لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە هەنگاو هەڵدەگرێت، مەسەلەی “قۆناغی تێپەڕین یان دەورەی گوزار لە کۆماری ئیسلامی” بووەتە مەسەلەیەکی مشتوومڕهەڵگر. ئێستا کە چل و سێهەمین ساڵەوەختی شۆڕشی ٥٧ وەپشت سەر دەنێین، پێویستە وڵام بەم پرسیارە بدەینەوە کە لە بەرامبەر ئاڵتێرناتیڤی ڕەوتە ڕاستڕەو و بۆرژواکان واتە دەسەڵاتداریەتیی حیزبەکان لە قۆناغی تێپەڕین، ڕێگاچارەی سۆسیالیستی بۆ “قۆناغی تێپەڕین” چییە و زەمانەتە ئیجیراییەکانی کامانەن؟
نەخشەڕێگای زۆرێک لە هێزە ڕاست و بۆرژواکان لە ئاستی سەرانسەریدا بۆ قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، هاوکاری لەگەڵ حیزبە دەستی ڕاستەکانە کە لە هاوپەیمانییەک لەژێرناوی “شۆرای مودیرییەتی گوزار” دا کۆبوونەوەتەوە. هەر لەم پێناوەدا، پڕۆژەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستانیش کۆنتڕۆڵکردنی ئامرازەکانی دەسەڵاتی نیزامی، سیاسی و ئابوورییە لەلایەن حیزبە چەکدارەکانی ئێستاوە. هەربۆیە باڵی ڕاستی دابڕاو لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەش تەپڵی ئەم سیاسەتە دەکوتێت کە حیزبە چالاکەکان لە کوردستان دەبێ سەبارەت بە وردەکارییەکانی “پڕۆسەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی” بەڕێکەوتن بگەن. لە یەک کەلامدا، ئاڵتێرناتیڤی هەموو ئەم ڕەوتانە ئەوەیە کە ئەم حیزبانە لە ڕێگەی “بەڕێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە دەورەی قەیراناوی و ناسەقامگیردا، دەسەڵاتی سیاسی بە دانوستان و بەندوبەست لەناو خۆیاندا دابەش بکەن. بێگومان مەبەستی ئەم جەریانانە لە “دەورەی قەیران و ناسەقامگیری” دەورەیەکە کە کۆمەڵگا لە پڕۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە و گۆڕاودا بەسەر دەبات. قۆناغێک کە دەوڵەتی ناوەندی لاواز بووە و خەریکە دەڕووخێت. و یان ئەوەیکە ڕژیمی دەسەڵاتدار لەئاکامی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەدا ڕووخاوە و کۆمەڵگا لە کێشمەکێشی دیاریکردنی دەەسەڵاتی داهاتووی ئێران دایە.
ئەزموونە مێژووییەکان سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەن کە درووست لەم “دەورەی گوزار”ە دایە کە چارەنووسی داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی، کەم تا زۆر دیاری دەکرێت. لە باروودۆخی شۆڕشگێڕانەدا، سیاسەت و ئامانجی سەرەکیی هەموو حیزبە ڕاست و بۆرژواکان بۆ گرتنەوەی ئامرازەکانی دەسەڵات، بێجگەلە سەرکوتی شۆڕش و پەراوێزخستنی بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاری و زەحمەتکێش لە چارەنووسی خۆیان و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا هیچ شتێکی تر نییە. هەر ئەوەندە بەسە تا چاوخشاندنێکمان بێت بەسەر شۆڕشی ٥٧دا تا ئەم حەقیقەتەمان زیاتر بۆ ڕوون بێتەوە. لە گەرمەی باروودۆخی شۆڕشگێڕانەدا، مانگرتنی بەرین و سەرتاسەریی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران و ناڕەزایەتی و شۆڕشی سەرتاسەری بوو کە سەرەنجام شۆڕشی کردە بابەتێکی حەتمی و ڕژیمی پەهلەویی ڕووخاند. هەر ئەو کات بوو کە کرێکاران لە زۆرێک لە کارخانەکان، شۆرا و کۆمیتە کرێکارییەکانیان پێکهێنا و خۆیان بەڕێوەبەریی ئەم ناوەندانەیان وەئەستۆ گرت. لە هێندێک شوێن لەوانە لە تورکەمەن سەحرا و کوردستان خەڵک دەستیان دایە نۆژنکردنەوەی دەسەڵاتی جەماوەری وشۆرایی.
