
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لانی کەم سێ ملیۆن منداڵ لە بازنەی خوێندن دابڕاون و بەپێی ئەو ئامارانەی لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاو کراونەتەوە، ژمارەی منداڵانی کار لە ئێراندا لە نێوان یەک ملیۆن و شەشسەد هەزار تا دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. لە باسکردنی دیاردەی منداڵانی کاردا، هەندێک لە گێڕانەوەکان کاری منداڵ وەک «یارمەتیدانی خێزان» یان «پێداویستیی ژیان» ئاسایی دەکەنەوە. ئەم گێڕانەوانە، بە فەرامۆشکردنی زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کاری منداڵ تا ئاستی هەڵبژاردنێک یان دۆخێکی سروشتی بچووک دەکەنەوە. لە کاتێکدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، منداڵ نەک لەسەر بنەمای هەڵبژاردن، بەڵکوو لەژێر زەبری بارودۆخی ژیاندا دەخرێتە ناو بازاڕی کارەوە. لە ئابووریی نافەرمیی ئێراندا، منداڵی کار وەک هێزێکی هەرزان، نەرمونیان و بێبەش لە هەر چەشنە پشتیوانییەکی یاسایی دەچەوسێنرێتەوە. ئەو نە گرێبەستی کاری هەیە، نە بیمە و نە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین. ئەم دۆخە منداڵ دەخاتە پێگەیەکەوە کە بە کەمترین تێچوو مل بە هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک بدات؛ ئەمەش دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی “بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار” لێک بدرێتەوە.
لە بارودۆخێکدا کە تێچووەکانی ژیان یەکجار هەڵکشاون و حەقدەستەکان بەشی بژێوی ناکەن، خێزانە چەوساوەکان ناچار دەبن بەشێک لە باری ئابووری بخەنە سەر شانی منداڵەکانیان. ئەم گواستنەوەیە، بە واتای تێکەڵبوونی پێشوەختەی منداڵە بە بازاڕی کار و پەیوەندییەکانی کار و سەرمایە. بەڵام کێشەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایەت. چوونەناو بازاڕی کار لەلایەن منداڵەوە، بەتایبەتی لەسەر شەقامەکان، دەیخاتە ناو تۆڕێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە کە تێیدا، مانەوەی منداڵ گرێ دراوە بە قبووڵکردنی کۆمەڵێک یاسای نەنووسراو. ئەم یاسایانەش زۆرجار توندوتیژییان لەگەڵدایە. توندوتیژیی سێکسی لە زۆربەی ڕاپۆرتەکاندا، لەوانە ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە منداڵانی کار لە ئێراندا کراون، نەک وەک ڕووداوێکی دەگمەن، بەڵکوو وەک ئەزموونێکی تا ڕادەیەک باو وێنا کراوە. لە هەندێک توێژینەوەدا، ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان، بەتایبەت کچان، باس لە ئەزموونی ئازاردانی سێکسی دەکەن. لە زۆر حاڵەتدا، توندوتیژیی سێکسی دەبێتە ئامرازێک بۆ سەپاندن و چەسپاندنی دەسەڵات. منداڵی تازەکار، بۆ دەستڕاگەیشتن بە گۆڕەپانی کار، بۆ بەهرەمەندبوون لە کەمترین ئاستی بەناو ئاسایش، یان تەنانەت بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوە و دەرکرانی، دەخرێتە ژێر گوشارەوە تا ملی بە داواکارییە سێکسییەکانی خاوەنکار بدات. کەڵکوەرگرتن لە پێگەی باڵادەست بۆ سەپاندنی پەیوەندییەک کە منداڵ هیچ دەرەتانێکی بۆ ڕەتکردنەوەی نییە، لە هەلومەرجێکدا مسۆگەر دەبێت کە یەکێک لە جەمسەرەکانی پەیوەندییەکە، بێبەشە لە هەر جۆرە ئامرازێکی بەرگری.
پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، شەقام یان ژینگەی کار تەنها شوێنی ڕوودانی توندوتیژی نین. لە زۆر حاڵەتدا، یەکەمین ئەزموونەکانی توندوتیژی لە ماڵەوە ڕوو دەدەن. توێژینەوەکان لە ئێران دەریدەخەن کە بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی کار، پێش هاتنە ناو شەقام و ژینگەكانی کارەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە. ئەم پرسە ناتوانرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ماددیی خێزانەکان لێک بدرێتەوە. هەژاری، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، بێکاری و گوشارە دەروونییەکانی لێکەوتەی ئەمانە، دەتوانن پێکهاتەی خێزان لە ناوەوە هەڵبوەشێننەوە. ئەو منداڵەی لە ماڵەوە هەڵدێت، زۆرجار بەدوای ئارامیدا دەگەڕێت. بەڵام شەقام و ژینگەکانی کار بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە پشتیوانییەکی پێکهاتەییەوە، نەک هەر ئەمنییەت و ئارامی دەستەبەر ناکەن، بەڵکوو منداڵ لە گێژاوێکدا گیرۆدە دەکەن کە تێیدا ماڵ، شەقام و شوێنی کار، هەر سێکیان دەبنە شوێنی نائەمن. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی کارەساتەکە، دەبێت سەرنج بدەینە ئەزموونی زیندووی منداڵانیش. توندوتیژیی سێکسی، بەتایبەتی لە تەمەنی کەمدا، شوێنەوارێکی زۆر قووڵتری لە زیانی جەستەیی هەیە.
