نزیکەی ٥٠ خوێندکاری زانکۆی هونەر لە تاران لە ناڕەزایەتی بە زۆرەملێکردنی سەرپۆش (مەقنەعە) لە حەوشەی ئەو زانکۆیە مانیان گرت و سەرەڕای جێگیربوونی هێزەکانی ئینتزامیی ڕژیم و لێدانیان لەلایەن هێزەکانی حەراسەتەوە ،درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان دا.
بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران، لە سەرەتای ئەو مانگرتنە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردان دەستی پێکرد، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆ، هەڕەشەی لە خوێندکاران کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دەرگای زانکۆ لە هێزەکانی ڕێژیم دەکاتەوە، بەڵام خوێندکاران درێژەیان بە مانگرتن دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی خویندکاران، ئاوی زانکۆی هونەریان پچڕاند و ئاودەستەکانی ئەو زانکۆیەیان لەسەر خوێندکاران داخست.
لە درێژەی مانگرتنی خوێندکاران، کاتژمێر ٢ و ٣٠ خولەکی بەربەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان، بەرپرسی حەراسەتی زانکۆی هونەر، هێرشی کردووەتە سەر خوێندکاران و ئەوانی بەر لێدان داوە و بەو هۆیەوە چەند خوێندکار بریندار بوون.