فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانۆڕی فریوکارانەی “هەڵبژاردنی خراپ لە بەرامبەر خراپتر”یش شکست پێ بێنین
سێشەممە ۱۲-۰۴-۱۴۰۳   |  02-07-2024

سێناریۆی یەکەمی چواردەهەمین شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش کۆتایی هات. وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی بە حیسابکردنی ٤.٣% دەنگی سپی و نادروست، ڕێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەی نزیک بە ٤٠% واتە کەمترین ڕێژەی بەشداری لەچاو هەموو شانۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند. تەنانەت بەپێی ئاماری ساختە و دەستکاریکراوی وەزارەتی ناوخۆی ڕژیم ڕێژەی بەشداریکردن لەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییە کەمتر لە ٣٦% بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئوستانداری ڕژیم لە شاری قۆم، لە پایەگای سەرەکیی حکوومەتی ئیسلامی، ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند کە ٢٥%ی خەڵکی قۆم لە ئینتخاباتدا بەشدارییان کردووە. بەپێی ئامارە غەیرە ڕەسمییەکان ڕێژەی بەشداری لە ئینتخابات لە تاران نزیک بە ١٨% بووە. ڕاپۆرتی شایەتحاڵان و گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاماری غەیری ڕەسمی باس لە بەشداری یەکجار کەمی خەڵک و چۆڵبوونی ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن. ناوەندەکانی دەەنگدان لە دەرەوەی وڵاتیش لەم ڕۆژەدا بوون بە ناوەندی ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.

ئەم ئامار و ڕاپۆرتانە نیشانی دەدەن کە سەرەڕای هەموو فرتوفێڵ و تاکتیکی باندەکانی حکوومەت بۆ نموونە پەسندکردنی سەلاحییەتی “پزیشکیان”، ئەم مۆرە سەرسپێردراوەی ویلایەت، بەمەبەستی تاقیکردنەوەی ئامانجی ستراتێژیکی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی واتە “ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ سندووقی دەنگدان و پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان میللەت و نیزامی ئیسلامی”، کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لێبڕاوانە ئەم شانۆی ئینتخاباتەیان شکست پێ هێنا. ئەوەیکە لە سەرەتاوە و بەپێی سێناریۆی لەپێشدا داڕێژراوی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی قابیلی پێشبینی بوو، درێژکردنەوەی ئەم نمایشە ئینتخاباتییە بۆ قۆناغی دووهەم و قوتبی کردنی فەزای بەناو ئینتخابات لە نێوان ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و باندی ئوسوولگەرا بوو. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، پزیشکیان و محەممەد جەواد زەریف، بۆ جارێکی تر خەڵکی ئێران بەرەو “هەڵبژاردنی بژاردەی خراپ لە بەرامبەر خراپتر” هان دەدەن. بەرەی ئیسلاحات کە چارەنووسی نیزامی ئیسلامی لە مەترسیدا دەبینێ دەست لەناو دەستی سپای پاسداران و ئوسوولگەراکان دەیهەوێ بەم تاکتیک و مانۆڕە فریوکارانەیە، لەناو بەرەی مەزنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کە هەردەم چاوەڕوانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامین، تەفرەقە و دووبەرەکایەتی دروست بکات.

بەڵام ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و باقیی باندەکانی حکوومەت، ئەزموون و هۆشیاری و شعووری کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە، بە کەم سەیر دەکەن. کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و ژنانی ئازادەی ئێران بە قاتڵی منداڵەکانیان، بەم قافڵە گەندەڵەی جەنایەتکاران، دەنگ نادەن. پزیشکیان و ستادی ئینتخاباتەکەی، نەزانانە خەڵک لە جەلیلی و توندبوونەوەی گەمارۆی ئابووری دەترسێنن. بەڵام بێگومان کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێران دەزانن کە هەتا کاتێک دەسەڵاتی ئیسلامیی گەندەڵ و سەرمایەداری لەسەر کار بێت، هەتا کاتێک سیاسەتی چینی دەسەڵاتدار چەوساندنەوەی کرێکاران و هەرزانکردنی هێزی کاریان بێت، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران بە بوون یان نەبوونی گەمارۆکان باشتر نابێت. ئەوان بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە کە سیاسەتی سەرەکیی ڕژیم نەک سەرۆک کۆمار و وەزارەتی دەرەوە، بەڵکوو کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی دیاریی دەکەن.

سەرەڕای مانۆڕی فریوکارانەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەڵکی ئێران لەئاست درێژەی ئەم بارودۆخە هەموو ئەم پیلانانەیان بەرەوڕووی شکست دەکاتەوە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران دەمێکە نەک هەر لە ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ ڕێفۆرمی ڕژیمی ئیسلامی، لە تاکتیکی هەڵبژاردنی خراپ لە بەرامبەر خراپتر و لە سندووقی دەنگدان، بەڵکوو لە گشت نیزامی ئیسلامی تێپەڕیون و خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکەن. ئێستا لە کاتێکدا کە ترسی ڕووخان بووەتە مۆتەکەی هەموو باڵەکانی دەسەڵات و دەستیان داوەتە دەستی یەک تا حکوومەتی ئیسلامی ڕزگار بکەن، پێویستە خولی دووهەمی چواردەهەمین گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش لێبڕاوانە شکست پێ بێنین و بۆ جارێکی تر مانۆڕی فریوکارانەی “هەڵبژاردنی خراپ لە بەرامبەر خراپتر” ڕیسوا بکەین.

چینی کرێکار، بەشمەینەتان، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە هوشیارانە ئەم شانۆ ئینتخاباتییەی ڕژیم لە چوار مانگی ڕابردوویان بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە، بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم مانۆڕ و نمایشە ئینتخاباتییانە بە ئامانجی یەکگرتووکردنی ڕیزەکانی حکوومەت و ڕێگری لە بڵاوەبوونیان دادەڕێژرێ. ئەوان دەزانن کە ستراتێژی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و ئوسوولگەراکان بۆ پاراستنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەک ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و بەدەستهێنانی مەشرووعییەتی ئینتخاباتی، بەڵکوو توندکردنەوەی سەرکوت و ئەمنیەتی کردنی فەزای کۆمەڵگایە. ئەوان دەزانن کە سەرەنجام چارەنووسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان، نەک لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە سەرەوە، بەڵکوو لە کارخانەکان و لەسەر شەقامەکان دیاری دەکرێت. ڕووبارەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە یەک دەگرنەوە. مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان وێڕای ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەتوانێ دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کار بخات، ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.