
مانگرتنی شکۆمەندی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و گاز کە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی مانگی جۆزەردان دەستیپێکرد، هەتا ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی مانگی پووشپەڕ هەروا درێژەی هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. مانگرتنی دەیان هەزار کرێکاری ئەم سەنعەتە سەرەکییە لە ١٢٣ شیرکەتی نەوت و گاز لەوانە لە شارەکانی عەسەلوویە، بووشێهر، ماهشەهر، کەنگان، سیرجان، ئیلام، دەشت عەباس، یەزد، کرماشان، تاران، و شوێنەکانی تر درێژەی هەیە. کرێکاران سوورن لەسەر ئەوەیکە هەتا دەستەبەرکردنی هەموو داخوازییەکانیان مانگرتنیان درێژە بدەن. سێ خواستی سەرەکیی کرێکاران بریتین لە: لەسەرکارلاچوونی پەیمانکارانی مفتەخۆری واستە و کۆرتکردنەوەی دەستی ئەوان لە دەخاڵەت و تاڵانکردنی بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران، بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی “١٤ ڕۆژ کار – ١٤ ڕۆژ پشوو” و بردنەسەری حەقدەست بەپێی ڕێژەی تەوەرۆم و هەزینەی سەبەدی بنەماڵەیەکی چوار کەسی. بەو پێیە، کرێکاران بە سەرەنجدان بە پەرەسەندنی بەرینی گرانی و تەوەرۆم خوازیاری بردنەسەری لانیکەمی حەقدەست بە ڕێژەی ٤٥ لەسەد بۆ هەموو ئاستەکانن. بەشێکی تر لە خواستەکانی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت و گاز باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کار بۆ نموونە باشترکردنی وەزعی خابگاکان، کوالیتیی خۆراک، ئیمکاناتی تەندروستیی گشتی خابگاکان (تەوالێت و حەمام)، کەرەستەی ساردکردنی ئاو و هەوا لە شوێنەکانی کار و ژیان و هەروەها ئیمەنیی شوێنی کارە. نەبوونی ئەم ئیمکاناتە بووەتە هۆی نائەمن بوون و ناسالم بوونی شوێنی کار و بەداخەوە هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی دیکە لە کرێکاران زیانیان بەردەکەوێ و یان دەکەونە بەردەم مەترسی تووشبوون بە ئەنواعی نەخۆشییەوە.
کرێکارانی پەیمانیی نەوت و گاز سەرەڕای کاری تاقەت پڕووکێن هیچ جۆرە ئەمنیەتێکی کاریان نییە. بەشێوەی پەیمانی و کاتی دادەمەزرێن و هەرکات خاوەنکار بیهەوێ لەسەر کار دەریان دەکات. هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەوان بۆ خواستەکانیان دەست دەدەنە ناڕەزایەتی و مانگرتن. ئەوان لە ساڵی ٩٩دا کەمپەینێکی مانگرتن بە بەشداری زیاتر لە ٤٥ هەزار کرێکاریان بەخواستی بردنەسەر و وەدوانەخستنی حەقدەستەکان خستە ڕێ. ساڵی ١٤٠٠ و گوڵانی ساڵی ١٤٠٢ش کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان مانگرتن و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. بەڵام ناڕەزایەتییەکانیان لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بایەخێکی پێنەدراوە و بە ئاکام نەگەیشتووە. ئەوان ڕۆژی یەکی جۆزەردانی ئەمساڵیش لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ڕایانگەیاند: ”چەند دەیەیە مافەکانی ئێمە کرێکارانی نەوت لەلایەن مافیای پەیمانکارانەوە پێشێل کراوە. لەم سەنعەتە گرینگەدا بابەتی سەرەکی تاڵانکردنی هەرچی زیاتری ژیانی ئێمە و ملهوڕی کردنی زیاترە. بەشێک لە شەڕی ئێمە دژبە فەزای پادگانیی حکوومەت لە ناو شیرکەتەکاندایە. ئەگەر هەتا کۆتایی مانگی جۆزەردان وڵاممان پێ نەدرێتەوە و حەقدەستەکانمان زیاد نەکرێن، ناڕەزایەتییەکانمان بەشێوەی بەرینتر درێژە دەدەین”. کرێکاران لە ٣٠ی جۆزەرداندا هۆشدارەکەیان بەکردەوە دەرهێنا و بە “کەمپەینی ١٤-١٤” مانگرتنیان بەشێوازی بەرینتر بەرپاکرد و هەتا ئێستا هەروا درێژەی هەیە.
درێژەی مانگرتنی کرێکارنی پەیمانیی نەوت و گاز بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ و لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران هیچ ئیمکانێکی ماڵیی دیکەیان نییە و یەکجار لەژێر گوشاردان، پەڵەیەکی شەرمەزاریی دیکەیە بە ناوچاوانی حکوومەتی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامییەوە. ئەم کرێکارانە بۆ دیفاع لە مافی خۆیان بەرامبەر بە خاوەنکارانی زەرووسفەت و دامودەزگاکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ناچارن مانگرتن هەتا وەدیهێنانی خواستەکانیان درێژە بدەن. کرێکاران بە ئیرادەی بەهێز و بە پشت بەستن بە هێزی مەزنی چینایەتییان دەیانهەوێ مافی خۆیان لە گەرووی دەوڵەت و خاوەنکارانی مفتەخۆری سەربە ڕژیم دەرکێشن. لەلایەکی دیکەوە لەم ماوەیەدا حکوومەتی ئیسلامی لەجیاتی جێبەجێکردنی داواکاریی کرێکاران، بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز و وەڕێخستنی کەشوهەوای سەرکوت و تۆقاندن هەوڵ دەدات دەنگی ناڕەزایەتییان کپ بکات و ناچاریان بکات بچنەوە سەر کار بە بێ ئەوەیکە داخوازیەکانیان بێنێتە دی. بەڵام هەڕەشەی دەرکردن لە کرێکاران، ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز بە ئامانجی پەروەندەسازی بۆ کرێکاران و پێکهێنانی فەزای ئەمنیەتی و تەنانەت ڕفاندنی چالاکانی کرێکاری، هەتا ئێستا بۆ ڕژیم و خاوەنکاران هیچ ئاکامێکی نەبووە و نەیتوانیوە یەکگرتوویی و هاوپشتیی کرێکاران تێکبشکێنێت.
مانگرتنی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و گاز لە کاتێکدا درێژەی هەیە، کە کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە ناوچەی عەمەلیاتیی “لاوان”یش ڕۆژی هەینی ٢٩ی مانگی پووشپەڕ بۆ چەندومین ڕۆژی بەردەوام دژبە وەدینەهاتنی خواستەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. بەشێک لە داخوازییەکانی ئەم کرێکارانە: ”گۆڕینی لانیکەمی حەقدەست، ناعادڵانەبوونی لانیزۆری حەقدەست، دەرکردنی مودیرانی نالایق، دەستدرێژی نەکردنی دەوڵەت بۆسەر سندووقی خانەنشینانی نەوتە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە فریوکارانە دەیهەوێ قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی حکوومەت و وڵامنەدانەوە بە خواستی کرێکاران بە هەراوهەنگامەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان و بە کێبەرکێ و شەڕی دەسەڵات لەنێوان باڵە دز و گەندەڵەکانی ڕژیمی ئیسلامی و بە دانانی مۆرەیەکی بێ خاسیەتی وەک پزیشکیان لەسەر کورسیی سەرۆک کۆمار، داپۆشێت. بەڵام بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بزووتنەوەیەکی چالاکی کۆمەڵایەتی بە نەوەیەکی نوێ لە ڕێبەرانی بەئەزموون و هوشیار لەئاست بەرژوەندی چینایەتی و بە پشت بەستن بە هێزی هاوپشتی و ڕێکخستنی کرێکاران، تاکتیکە دژەکرێکارییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی شکست دەکاتەوە و بە گەشەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەتایبەت لە سەنعەتە سەرەکییەکان، داخوازییەکانی بەسەر حکوومەت و خاوەنکارانی ڕانتخۆریدا دەسەپێنێت. ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری لە جەرگەی ناڕەزایەتیی بەشە کرێکارییەکانی دیکە لەوانە موعەلیمان و خانەنشیان، خوێندکاران، ژنانی تێکۆشەر و پەرستارانی زەحمەتکێش، بە پەرەپێدانی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران دەتوانن دەزگای سەرکوتی ئەم ڕژیمە دز و گەندەڵە زەمینگیر بکەن و ڕەوتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی بەسەرەنجام بگەیەنن و حکوومەتی ئیسلامی بۆ هەمیشە بخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە و لەسەر وێرانەکانی دەسەڵاتی خۆیان دامەزرێنن.