ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی مانگی جۆزه‌ردان، بازاڕییانی ئه‌راك و تاران، له ناڕه‌زایه‌تی به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی دولار و ماڵیاتی ساڵانه، گرانی و هه‌ڵاوسان، دووكانه‌كانیان داخست و به وتنه‌وه‌ی دروشمی دژ به به‌رپرسانی باڵای ڕژیم، خۆپێشاندانی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. هه‌روه‌ها دانیشتووانی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی تاران له‌ناڕه‌زایه‌تی به گرانی به‌رق و هه‌ڵاوسانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه، كۆبوونه‌وه. به پێی دوایین هه‌واڵەکان بازاڕییانی شاری كازروونیش ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بە مانگرتنی بازارییانی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران په‌یوه‌ست بوون بوون.
به پێی ئەو هەواڵانەی بەدەستمان گەیشتوون، دانیشتووانی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری تاران به وتنه‌وه‌ی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ ده‌وڵه‌تی خه‌ڵك خڵه‌تێن” و “ئاو، به‌رق، ژیان، مافی سه‌ره‌تایی خۆمانه“، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ئاست گرانی به‌رق و هه‌ڵاوسان نیشاندا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه بازاڕییانی سێ‌ڕێیانی “ئه‌مین حزوور” و چوارڕێیانی “جومهووری” تاران مانیانگرت و خۆپێشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ره‌و مه‌یدانی “به‌هارستان” و مه‌جلیسی كۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه‌برد به‌ڵام له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به‌ره‌وڕووبوونه‌وه. له شاری ئه‌راكیش بازاڕییان به داخستنی دووكانه‌كان و وتنه‌وه‌ی دروشم، خۆپێشاندانێكی گه‌وره‌یان به‌ڕێوه‌برد و خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی ماڵیاتی ساڵانه و دابه‌زینی هه‌ڵاوسان و گرانی بوون.