زیندانیانی سیاسی به‌ندی چواری زیندانی ئێڤین ڕۆژی چوارشه‌ممه ٨ی خه‌رمانان، له ناڕه‌زایه‌تی به بێبه‌ش كردنیان له په‌یوه‌ندی تهلهفوونی و گرانی نرخه‌كانی شیركه‌تی موخابراتی ئاسیاتێك، مانیان له خواردن گرت.
به‌وته‌ی چالاكانی مافی مرۆڤ، به‌ندكراوانی سیاسی به‌ندی چواری زیندانی ئێڤین تا ئێستا به شێوازی جۆراوجۆر ناڕه‌زایه‌تی خۆیان گه‌یاندۆته گوێی به‌رپرسان به‌ڵام بایه‌خی پێ نه‌دراوه. به‌ندكراوان ده‌ڵێن: له سه‌روبه‌ندی ساڵڕۆژی شۆڕشی “ژینا” به‌رپرسانی ئه‌منی زیندان به ئه‌نقه‌ست گوشاریان بۆ هێناون و نرخی په‌یوه‌ندییه تهلهفوونییهكانیان بردۆته سه‌ره‌وه و كواڵێتی په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زاندووه. له‌و به‌ندكراوه سیاسیانه‌ی كه له به‌ندی چواردا ڕاگیراون ده‌توانین ئاماژه به كه‌سانی وه‌ك “ڕه‌سووڵ بۆداغی”، “جه‌عفه‌ر ئیبراهیمی”، “سه‌عید مه‌ده‌نی”، “ئه‌حمه‌دڕه‌زا حائێری”، “كه‌یوان مۆهته‌دی”، “ڕه‌زا شه‌هابی”، “حه‌سه‌ن سه‌عیدی”، “كامیار فه‌كوور”، “عه‌لی یوونسی”، “ئه‌میرحسێن مورادی”، “ئاره‌ش جه‌وهه‌ری” و “ئه‌میرسالار داوودی” بكه‌ین.