درووست لەو باروودۆخەدا بوو کە جەرەیانی دژەشۆڕش بە ڕێبەریی خومەینی بەخێرایی دەستی دایە سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی. خومەینی دەستبەجێ لەسەر سەری خەڵکەوە فەرمانی پێکهێنانی “شۆرای ئینقلابی ئیسلامی”ی دەرکرد و پایەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی هەنگاو بە هەنگاو سەقامگیر کرد. ئەوان بەخێرایی ناوەندی نیزامی – ئەمنییەتیی سپای پاسدارانیان پێکهێنا و دەستیان کرد بە سەرکوتی خوێناویی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران، جەماوەری ناڕازی و گشت هێزە شۆڕشگێڕەکان. پاشان ناوەندەکانی وەک “بۆنیادی موستەزعەفین”، “بونیادی شەهید” و “بونیادی ١٥ی خۆرداد”یان بە فەرمانی خومەینی دامەزراند تا ماڵ و دارایی زەوتکراو و سەرچاوە ئابووری و ماڵییەکان داگیر بکەن. ئەم ناوەندانە بوون بە باسکی ئابووری و ماڵیی کۆماری ئیسلامی. دواتر بنی سەدر، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، ڕوو بە کرێکاران و شۆرا کرێکارییەکان ڕایگەیاند کە “شۆرا پۆرا تەواوبوو گیانەکەم، بڕۆن کار بکەن.” بەمجۆرە بوو کە هەر لە دەورەی گوزاردا ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێزە لیبڕاڵ و بۆرژواکان، گشت ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی، نیزامی، ئەمنییەتی و ئابووریی بەدەستەوەگرت و بەرەبەرە مەشخەڵی شۆڕشی بە گرتنەبەری سەرکوتی بێ ئەمان خامۆش کرد و پایەکانی حکوومەتی ئیسلامییان قایم کرد.
هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە دەورەی گوزار خاڵی وەرچەرخان و قۆناغێکی گرینگی مێژوویی و چارەنووسسازە کە ئەگەر کرێکاران و ڕەنجبەران و گشت هێزی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست نەتوانێ پێگەی خۆی لەم قۆناغەدا سەقامگیر و پتەو بکات و مێخی خۆی لێبڕاوانە لە داهاتووی سیاسی دانەکوتێ، شۆڕش وەک وێرانەیەک بەسەر سەریاندا دەڕووخێت. بێ دەلیل نییە کە هەموو ڕەوتە بۆرژواکان جۆرێک سیاسەت دادەڕێژن کە لە سبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێک، لە یەکەمین هەنگاودا دەستیان بە ئامرازەکانی دەسەڵات بگات تا پێگەی خۆیان دەستبەجێ سەقامگیر بکەن. ئەگەر ئامانج سەرکوتی شۆڕش نییە، ئەگەر ستراتێژ و سیاسەتی ڕاستڕەوانەی ناردنەوەی کرێکاران و ڕەنجبەران بۆ ماڵەوە نییە، بۆچی دەبێت هەر لە ئێستاوە بیر لە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حیزبە بۆرژواکان بکرێتەوە. لە قۆناغێکدا کە ئاخێز و ڕاپەڕینی جەماوەری، کۆمەڵێکی بەرین لە خەڵکی ناڕازیی هێناوەتە سەر شەقامەکان و بەستێنی پێکهێنانی دەسەڵاتی جەماوەری و شۆرایی ئامادەیە، بۆچی دەبێت جەماوەری ڕەنجدیتوو لە دەست بردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی مەنع بکەن و خوازیاری ئەوە بن کە دەسەڵاتی سیاسی بە حیزبەکان بسپێردرێت و دەسەڵاتی ئەوان بەسەر ئیرادەی زۆرینەی کۆمەڵگادا بسەپێندرێت. حیزبە بۆرژواکان لە ئەگەری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، بەبێ زەبری ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە وازی لێ ناهێنن. کەوابوو بۆچی دەبێت سیاسەتی جەریانێکی کۆمۆنیستی ئەوە بێت کە ئاگاهانە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا هاوڕێیەتی و پشتیوانی بکات. لەڕاستیدا، ئەوانەی وا بەردەوام تەپڵی بەندوبەست لەگەڵ حیزبە بورژواییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵیان دەکوتن، هەر لەئێستاوە لەگەڵ ئاڵتێرناتیڤ و نەخشەڕێگای هێزە ڕاست و کۆنەپارێزەکان هاوئاراستەن و بەکردەوە جەماوەری ستەملێکراو بانگەشەی تەسلیمبوون لە بەرامبە “حیزبە دەسەڵاتدارەکان” دەکەن.
