
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممە، سەندیکای “ڤێردی” لە ١١ فڕۆکەخانەی گەورەی ئاڵمان بە داخوازی بردنە سەری حەقدەست مانگرتنی ڕاگەیاند و بەهۆی ئەم مانگرتنەوە ٣ هەزار و ٤٠٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆتە، سەرجەم کارمەندانی خزمەتگوزاریی گشتی، خزمەتگوزاریی زەمینی و ئاسایشی فڕۆکەوانی مانیان گرتووە. هاوکات سەندیکای ڤێردی داوای زیادکردنی مووچەی 8%ـی کارمەندەکان دەکات، کە لانیکەم دەکاتە ٣٥٠ یۆرۆ لە مانگێکدا، هەروەها ٣ ڕۆژیش مۆڵەتی داوە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کرێکار کە تا ئێستا خاوەنکارەکان هیچ ئۆفەرێکیان پێشکەش کارمەندەکانیان نەکردووە. جێگای ئاماژەیە، سەندیکای ڤێردی، لە پێنج سەندیکای کرێکارانی ئەڵمان پێک هاتووە و ئەندامی یەکێتیی ئاڵمانە بۆ سەندیکای کرێکاران ‘DGB’، کە نزیکەی ١ ملیۆن ٩٠٠ هەزار ئەندامی هەیە و بە دووەم گەورەترین سەندیکای ئاڵمان دادەنرێت.