە لە پێنج شار دەستپێکرد و هێستا دوو حەفتە لەو کۆبوونەوانە تێنەپەڕیبوو کە ئەمجارەیان ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە پتر لە چل شار پەرەپێدا. لە مانگی بەفرانباردا مامۆستایان لە سەد و شازدە شار دەستیان دایە کۆبوونەوە و لەئێستادا دەیان هەزار مامۆستا لە دووسەد شار هاتوونەتە سەر شەقام. خودی ئەم بابەتە نیشانی دەدات کە سەرەڕای هەموو ڕەشبگیرییەکان، ئەنجومەن و ناوەندەکانی مامۆستایان لەژێر کاریگەریی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزێک کە لە نێوان جەماوەری خەڵک و ڕژیمدا پێکهاتووە، توانیویانە هەنگاوی ئەساسی لەپێناو سەرانسەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری هەڵگرن. لەبیرمان نەچێتەوە کە مامۆستایان بۆ ئەم پێشڕەویانە بەهای زۆریان داوە. دەیان کەس لە مامۆستایان لە زیندانەکانی ڕژیمدا بەسەر دەبەن و هەروا قورس و قایم لە مافەکانیان دیفاع دەکەن. لەئێستادا داخوازیی مامۆستایانی بەندکراو و داخوازیی نان و بژێو بە ئاشکراترین شێوە، بووەتە وتاری پەیوەندی “نان و ئازادی”. یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایان لەسەر سەکۆ و لە بەرامبەر هەزاران کەس لە مامۆستایانی مانگرتوودا دەڵێت “تا مامۆستای بەندکراو ئازاد نەکرێت، پەروەردە و بارهێنان ئاسایش بەخۆوە نابینێت. من ناتوانم دانیشم کاتکێ کچی ئیسماعیلی ئازیز کە حەوت ساڵ دووریی باوکی تەحەمول کردووە، دە ساڵی دیکەش تەحەمول بکات”، “وادە و بەڵێن بەسە، سفرەکانمان بەتاڵن”، بێگومان ئەم وتانە پەیوەندی “نان و ئازادی” بەڕوونی نیشان دەدەن. ئەم ئیرادەیە بۆ گەیشتن بە داخوازییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی مامۆستایان لەلایەن هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هەموو ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانەوە پشتیوانیی لێ بکرێت.
هەر ئەوەندە بەسە تا چاوێک لە داخوازییەکانی مامۆستایان بکەین تا بۆمان ڕوون بێتەوە کە زۆربەیان هەر ئەو داخوازیانەن کە بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاریش بۆ گەیشتنیان خەبات دەکەن. کاتێک ئەوان لەگەڵ ڕەوتی خسووسی سازی لە بواری پەروەردە دژایەتی دەکەن دەکەونە پەنا کرێکارانی حەوت تەپە، فوولادی ئەهواز، هێپکۆ، ئازەرئاب و کرێکارانی پەیمانیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، کە خسووسی سازییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک ئەوان خوزیاری پەروەردەی بێبەرامبەرن دەکەونە پەنا هەموو ئەو بنەماڵانە کە ڕۆڵەکانیان بەهۆی نەبوونی توانای دابینکردنی خەرجییەکان، دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و بە ئەرتەشی ملیۆنیی منداڵانی کار پەیوەست دەبن. کاتێک کە ئەوان باس لە هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان دەکەن، دەبنە دەنگی ملیۆنان خانەنشینکراو کە مووچەی خانەنشینیان چەند قات لەژێر هێڵی هەژاری دایە.
لەڕاستیدا مامۆستانی لەسەرکار و خانەنشینکراو وەک بەشێک لە چینی کرێکار لەژێر گوشاری هەژاری و فەلاکەتی ئابووریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دان. تەوەرۆمی هەوسارپچڕاو، گرانبوونی چەند بەرابەری پێداویستییە سەرەکییەکان، گوشار دەخاتە سەر ژیانی ئەوانیش. وێبسایتی هەواڵنێریی ڕوویداد دەنووسێت: “بەپێی لێکدانەوەی ئاماری ساڵانە، ڕادەی لەدەستچوونی توانای کڕینی بنەماڵەکان لە ساڵی ١٤٠٠دا گەیشتووتە باڵاترین ئاستی خۆی. ئەگەر لە ساڵانی شەڕدا، خەڵک بۆ دابینکردنی خۆراک لەگەڵ کەمبوونی کاڵا بەروڕوو بوون، ئەمساڵ قاتی و نەبوونی نەک بەخاتری کەمبوونی کاڵا بەڵکوو بەخاتری گرانی و نەبوونی هاوسەنگیی ئاستی حەقدەستەکان لەگەڵ ڕێژەی تەوەرۆمە”. لەخۆڕا نییە کە مامۆستایان باس لە ژیانی خانەنشینکراوان دەکەن کە مووچەکانیان دوو بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری دایە و لە بیمەی کارامە بێبەرین. ئەوان خوازیاری زیادکرانی مووچەی مامۆستایانی بەشی خسووسی لە مەدرەسە غەیرە دەوڵەتییەکان، مامۆستایانی نێهزەتی سەوادئامووزی و خەرید خەدەماتین. ئەوان دەڵێن باروودۆخ و کوالیتیی بواری پەروەردە قەیراناوییە و نەبوونی کەرەستە و پێداویستیی بووەتە هۆی بەجێمانی زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵ لە خوێندن. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە چوونەسەرەوەی ئاستی مووچە و حەقدەستی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان و کرێکاران و زەحمەتکێشان پشتیوانی دەکەن و ژیانی شەرافەتمەندانە بە مافی هەمووان دەزانن.
هەڵبەت هەژاری و فەلاکەت و مووچەی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، تاکە نیگەرانیی مامۆستایان نییە. ئەوان ناوەرۆکی خورفایی کتێبە دەرسییەکان و خسووسی سازیی پەروەردە و بارهێنانیشیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. هەموو ئەم داخوازییانە و وەها ئاسۆگەلێکی ئینسانی و ئازادیخوازانە بووەتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان وەک یەکێک لە بزووتنەوە بەهێز و سەرتاسەرییەکان لە کۆمەڵگەدا دەرکەوێت. بێگومان دەتوانین بڵێین کە گرینگترین تایبەتمەندیی ئەم هێزە بەهرەمەندبوون لە ڕێکخراوێکی سەرانسەریی و هەبوونی ڕێبەرانی سەرانسەرییە. بابەتێک کە وڵامدانەوە پێی، بووەتە یەکێک لە گرینگترین و سەرەکیترین ئەرکی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی دیکە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران