فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بەهێزەوە بەردەوامە
یەکشەممە ۱۰-۰۲-۱۴۰۲   |  30-04-2023

مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت، گاز و پێترۆشیمی، کە لە ڕۆژی هەینی ئەوەڵی مانگی گوڵانەوە دەستیپێکرد زۆر زوو بەشەکانی دیکە لەوانە سەنعەتی مس، پۆڵا، ماشێن سازی، ئیسفاڵت، بەرق، ئێنێرژی و پاڵاوگەی تارانی گرتەوە. ئەم مانگرتنە بە دوو خواستی خێرای بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست و بەکردەوەدەرهێنانی گەڵاڵەی ٢٠ ڕۆژ کار و ١٠ ڕۆژ پشوو و چەندین داخوازیی دیکە دەستیپێکرد. هەتا ڕۆژی هەینی ٨ی گوڵان زیاتر لە ١٠٥ کارخانە، پاڵاوگە، وزەخانە، کارگە، شیرکەت و ناوەندی کرێکاری لە شارە جۆراوجۆرەکان بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە لە لایەن کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکان لەوانە کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و باقیی توێژەکانی تری کۆمەڵگاوە پشتیوانی لێکراوە.

شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە وێڕای تەئکید لەسەر ئەوەیکە “ڕۆژانە کرێکارانی زیاتر بەم مانگرتنە پەیوەست دەبن”، ڕایگەیاند کە مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت هەروا بەهێزەوە بەردەوامە. لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بە هەوڵ و پیلانی دامودەزگای ئەمنیەتیی ڕژیم و جەریاناتی سست بۆنیاد بۆ ئاڵودەکردنی فەزای مانگرتن و تەفرەقەنانەوە لەناو کرێکاران، ڕاگەیەندراوە کە: “ مانگرتن و گردبوونەوە دوو بەشی تەواوکەری خەباتی ئێمەن. ئێمە جەمعی بڕیار دەدەین و یەکگرتووانە هەنگاو هەڵدەگرین. ئێمە کرێکاران ژان و خواستی هاوبەش و دوژمنی هاوبەشمان هەیە. پێیویستە پێکەوە بین بۆ ئەوەی نەتوانن لێکمان جیا بکەنەوە”.

بەدوای دەستپێکی مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت، گاز و پێترۆشیمی، لە ژمارەیەکی تر لە ناوەندە کرێکارییەکانیش مانگرتن و ناڕەزایەتی بەرپا کراوە. ڕۆژی سێشەممە ٥ی مانگی گوڵان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی “وێڵ سێرویسز” لە ناڕەزایەتی بە وەدینەهاتنی داخوازییەکان و نەدرانی حەقدەستەکانیان لە ئەهواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەروەها زەرەرمەندانی شیرکەتی “سەنگەرسازانی نور” لە هەمان ڕۆژدا لە ئیعتڕاز بە جێبەجێنەکرانی خواستەکانیان لە بەرامبەر ناوەندی قەزایی قدوسی لە تاران دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ڕۆژی چوارشەممەش چەندین مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی تر لە ئیسفەهان، شیراز و ئەهواز دەستیپێکرد. کرێکارانی شیرکەتی دیزاین و ساختمانی نەوت “ئۆ.د.س.س” لە ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی بە زیادنەکرانی حەقدەست، دەستیان دایە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد. لە هەمان ڕۆژدا خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی خوزستانیش بەهۆی جێبەجێنەکرانی داخوازییەکانیان لە ئەهواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و بە وتنەوەی دروشم دژبە دەوڵەت خواستەکانیان دووپات کردەوە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک لە پەرستارانی زانکۆی علومی پزیشکیی شیراز لەڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆبۆنەوەی ناڕەزایەتی خاهانی بەڕێوەچوونی دروستی تەعرەفەگوزاری خەدەماتی پەرستاری و نەمانی هەڵاواردن لە نیزامی دەرمانیدا بوون.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە شەشی مانگی گوڵان ٣٥ ڕێکخراوی خوێندکاری، گرووپەکانی خەباتی شاری، ناوەندە مەدەنییەکان، لاوان و چالاکانی مافی ژنانی کوردستان، ورمێ، شیراز، ڕەفسەنجان، تاران، زاهدان، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی کرێکاران ڕاگەیاند و لەسەر بەردەوامبوونی مانگرتنی کرێکاری هاوهەنگاو لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەرانسەری وەک تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە چەوسانەوە و سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەئکیدیان کرد. ٣٥ ڕێکخراوی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە ڕایانگەیاند: “ئێمە کە لەم حەوت مانگەدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە شەقام و لە زانکۆ و لە مەدرەسەکان دژبە کۆماری ئیسلامی خەباتمان کردووە و شۆڕشمان بەرەوپێش بردووە، خۆمان بە هاوسەنگەری کرێکاران دەزانین.

مانگرتنی و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئەم دوایانە لە ئێران لەو کاتەوە پەرەی سەند کە “شۆرای باڵای کار”ی دژەکرێکاریی ڕژیمی ئیسلامی لە هێرشێکی وەحشیانەی دیکەدا بۆسەر کرێکاران، بردنەسەری لانیکەمی حەقدەستی بۆ ئەمساڵ ٢٧ لەسەد واتە پێنج ملیۆن و چوارسەد هەزار تمەن ڕاگەیاند. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بەپێی ئاماری ناوەندە ماڵییەکانی خودی ڕژیم کە هەمیشە بەپێی تێبینیی ئەمنیەتی ڕێژەی تەوەرۆم کەمتر ڕادەگەیەنن، بۆ بەشی خواردەمەنیی ڕۆژانەی خەڵک، ڕێژەی تەوەرۆمیان لە سەرووی ٦٠ لەسەد و هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی سێ کەسییان ١٣ ملیۆن تمەن بەراورد کردووە. بەهۆکاری ئەم بابەتە کرێکاران لەم مانگرتنەی ئێستادا خوازیاری بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەستن. داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاران لە حاڵێکدایە کە سەرمایەداران، ڕێبەران و کاربەدەستانی حکوومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی، مەسئولانی سپای پاسدران و هێزە ئەمنیەتییەکان و سەدان ئاخوندی مفتەخۆر بەبێ ئەوەیکە هیچ زەحمەتێک بکێشن، لەڕێگەی تاڵانکردنی بەرهەمی کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ژیانێکی ئاسودە و ئەعیانییان پێکهێناوە.

لە بارودۆخی ئێستادا کە مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بۆ حەوتەمین ڕۆژی بەردەوام هەروا درێژەی هەیە، پاراستنی یەکگرتوویی و هاوپشتیی کرێکاران یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری لە جەریانی ئەم مانگرتنەدایە. لەئێستادا کە زیاتر لە ١٠٥ پاڵاوگە، شیرکەت، وزەخانە و ناوەندی بەرهەمهێنان لە مانگرتندان، خۆڕاگری بەرانبەربە گوشار و تەفەرەقەنانەوەی هێزەکانی حەراسەت و باقیی ناوەندەکانی حکوومەت، پاراستنی پەیوەندی نزیکی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکان و دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆیان لە بڕیاردان سەبارەت بە هەر ئاڵوگۆڕێکی تازە کە دێتە پێش، ڕەمزی پاراستنی وەحدەت و یەکپارچەیی کرێکارانە. پێویستە لەم مانگرتنەدا کۆبوونەوەی گشتیی کرێکاران بەرێوەبچێت. تەنیا لەم ڕێگەوەیە کە دەکرێت پیلانی دەوڵەت و خاوەنکاران بۆ پشتگوێخستنی داخوازیی کرێکاران و فریو و تاکتیکەکانیان بۆ تەفرەقەنانەوە و تێکشکاندنی مانگرتن پووچەڵ بکرێتەوە.

کرێکارانی مانگرتووی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بە خواستی میحوەریی بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست لەڕاستیدا ئاڵای داخوازیی مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکاری ئێرانیان بەرز کردووەتەوە. ئەم مانگرتنە شکۆدارە لە باقی بەشەکانی تری چینی کرێکار دەخوازێت کە لەڕێگەی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری دژبە حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، پشتیوانی و هاوپشتیی خۆیان ڕاگەیەنن. پێویستە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بکەینە ڕۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتی و مارشی شەقام بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و بۆ هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co