کەوابوو ڕێگاچارەی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان بۆ دەورەی گوزار و پڕ لە ئاڵۆزیی شۆڕشگێڕانە ناتوانێت هیچ شتێک بێت بێجگەلە سەقامگیرکردنی پێگەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کێشمەکێشە سیاسییەکاندا. ستراتێژی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانەی پشت ئەستوور بە بەشداریی ملیۆنیی چینی کرێکار و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی و دەورونەخش نواندنی ڕاستەوخۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادایە. ئەوەیکە ئێمە بەردەوام لەسەر دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و جەماوەریی خەڵک تەئکید دەکەین هۆکارەکەی ئەوەیە کە هێزی ماددی و بابەتییەکەی تا ئاستێک پێکهاتووە و حەقانییەت و تواناکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا سەلماندووە. بۆ نموونە، سیاسەتی سۆسیالیستی ئەوەیە کە لە سبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکدا، بەڕێوەبردنی کاروباری پەروەردە و بارهێنان بەدەستی شۆرای مامۆستایانی ئازادیخواز بسپێردرێت و ئەوەش هێزی واقعی و ڕێکخراوی هەر لە ئێستاوە لە جەرگەی خەباتی مامۆستایاندا لە گۆشە و کەناری ئێران شکڵی گرتووە. هەروەها ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایانیان ڕێکخستووە، ئەو توانایان لە پراتیک و لەژێر توندترین سەرکوتەکاندا لە خۆیان نیشان داوە کە دەتوانن هەماهەنگی و بەڕێوەبەریی سەرانسەریی ئەم بوارە تەنانەت لە دەورەی گوزاریشدا بەدەستەوە بگرن.
هەر بەمجۆرە، ئیدارەی کاروباری سەنعەتی نەوت لە هەموو ئاستەکانیدا بە دەستی کرێکارانی شارەزای پێکهاتوو لە شۆرا و کۆمیتە کرێکارییەکان دەسپێردرێت. لە ئاستی سەرتاسەریشدا نوێنەری کرێکاران لە شۆرا سەرتاسەرییەکاندا کاروباری بەرهەمهێنان، جێبەجێکردن و چاوەدێری هیدایەت و بەڕێوەبەری دەکەن. ئەم ناوەندە هەر ئێستاش لە هەیئەتی “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت”دا پێکهاتووە و دەتوانێ مانگرتنی شکۆدار و سەرانسەری لە سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بە سەرکەوتوویی ڕێک بخات. ئەم ئەزموونانە لە زۆر بواردا حازر و ئامادە، بوونیان هەیە.
هەربۆیەن ڕۆشنبینی و سیاسەت داڕشتنی سۆسیالیستی و واقعبینی لە خەباتی سیاسیدا ئەوەیە کە ئەگەر ئامانج کۆتایی هێنان بە سازوکاری بۆرژوایی و بوروکراتیکی پارلەمانی و دەسەڵاتدارییەتی حیزبەکانە و ئامانج دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتیی شۆراییە، پێویستە هەر لە ئێستاوە بیر لەوە بکەینەوە کە پێداویستییە بابەتی و ماددییەکانی پێکهێنانی شۆرای کرێکاری و جەماوەری لەناو هەموو بەشەکانی خەڵکدا دابین بکەین و لە قۆناغی پڕ لە ئاڵۆزیی شۆڕشگێڕانەشدا پێگەکانیان سەقامگیر بکەین. ئەرکی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش ئەوەیە کە لە هەموو قۆناغەکاندا دیفاع لە دەستکەوتە جەماوەری و کرێکارییەکان بکەن و لە بەرامبەر پرۆژەی سەرمایەدارانە و پیلانگێریی دژەشۆڕشدا، پشتیوانیان بن. ئەگەر نەتوانین هاوسەنگیی هێزی چینایەتی و سیاسی بە قازانجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و کۆمۆنیستەکان بگۆڕین، لە مەیدانی کێشمەکێش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، بە هێزە ڕاستەکانی دەدۆڕێنین.
بەپێی زەروورەتی سیاسی پێویستە ڕاشکاوانە و ڕوون ستراتێژی سۆسیالیستیمان لەپێناو ڕێکخستنی کرێکاران و ڕەنجبەران بەرەوپێش بەرین. واقعبینی ئەوەیە کە پێویستە هەر لەئێستاوە مەترسییەکانی سات و سەودا لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیست و مەزهەبییەکان و بەشوێنیدا، دواهاتی کارەساتباری دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حیزبەکان بۆ کۆمەڵگا ڕوون بکەینەوە و لە بەرامبەردا، سیاسەت و ستراتێژی خۆمان لە دەوری ڕێکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەڕێوەبەرین و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی تێبکۆشین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە