فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی کرێکارانی گرووپی سەنعەتی فوولادی ئەهواز؛ “وتبوومان کە دێین، ئەمە سەرەتای ڕێگایە”
سێشەممە ۰۵-۱۰-۱۴۰۲   |  26-12-2023
مانگرتنی کرێکارانی گرووپی سەنعەتی فوولادی ئەهواز؛ “وتبوومان کە دێین، ئەمە سەرەتای ڕێگایە"

دوای ئەوەیکە “عەلی محەممەدی” مودیر عاملی گەندەڵی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولادی ئەهواز ٢١ کرێکاری لە چوون بۆناو شیرکەت قەدەغە کرد و گەڵاڵەی ڕیزبەبەندیی پیشەی بەڕێوەنەبرد، بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ کرێکارانی گرووپی میللیی فوولاد بۆ جارێکی تر دەستیان دایە مانگرتن و لە هەموو بەشەکاندا هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان ڕاگرت. کرێکارانی مانگرتوو وێڕای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە بەرابەر دەفتەری بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت و دواتر لە بەرابەر دەفتەری جێگری فەنی شیرکەت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و بە مودیرعامل ئۆڵتیماتۆمیان دا کە دەبێ لابردنی قەدەغەی کرێکاران و ئیجرای کامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشە ڕاگەیەنێت. بەڵام بەهۆکاری ئەوەیکە مودیر عامل وڵامی خواستی کرێکارانی نەداوە، لەم ناوەندە ڕاویان نا. کرێکارانی فوولاد داوای ڕاونانی بەڕێوەبەری شیرکەت، بەمەبەستی ڕاکێشانی پشتیوانیی خەڵک لە کارخانەوە تا مەیدانی بەقایی، سەرەتای جادەی ئەهواز – خورەمشار ڕێپێوانیان کرد و بە دروشمی بەهێزی وەک “ئێمە کرێکارانی فوولاد بەرەنگاری زوڵم و بێداد دەبینەوە” دووبارە بەرەو کارخانە گەڕانەوە. بەمجۆرە کرێکارانی فوولاد لە جەریانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی خۆیاندا لێبڕاوانە لەسەر لابردنی قەدەغەی هاوکارانیان و ئیجرای دەستبەجێ و کامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشە پێداگرییان کرد و ڕایانگەیاند کە بە یەکگرتوویی و هاوپشتی هەتا وەدیهێنانی خواستەکایان لە خەباتیان بەردەوام دەبن. لە کاردانەوە بە مانگرتنی کرێکاران شەوی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت بە هاوکاریی هێزەکانی حەراسەت کارتی چوونەژووری ١٧ کرێکاری دیکەشیان مەسدوود کرد و بەمجۆرە هەتا ئێستا ٣٨ کرێکار بە هۆی پێداگری لەسەر خواستەکانیان لە کار تەعلیق کراون. کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی بەفرانبار بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتی بە تەعلیقی ٣٨ هاوکاریان درێژەیان بە مانگرتن دا. کرێکارانی مانگرتوو بە وتنەوەی درووشمی “کێشەمان چارەسەر نەبێ، ئەهواز قیامەت دەبێ”، “سفرەمان بەتاڵە، زوڵم و ستەم بەسە”، “ئێمە کرێکارانی فوولاد بەرەنگاری زوڵم و ستەم دەبینەوە” لەسەر درێژەی خەبات هەتا گەیشتن بە خواستەکانیان تەئکیدیان کرد. کرێکارانی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولادی ئەهواز بەم مانگرتن و ڕێپێوانەی خۆیان وەرزێکی تازەیان لە ئیتحاد و هاوپشتی و خەبات بۆ پەیگیریی خواستەکانیان دەستپێکردووە.

هەر لەو پەیوەندەدا یەکێک لە کرێکارانی فوولاد لە یادداشتێک کە لە سەفحەی تێلێگرامیی “دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولاد”دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسێ: “ئەم شیرکەتە گەورەیە مۆرە مافیاییەکان بەم ڕۆژەیان گەیاندووە. ئەوکات کە هاوارمان دەکرد ئاڵقەکانی مافیای فوولادی سەربە سپا و ژووری بازرگانی، خووزستانیان خستووەتە ناو قەیرانەوە، هیچ مودیرێک هیچ نوێنەرێک دەنگی کرێکاری نەبیست. ئەمڕۆ ئیتر بانکی میللی و هەیئەتی مودیرە و ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی بەسیج و سپا و حەراسەت بۆیان نییە باس لە هێڵەکانی بەرهەمهێنان بکەن. ئەویش بۆ کرێکارانێک کە لەسەر هەر شمش و میلگەرد و لوولەیەک و هەر سەعاتێکی کار ئازاریان چێشتووە و گەلێک جار لەئاست قەرزە ساختەکان هاواریان کردووە. ئەم گەندەڵە ئابوورییانە کە لە جلی مودەعیانی خاوەنکار و پیشەسازاندا دەردەکەون، تەنانەت بەپێی “فوولادی ئۆکسین”یش ناتوانن حەقدەستەکان بدەن و لە جیاتی پێدانی حەقدەست هاوکارانی زەحمەتکێشی ئێمە یەک لەدوای یەک بۆ جەلەساتی ئەمنیەتی دەعوەت دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کرێکارانی فوولاد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سەنعەتە زۆر لە خۆیان شایستەترن و دەتوانن بە ڕیشەکێشکردنی ڕانت و گەندەڵی، نەتەنها شیرکەتەکان بە قازانجی کەڵان بگەیەنن بەڵکوو دەتوان هەموو خووزستان و ئێرانیش لە سوود و نیعمەتەکانی دەستڕەنجی کرێکاران بەهرەمەند بکەن. ئەمڕۆ سەلماندمان کە دەستدرێژی بۆسەر مافی کرێکاران و بایەخ نەدان بە داخوازییەکانیان چ ئاکامێکی دەتوانێ هەبێت.”

