ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕووداوێکی ئاسمانی گوماناوی لەگەڵ عەبدوڵڵاییان و چەند کەسی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی کوژران، بە پێشینەی درێژماوەی لە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی دانرانی بە سەرۆک کۆماری تا ئێستا، بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ درێژەی دابوو.
پێشینەی ناوبراو بەتایبەت لە کۆتایییەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، وەکوو ئەندامەتی لە لیژنەی مەرگ و هاوکاری لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی، بە باشی بەڵگەمەند کراون. ئیبراهیم ڕەئیسی لەگەڵ مورتەزا ئەشراقی، حوسێنعەلی نەیری، مستەفا پوورمحەممەدی و ئیسماعیل شووشتەری لە ئەندامانی لیژنەی مەرگ و کۆمیتەیەک بوون کە لە ناو بەندکراوان و بەجێماوانی جەنایەتی خوێناوی هاوینی ٦٧ بە “لیژنەی مەرگ” بەناوبانگ بوو. لیژنەیەک کە بەندکراوانی لەو ساڵانەدا لە دادگایەکی چەند خولەکی و تەنیا بە چەند پرسیارێکی کورت وەکوو «موسڵمانی»، «نوێژ دەخوێنیت» یان «پەشیمانی؟» بەرەو سێدارە و تیرباران ڕەوانە دەکرد. لە ڕەوتی کوشتاری هاوینی ٦٧ هەزاران بەندکراو کە ژمارەیەکیان تەنانەت ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ کردبوو بە شێوەی بەکۆمەڵ لە کردەوەیەکی خێرا بە فەرمانی خومەینی، پێش تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق لە سێدارە و یان گوللەباران کران. هەروەها، لە ماوەی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم ڕەئیسی، هەموو جۆرە سەرکوتێک، کوژرانی حکوومەتی و سێدارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
لە ماوەی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم ڕەئیسی و دەست پێکرانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” سەدان هاووڵاتیی بە توندوتیژییەکی دڕندانەوە کوژران و هەزاران کەس دەستبەسەرکران و کەسانێک تا ئێستاش لەناوبردنی زۆرەملێ کراون، و هەروەها دواییش بینەری توندوتیژی بەئاشکرا و ڕۆژانە دژ بە ژنان لەسەر شەقامەکانی ئێران بوون. هەروەها لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکوتی خۆپیشاندەران بوو و لە کاتی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لەسەر دەزگای دادوەری ژمارەی لە سێدارەدراوان لە ئێراندا بەرز بوویەوە.
هەروەها حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەکوو وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەویش لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دیپلۆماتێک بە پێشینەی ئەندامەتی پێشووی سپای پاسداران (سوپای قودس) کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە لە کوشتنی خەڵکی سوورییە و عێراق دەستی هەبووە. ناوبراو کە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی فەرمی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نزیک ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران کوژرابوون، لە وڵامی هەواڵنێرەکاندا ڕایگەیاند کە هیچ خۆپیشاندەرێک نەکوژراوە یان دەستبەسەر نەکراوە.