بە پێی ڕاپۆرتەکان، مەیسۆن مەجیدی چالاکی مەدەنی و چالاکی سیاسی کە لە رێکەوتی ١ی ژانویەی ٢٠٢٤وە لە ئیتالیا دەستبەسەر و بۆ زیندان ڕاگوێزراوە، ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مان لە خواردن دەگرێت تاوەکوو داواکاریەکانی کە لە لایەن پارێزەرەکەیەوە پێشکەش بە بەرپرسانی دادگای ئیتالیا کراون جێبەجێ بکرێت.
جێگای ئاماژەیە، دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران و شەپۆلی ناڕەزایەتیی دژە حکومەت لە سەرتاسەری ئێران، مەیسۆن مەجیدی چالاکییەکانی لە دژی حکومەتی ئێران چڕتر کردەوە، ئەمەش وایکرد کوردستانی عێراق بۆی ناپارێزراو بێت و ناچار بوو لەگەڵ براکەی ئەوێ بەجێبهێڵێت. ئەوان پلانیان دانابوو بچنە ئەوروپا، بەڵام کاتێک گەیشتە ئیتالیا، لە یەکەم ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٤بە تاوانی ئەوەی یارمەتی کاپتنی ئەو کەشتییەی داوە کە لەگەڵیدا لە تورکییەوە بۆ ئیتالیا گەشتیان کردووە لەلایەن پۆلیسی ئیتالیا دەستگیرکراوە.