ئەم مانگرتنە یەکگرتووانە و شکۆدارەی کرێکارانی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولاد لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا سازمان دراوە. ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ناوەندە سەنعەتییە لە هەر دوو شیفتی بەیانی و دوای نیوەڕۆ لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشە لە چوون بۆ ساڵۆنەکانی غەزاخۆری شوێنی کار و لە خواردنی غەزای ڕۆژانەیان خویان بوارد. دوای کارشکێنیی مودیری عاملی ئەم شیرکەتە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی مانگی خەزەڵوەر ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکانی شیرکەت بە ڕاگرتنی چەند سەعات هێڵی بەرهەمهێنان، لە بەرامبەر ساختمانی مودیریەت کۆبوونەوە و یەکدەنگ خوازیاری جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشە و گەڕانەوەی کرێکاری دەکراو “کەریم سیاحی” بوون. لە درێژەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی خەزەڵوەر، کرێکارانی هەموو بەشەکانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز لە ناڕەزایەتی بە بایەخ نەدانی بەڕێوەبەری شیرکەت بە خواستەکانیان، لە مەحەلی شیرکەت کۆبوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و بۆ جارێکی تر لەسەر خواستی هاوسانسازیی حەقدەست، بەڕێوەبردنی کامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشە و گەڕانەوە بۆسەر کاری هەموو کرێکارانی دەرکراو تەئکیدیان کرد. کرێکارانی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولاد لە مانگی خەزەڵوەردا ڕایانگەیاند: “ئەگەر سەرەتای مانگی بەفرانبار خواستی ئێمە کرێکاران واتە ئیجرای کامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندی و هاوسانسازیی حقووق نەیەتە دی، بە بێ بایەخدان بە هەر جۆرە هەڕەشە و بەڵێن و هەر میزان واریزی، پەیگیری مانگرتن دەبین.”

مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولاد و ئیعتڕازاتی کرێکاری لە مانگەکانی ڕابردوو و بەتایبەت یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، ئیعتڕازاتی ئیدامەداری کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی و مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، بەڕوونی نیشانی دەدات کە شەپۆلی ئێعدامەکان و ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەرکردنی حوکمی شەللاق بۆ کرێکاران، هێرش بۆسەر ژنانی بێحیجاب و تەعەڕوزی بەرنامەڕێژیکراو و ڕێکخراو بۆسەر بزووتنەوەی خوێندکاری نەتەنها نەیتوانیوە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران چاوترسێن بکات، بەڵکوو ئەم بزووتنەوەیە بە هەنگاوی قورس و قایم هەروا بەرەوپێشەوە دەڕوات و هەژاری بێوێنەی ئابووری جامی سەبری کرێکارانی لێوڕێژ کردووە. کرێکاران چیتر نایانهەوێ وەک ڕابردوو بژین و تاڵان بکرێن.

گەشەی مانگرتن و ناڕەایەتیی کرێکاران حەتمی و چارەهەڵنەگرە. چونکە نە ڕژیمی ئیسلامی وڵامێکی بۆ داخوازیی کرێکاران هەیە و نە کرێکاران هیچ ڕێگایەکیان بۆ پاشەکشەکردن هەیە. لە جەریانی مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان لە بەیاننامەیەکدا ڕاشکاوانە تەئکیدیان کرد کە “گاردی ویژە و باتۆم ئیتر کاریگەر نییە”. هەروەها ڕایانگەیاند: “لەبیرتان نەچێ چەرخەکانی ئەم سەنعەتە بە دەستی ئێمە دەسووڕێ و بە دەستی ئێمەش ڕادەگیرێ”. کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادیش لە جەریانی مانگرتن و ڕێپێوانی خۆیاندا ڕایانگەیاند: “ئێمە کرێکارانی فوولاد بەرەنگاری زوڵم و بێداد دەبینەوە”. خانەنشینانیش ئەم دروشمەیان کردە ئاڵای خەباتی پەیگیریان: “تەنها لەسەر خەیابان، بەدەست دێنین مافمان”. ئەم لێبڕواوبوونە لە بەدواداچوونی داخوازییەکان و ئەم سۆزە خەباتکارانەیەی کرێکاران لە بارودۆخێکدا کە لەگەڵ دامرکانی ئیعتڕازاتی خەیابانی، سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئیدێئۆلۆگەکانی چینی مامناوەند بە درۆنانەوە ڕووحیەی دڵساردی و بێهیوایی پەرەپێدەدەن، ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە زیندوو ڕاگرتن و لە بەهێزکردنی گوڕوتینی خەبات و پاشەکشە کردن بە هەوڵەکانی ڕژیم لەپێناو ئەمنیەتی کردنی کۆمەڵگا هەیە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co