فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

منداڵانی ڕەهاکراوی ناو زبڵ، ئاکامی سیاسەتی خامنەیی بۆ زیادکردنی جەمعییەت!
چوارشەممە ۱۸-۰۳-۱۴۰۱   |  08-06-2022

لە باروودۆخێکدا کە ئاخێزی بێبەشان، مانگرتنی موعەلیمان، مانگرتنی کرێکارانی سەندیکای شیرکەتی واحید، خەباتی ژنان و کۆبوونەوەی حەفتانەی خانەنشینکراوان لە لایەکەوە و سەرکوت و زیندان و ئێعدام، تەراحیی سووختەی ئەمنییەتی دژبە موعەلیمان و چالاکانی کرێکاری لە لایەکی دیکەوە بە بەرینایی کۆمەڵگە لەئارادا بوو. لە باروودۆخێکدا کە ڕووخانی بورجی مێترۆپۆلی ئابادان و قوربانی بوون و کەوتنە ژێر ئاواری ژمارەیەکی نامەعلووم، ئاخێزی خەڵکی ئەم ناوچەیە و پشتیوانیی خەڵکی ناڕازیی شارەکانی ئێرانی لە خەڵکی ئابادان لێکەوتەوە. لە وەها باروودۆخێکدا هەواڵی پێوەندیدار بەم بابەتە بەشێکی بەرینی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخۆی تەرخان کرد، بەڵام کارەساتێکی قووڵی کۆمەڵایەتیی دیکە کەوتە پەراوێزەوە. ڕاگەیەندرا کە “لەماوەی دوو حەفتەدا دوو کۆرپەڵە لەناو زبڵدا دۆزراونەتەوە”. بەڵام قووڵایی کارەساتەکە بوو بەهۆی ئەوەیکە ژمارەیەکی تریش وەدەنگ بێن و ڕاستییەکان زیاتر ئاشکرا بێت و ئاماری زیاتر لەم بارەوە بڵاو بێتەوە. ڕاگەیەندرا کە بە پێی ئاماری ناوەندە تەندرووستییەکان و کەسانی پێوەندیدار: “لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی پێنج هەزار کۆرپەڵە لە ئێراندا ڕەها کراون”.
ئەوەیکە ئەمڕۆ دەبیندرێت ئاکامی سیاستێکە کە نزیک بە دە ساڵ لەمەوبەر خامنەیی لە سوخەنڕانییەکدا باسی لێکرد. ئەو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە سیاسەتی بارئاوەریی دەوڵەت لە دەیەی حەفتادا بەرەوڕووی شکست بووەتەوە، خوازیاری ئامادەکردنی گەڵاڵەیەک بوو کە هەموو بوارەکانی پێوەندیدار بە ژنان و لەوانە بارئاوەری بگرێتەوە. بۆ نموونە “گەڵاڵەی پشتیوانی لە ژنان بەرامبەر بە توندوتیژی” کە نزیک بە دە ساڵ بوو لە داڵانەکانی مەجلیس، دەزگای قەزایی، حەوزەی عیلمییە و شۆرای نیگەهبان دەسووڕاوە، ئەمجارەیان بەو ناوەندانە سپێردرا کە خۆیان بەڕێوەبەران و داسەپێنەرانی توندوتیژیی ژنان بوون. هەڵبەت چوونەسەرەوەی بەردەوامی ئاستی توندوتیژی دژبە ژنان نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی تەنیا دەتوانێ ئەو یاسایانە پەسند بکات کە لەگەڵ ماهییەتی دژەژنی ناتەبا نەبێت. هاوکات ئاواتی جەمعییەتی سەد و پەنجا ملیۆنیی خامنەیی کە دەبێ لە خزمەت بەناو عەزەمەتی ڕژیمی ئیسلامیدا بێت، لە یاسای نوێدا دەبوایە ڕەنگدانەوەی بوایە. بە تێکەڵکردنی گەڵاڵەکانی “مودیریەتی جەمعییەت، سڵامەتی باروەری و تەنزیمی خانەوادە”، یاسایەکی نوێ لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٩دا پەسند کرا. ناوەرۆکی ئەم یاسایە قەدەغەکردنی لەباربردنی کۆرپەڵە بوو، تا ئاواتی جەمعییەتی ١٥٠ ملیۆنیی خامنەیی بێتە دی. لەئێستادا بەهۆی ئەم یاسا تازەیەوە هیچ جۆرە پشتیوانی و خزمەتگوزارییەک بۆ پێشگری لە دووگیانبوون بوونی نییە. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاکامی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژەئینسانییە بەڕوونی نیشان دەدەن. ساڵح قاسمی، دەبیری ناوەندی توێژینەوەی جەمعییەت لە ئێران دەڵێت کە بەپێی ئاماری پەسندکراوی وەزارەتی تەندرووستی و سازمانی پزیشکی قانوونی ساڵانە زیاتر لە چوارسەد هەزار مەورد لەباربردنی کۆرپەڵە ئەنجام دەدرێت و هێندێکیش ئەم ڕەقەمە بە ٦٠٠ هەزار مەورد دەزانن. محەممەد ڕەزا مەحبووب فەر، ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی فێرکاریی تەندرووستی و بردنەسەرەوەی ئاستی سڵامەت دەڵێت کە “لە کاتی پەسندکرانی ئەم یاسایەوە و بەهۆی گرانییەکی بەرین کە هەموو وڵاتی داگرتووە، زۆێک لە خەڵک لە هاوسەرگیری و منداڵ بەدنیا هێنان خۆ بەدوور دەگرن و ئەم یاسایە بووەتە هۆی زۆربوونی هاوسرگیریی سووری و هاوسەرگیری بۆ وەرگرتنی وامی ئیزدواج و تەڵاق”. ناوبراو گرینگترین دەستکەوتنی ئەم یاسایە چوونەسەرەوەی ئاستی لەباربردنی کۆرپەڵە لە ئێران پێناسە دەکات.
لەڕاستیدا چ دۆزرانەوەی کۆرپەڵەیەک لەناو زبڵدان و چ لەباربردنی سەدان کۆرپەڵە بەنهێنی، نیشانەیەکی ڕوونە لە قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەک کە بەرۆکی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتەی گرتووە. واتە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ڕۆژ بە ڕۆژ هەژاری ڕوخساری ژنانەتر بەخۆی دەگرێت. درووست لە جەرگەی ئەم باروودۆخە فەلاکەتبارەدا، سیاسەتی بردنەسەرەوەی جەمعییەتی ڕژیم و هاوکات قەدەغەکردنی کەرەستەی خۆڕایی پێشگیری لە دووگیان بوون، تەنیا دەتوانێت بە وەها کارەساتێک خەتم بێت. دایک و باوک بەهۆی دەستکورتیی ئابووری یان ناچار دەبن بەبێ هەمووجۆرە ئیمکاناتێکی بێهداشتی و پزیشکی دەست بدەنە سقتی جنین و یان جگەرگۆشەکەیان دوای بەدنیا هاتن لەسەر سەقامەکان ڕەها بکەن. بەڵام لەو نێوەدا باروودۆخی کۆچبەران، کارتۆن خەو و موعتادەکان یەکجار دڵتەزێنترە. هەژاری و بێتوانایی ماڵی و دەستڕانەگەیشتنیان بە وەسایلی پێشگیری لە دووگیانبوون و لەباربردن، تەنانەت وای لێکردوون کە نەتوانن بۆ چەند ڕۆژیش لە منداڵە تازە دایک بووەکەیان ئاگاداری بکەن. بەڵام واقعییەتێکی دڵتەزێنی دیکە ئەوەیە کە زۆرێک لەو منداڵانەی کە لە وەها باروودۆخێکدا بەدنیا دێن تەنانەت ئەگەر بتوانن زیندووش بمێننەوە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە لەشکری بەرینی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست دەبن. ملیۆنان منداڵ کە خۆشی و شادیی منداڵیی خۆیان لەژێر باری چەندین بەرابەر گەورەتر لە جەستەیان بە هەراج دادەنێن و لە زۆر حاڵەتیشدا جەستەی ماندوویان لە ئاخری شەودا دەبەنەوە ناو کارتۆن خەوەکان.
لە دواهاتەکانی دیکەی ئەم یاسایە، زیاتر پەراوێزخستنی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و قورستر کردنی کاری ناو ماڵە بەسەر شانیانەوە. لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا، یەکێک لە سوننەتە جێکەوتووەکان، داسەپاندنی کاری بێ مزد و دژواری ناو ماڵە بەسەر ژناندا، بەڵام لەئێستادا پەسندکردنی ئەم یاسایەش بووەتە بەربەستێکی تازەی دیکە لە بەرامبەر حزووری ژنان لەناو کۆمەڵگەدا.
بێگومان، هەمووی ئەمانە تەنیا بەشێک لە سیمای کۆمەڵگەیەکە کە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا بەدیاریی هێناوە. بەڵام سیمایەکی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیە موقاومەت و خەباتێکە کە لە ناخی ئەم کۆمەڵگەیەدا لەئارا دایە. خەباتێک کە هەموو ڕۆژێ گەشە دەستێنێت و لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربڕینی نەفرەتی سیاسی و چینایەتیی خۆی کەڵک وەردەگرێت.