فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی گشتی لە کوردستان دژبە حوکمەکانی ئێعدام، لاپەڕەیەکی دیکە لە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان
چوارشەممە ۰۳-۱۱-۱۴۰۳   |  22-01-2025

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژبە حوکمەکانی ئێعدام دەستیان دایە مانگرتن. خەڵکی خەباتکار و ئازادەی کوردستان لەم ڕۆژەدا بە داخستنی بەشێک لە ناوەندەکانی کار و دووکانەکان، ئیدارەکان و خوێندنگاکان بێزاری و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی حوکمەکانی ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی نیشاندا و لاپەڕەیەکی دیکەیان بە مێژووی خەبات و خۆڕاگری دژبە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاد کرد.

مانگرتنی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان کە لەلایەن هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و باقیی حیزب و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە کوردستان بانگەوازی بۆ کرابوو، لە درێژەی دوو هەفتە ناڕەزایەتیی بەردەوامی ناوەند و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنیشینان، خوێندکاران، کەمپەینی دیفاع لە ئازادیی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و بەیاننامەی ناڕەزایەتیی هەزاران کەسایەتی و چالاکی بوارە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران، لە دەرەوەی وڵات و لە هاوپشتی لەگەڵ “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە زیاتر لە یەک ساڵە بە داهێنان و هیمەتی بەندکراوانی سیاسی لە دەیان زیندانی ئێران لەئارادایە، بەڕێوەچوو.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی لە کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر لەوانە بانگکردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە ناسراوەکان و بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز هەوڵی دا ناڕەزایەتی و ئیعتڕازی خەڵکی کوردستان دژبە حوکمی دژەئینسانیی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دامرکێنێ و ئەوان لە بەڕێوەبردنی مانگرتن پاشگەز بکات. بەڵام سەرەڕای ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیەی ڕژیم، خەڵکی ئازادیخواز لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان بە بانگەوازی مانگرتنی گشتی وڵامی ئەرێنییان دایەوە و بە کۆماری ئیسلامییان نیشاندا کە هەڕەشە و تۆقاندن ناتوانێ عەزم و ئیرادەیان لاواز بکات. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بۆ جارێکی تر نیشانیاندا کە سەردەمی قەدەرقودرەتیی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتووە و لە بەرامبەر جەنایەتەکانی ڕژیمدا بێدەنگ نابن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە گێژاوی قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و ستراتێژییە ناوچەییەکەی بەرەوڕووی شکستێکی سەرشۆڕانە بووەتەوە، زیاتر لە ڕابردوو لە ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و جەماوەری تۆقاوە. گەشەی خەباتی کرێکاران، خانەنشینان، ژنان، موعەلیمان، لاوان و توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ئەمڕۆ جەماوەری ئێرانی بەو ئاگاهییە گەیاندووە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە چنگ هەژاری و گرانی و بێکاری، سەرکوت و گەندەڵی و کۆنەپەرستیی ئایینی، خەباتی یەکگرتووانە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە نگریسەیە.

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

ئێوە لە وڵام بە بانگەوازی مانگرتنی گشتی، تووڕەیی و بێزاریتان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، عەزمی خۆتان بۆ بەرگری لە مافی ژیانی ئینسان و ناڕەزایەتیتان دژبە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نیشاندا. ئێوە بەم مانگرتنە لە هەمان کاتدا نیشانتاندا کە هێرش بۆسەر ئازادیی سیاسی و هێرش بۆسەر گیانی ئینسانەکان بەهۆکاری بیروباوەڕ و بۆچوونی جیاواز و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێ هیچ جێگەیەکی لە داهاتووی کوردستاندا هەبێت. ئێمە، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست، ئەم هەنگاوە لە خەباتتان بەرز دەنرخێنین و دەستتان بە گەرمی دەگوشین.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە کوردستان بۆ دەورونەخش نواندنی مێژوویی خۆیان لە نەبەرد دژبە ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی لە کوردستان، بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ نەمانی هەموو جۆرەکانی ستەم و جیاکاری و دیکتاتۆری، پێویستییان بە هاوپشتی و یەکگرتوویی و بەهێزکردنی ڕێکخستنی خۆیانە لە هەموو بوارەکاند‌ا. لەم ڕێگایەدا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ڕێز لە تێکۆشان و چالاکیتان دەگرین. هەروەها سڵاو و دروود دەنێرین بۆ هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکان و خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆست لە سەرتاسەری ئێران و دەرەوەی وڵات بۆ ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی لە کوردستان و پشتیوانی لە هەڵمەتی دژایەتی کردنی ئێعدام و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی. بێگومان کاری ئێمە بە مانگرتن لە کوردستان کۆتایی نایە. خەباتی یەکگرتووانەی ئێمە هەتا هەڵوەشاندنەوەی ئێعدامی ئەم بەندکراوانە و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای ئێعدام و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو بەندکراوانی سیاسی هەروا بەردەوام دەبێت.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی

٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی