بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بەدەستمان گەیشتوون هێزێکی زۆری ڕژیم بەرەو شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەوانە سەقز ڕەوانە کراون.
لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا جووڵەی هێزەکانی دژە شۆڕش لە ڕێگای بیجار-دیواندەرە بە ئەگەری زۆر بۆ سەقز و دیواندرە لە کاتژمێرەکانی سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەمە ٢١ی خەرمانان بە ئاشکرا بینراوە.
هەروەها لە شاری مەریوان هێزەکانی سپای پاسداران بۆ دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو خەڵکدا لە نێو شەقامەکانی ئەم شارەدا بە ماشێنی نیزامی و چەکی قورس و نیمچە سووکەوە مانۆڕی نیزامی دەدەن.
بە نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی، تا دێت کەشی ئەمنییەتی لە شارەکانی کوردستان بەتایبەت شاری سەقز قورستر دەبێتەوە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئینتێرنێت لە شارە جیاوازەکانی ئۆستانی “کوردستان” خاو بووەتەوە و ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکی تووشی کێشە کردووە.
هاوکات ژمارەیەک لە چلاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز، وەرزشوان و هاوڵاتیانی شارەکانی پارێزگاکانی کوردستا دەستگیر و بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بانگهێشت کراون.