
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی گوڵانی ١٤٠٤، “هەورام مێهرنەوایی”، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای ئازادی مەرجداری، لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە مانی لە خواردن گرتووە.
هەورام مێهرنەوایی، ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەهۆی ئەوەی بە “بەشداری لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز” لە بۆکان ڕاگەیێندرابوو، بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو هەروەها ڕۆژی هەینی ۱۱ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی” لە ڕەوتی بەرخۆدانە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئەو شارە” سزای ۵۴ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.