فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی سەرانسەریی پزیشکانی پڕۆژەیی ناوچە بێبەشەکان
شەممە ۱۶-۱۱-۱۴۰۰   |  05-02-2022

پزیشکانی پڕۆژەیی ناوچە بێبەشەکان بە درێژەدانی مانگرتن، هەروا پەیگیری خواستەکانیانن. ئەم پزیشکانە لە چەند ڕۆژ لەوەپێشەوە لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی کارانە و ئاستی لەخوارێی مووچەکانیان مانیان گرتووە. پزیشکانی مانگرتوو بە بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆ لەپێوەند لەگەڵ درێژەی ئەم باروودۆخە و کاریگەرییەکانی لەسەر سڵامەتی کۆمەڵگا هۆشداریان داوە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی پزیشکانی پڕۆژەیی، پسپۆڕانی پڕۆژەیی زەریب کار لە ناوچە بێبەشەکان، لە چەند مانگ لەوەپێشەوە دەستی پێکردووە.

ئەم پزیشکانە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠وە لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی کارانە و حەقدەستەکانیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و مانیان گرتووە و لەگەڵ دەستپێکی مانگرتنی سەرانسەری لە ڤیزیتی نەخۆشانی غەیرە ئوورژانسی خۆیان بواردووە.

بەوتەی ئەم پزیشکانە، ئەگەر مووچەکانیان لە نێوان ٨ تا ١٠ ملیۆن تمەن بێت، کارانەی نزیک بە ٥ ملیۆن تمەن دوای شەش مانگ دواخران وەردەگرن. بەڵام ماڵیاتێک کە بەر ئەم مووچانە دەکەوێت وا لە پزیشکان دەکات کە لە ناوچە بێبەشکان و نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان کار نەکەن.

پزیشکانی پرۆژەیی لەبوارەکانی پزیشکی ناوخۆ و دەمار و دڵ و و ئورۆلۆجی و پزیشکیی منداڵ و چاو و چەند بوارێکی دیکەدا کار دەکەن. ئەوان وێڕای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیان، لەڕێگەی نیشاندانی بەنێرەوە خواستەکانی خۆیان دەربڕیوە.

ڕۆژنامەی ئێران لە ١٠ی ڕێبەنداندا نووسیی: “پزیشکی پسپۆڕ لە تاران لە ناوەندە خسووسییەکان ١٠ لەسەد ماڵیات دەدات بەڵام پزیشکێکی پسپۆڕ کە لە ناوچەیەکی دوورەدەست و بێبەش خزمەت دەکات، پێویستە ٣٥ لەسەد ماڵیات بدات”.