لە نێو منداڵانی کاردا، دۆخی منداڵانی کۆچبەر بەتایبەتی منداڵانی ئەفغانستانی پێویستی بە سەرنجی تایبەت هەیە. ئەم منداڵانە سەرباری هەژاری، بەرەوڕووی کێشەی نەبوونی بەڵگەنامەی ناسنامەییشن. بێبەشبوون لە بەڵگەنامە، لە دەستڕاگەیشتن بە زۆرێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشیان دەکات و دەرفەتی بەدواداچوونی حاڵەتەکانی توندوتیژیش بە توندی بەرتەسک دەکاتەوە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، منداڵی کۆچبەر دەبێتە هێزێکی کار کە تەنانەت لە کەمترین پشتیوانییەکانیش بێبەشە. ئەم دۆخە، دەیخاتە بەردەم چەوساندنەوەیەکی سەختترەوە. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە حاڵەتەکانی توندوتیژیی سێکسی لە نێو ئەم گرووپەدا، بەهۆی بێدەنگیی زۆرەملێوە، کەمتر دەبینرێن. لێرەدا، ستەمی چینایەتی لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی و پێگەی مافەوانیدا تێکەڵ دەبن. دەرەنجامەکەی، شێوازێکە لە پەراوێزخران کە تێیدا منداڵ نەک هەر نابینرێت، بەڵکوو لە ڕووی کردەییەوە لە بازنەی «شایەنی بەرگریکردن» دەچێتە دەرەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم حەقیقەتە، ئەو شێوازانەی کە تەنها تیشک دەخەنە سەر «کەمکردنەوەی زیان» یان «بەڕێوەبردنی» دۆخەکە، ناتوانن وڵام دەرەوە بن و کەموکوڕیییان زۆرە. پەروەردە، ڕاوێژکاری و دەستێوەردانە سنووردارەکان، ئەگەرچی دەتوانن بەشێک لە ئازارەکە کەم بکەنەوە، بەڵام توانای گۆڕینی ئەو هەلومەرجەیان نییە کە ئەم ئازارە بەرهەم دەهێنێت.
تا ئەو کاتەی منداڵ ناچار بە کارکردن بێت، هەر لە مەترسیی توندوتیژیدا دەمێنێتەوە. هەر بۆیە، هەر جۆرە چارەسەرێکی جدی، دەبێت لە نەفیکردنی کاری منداڵانەوە دەست پێبکات. بەڵام ئەم نەفیکردنە، بەبێ گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ماددیدا مەحاڵە. تا ئەو کاتەی هەژاری و نایەکسانی بیداد دەکات و زۆرینەی چەوساوەکان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، خێزانەکان هەر پەنا بۆ کاری منداڵان دەبەن. لە ئەنجامدا، خەبات دژی کاری منداڵان، حەتمەن بە خەباتێکی بەربڵاوتر لە دژی پەیوەندییە چینایەتییە زاڵەکان گرێ دەخوات. ئەمەش بە واتای هێنانەئارای کۆمەڵێک خواست و داواکارییە کە ڕاستەوخۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی کرێکاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگا، و دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و فێرکردنی خۆڕایی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج. بەبێ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، هەر هەوڵێک بۆ بنەبڕکردنی کاری منداڵان، مەحکوومە بە شکست. دیاردەی کاری منداڵان و توندوتیژی دژیان، یەکێک لە ڕووتترین و ئاشکراترین نیشانەکانی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا کە تێیدا، بەهای مرۆڤەکان لەسەر بنەمای پێگەی ئابوورییان یان چۆنیەتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ باندە دەسەڵاتدارەکان دیاری دەکرێت. بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە، پێویستی بە هەنگاوی کردارییە لە سەرووی هاوسۆزییەوە.
منداڵان دەبێت منداڵیی خۆیان بکەن. ژیان و خۆشگوزەرانیی منداڵان، سەربەخۆ لە دۆخی خێزانی، دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر بکرێت. دەوڵەت ئەرکدارە ستانداردێکی یەکگرتوو لە خۆشگوزەرانی و ئیمکاناتی گەشەی ماددی و مەعنەویی منداڵان و مێرمنداڵان لە بەرزترین ئاستی گونجاودا دەستەبەر بکات. یارمەتییە داراییە پێویستەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی خۆڕایی پزیشکی، پەروەردەیی و فەرهەنگی بۆ مسۆگەرکردنی ستانداردی ژیانی منداڵان و مێرمنداڵان، سەربەخۆ لە دۆخی خێزانی، دەبێت دابین بکرێت و پرسی خوێندنی ئیجباری تا تەمەنی ١٦ ساڵی جێبەجێ بکرێت. کاری پیشەیی بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ دەبێت قەدەغە بکرێت و نابێت ڕێگە بدرێت جەستە و ڕۆحی منداڵان لەژێر باری کاری پیشەییدا تێک بشکێت و بفەوتێت. بەدەستهێنانی وەها خواستگەلێک تەنها دەتوانێت بەرهەمی خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەو و کۆمەڵایەتییەکان بێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە