
شەڕ، تەنیا بنکە سەربازییەکان ناکاتە ئامانج. شەڕ هێواش هێواش دزە دەکاتە نێو ژیانی ڕۆژانەوە؛ بۆ ناو ماڵەکان، بۆ ناو خەوی شەوانەی کۆمەڵانی خەڵک، و بۆ ناو مێشک و دەروونی ئەو منداڵانەی هێشتا خەریکی کەشفکردنی جیهانن. دەنگی تەقینەوە، هەواڵی یەک لەدوای یەکی هێرشەکان و لەپاڵ ئەوەشدا ئامادەییی هێزە سەرکوتگەرەکان لە شەقامەکاندا، کەشێک دەخولقێنێت کە تەنیا دۆخێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی گشتگیرە. لە وەها هەلومەرجێکدا، کۆمەڵگا تەنیا لەگەڵ هەڕەشەی دەرەکیدا بەرەوڕوو نابێتەوە، بەڵکوو لەگەڵ میکانیزمە ناوخۆییەکانی کۆنتڕۆڵکردن و تۆقاندنیشدا ڕووبەڕوویە.
لەم ڕۆژانەدا کە ئێران کەوتووەتە ژێر سێبەری بۆردومان، شەقامەکانیش بوونەتە گۆڕەپانێک بۆ نمایشی “ئیقتدار”ی سیاسیی ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی. ڕێپێوان و مانۆڕە شەوانەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان لە گەڕەکەکان، ئامادەییی هەڕەشەئامێزی گرووپە حکوومەتییەکان لە کۆڵانەکان و ئەو هاوار و دروشمانەی لە تاریکیی شەودا دەنگ دەداتەوە، تەنیا نمایشێکی ئایدۆلۆژیک نین. ئەم هەنگاوانە کارکردێکی ڕوونیان هەیە؛ خوڵقاندنی کەشی تۆقاندن، داسەپاندنی ئامادەییی بەردەوامی دەسەڵات و تێکشکاندنی هەستی ئاسایش لە ناو خەڵکدا. ئەم جۆرە ئامادەییە لە شەقامەکان، بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا، جۆرێکە لە شەڕی دەروونی دژ بە کۆمەڵگا؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام لە کەشی دڵەڕاوکێ و چاودێریی هەمیشەییدا بژین.
لەم نێوەندەدا، منداڵان زیانهەڵگرترین قوربانیانی ئەم دۆخەن. منداڵ بۆ شکڵگرتنی هەستی ئاسایش، پێویستی بە ژینگەیەکی پێشبینیکراو و تا ڕادەیەک ئارام هەیە. ماڵ و گەڕەک بۆ ئەو دەبێ قەڵەمڕەوی ئاسایش بن؛ شوێنێک کە جیهان تێیدا جێگەی تێگەیشتن و متمانەپێکراو بێت. بەڵام شەڕ و سەرکوت، ڕێک ئەم بناغانەی ئاسایشی دەروونی لەرزۆک دەکەن. کاتێک منداڵێک نیوەشەو بە دەنگی تەقینەوە یان هاوارە هەڕەشەئامێزەکان لە خەو ڕادەپەڕێت، سیستەمی دەمارییەکەی دەچێتە دۆخی “ئامادەباشیی بەردەوام”ەوە؛ دۆخێک کە پێی دەگوترێت وەڵامدانەوەی فشاری دەروونیی درێژخایەن (کرۆنیک). لەم دۆخەدا، جەستە و مێشکی منداڵەکە بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن؛ وەک بڵێی هەر ساتێک ئەگەری گەڕانەوەی مەترسییەکە هەبێت. درێژەکێشانی ئەم هەلومەرجە دەتوانێت شوێنەواری قووڵ لەسەر گەشەی سۆزداری، هزری و کۆمەڵایەتیی منداڵەکە بەجێ بهێڵێت.
لێکەوتە دەروونییەکانی ئەزموونێکی لەم شێوەیە، لە ڕەفتاری منداڵاندا بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەکەون. دڵەڕاوکێی توند، مۆتەکەی شەوانە (کابووس)، تێکچوونی خەو، کێشەی تەرکیزکردن و هەستی نائارامیی بەردەوام، لەو کاردانەوە باوانەن. هەندێک لە منداڵان تووشی شەڕانگێزی یان هەستیاری دەبن، هەندێکی تریش پەنا بۆ بێدەنگی و گۆشەگیری دەبەن. لە زۆر حاڵەتیشدا، ترس بە شێوەیەکی شاراوە لە مێشکی منداڵەکەدا دەمێنێتەوە و ساڵانێک دواتر خۆی لە فۆرمی دڵەڕاوکێ، بێمتمانەیی یان هەستی نائارامیی درێژخایەندا دەردەخات.
ئەزموونی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ساڵانێک لەگەڵ شەڕدا ژیاون نیشانی دەدات کە شوێنەوارە دەروونییەکانی شەڕ، تەنیا کورت نابێتەوە بۆ کاتی پێکدادانەکان. شەڕ دەتوانێت بیرەوەریی دەستەجەمعیی نەوەیەک فۆرمولە بکات. ئەو منداڵانەی لە کەشی ترس و نائارامیدا گەورە دەبن، زۆرجار بە هەستی ناسەقامگیری بەرامبەر بە جیهانی دەوروبەریان پێ دەگەن. ئەم مەسەلەیە تەنیا خەسارێکی تاکەکەسی نییە؛ بەڵکوو بەرەبەرە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، متمانەی گشتی و تەنانەت فەرهەنگی سیاسیی کۆمەڵگاش دادەنێت.
لە وەها هەلومەرجێکدا، شەڕ و سەرکوت دەبنە دوو دیوی یەک واقیعی دیاریکراو. ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، زۆرجار زۆرترین کەڵک لە فەزای شەڕ وەردەگرن بۆ توندترکردنەوەی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی. دڵەڕاوکێی گشتی، کۆمەڵگا پەرتەوازە و پارێزکارتر دەکات و دەرفەتی خۆڕێکخستن و ناڕەزایەتییەکان بەرتەسک دەکاتەوە. نمایشی شەوانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی لە گەڕەکەکاندا، ڕێک لەم چوارچێوەیەدا جێگەی تێگەیشتنە: پەیامێکی بەردەوام بۆ کۆمەڵگا کە گوایە دەسەڵاتی حاکم لە هەموو شوێنێک ئامادەیی هەیە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، کۆمەڵگا تەنیا قوربانییەکی پاسیڤ و بێدەسەڵاتی ئەم دۆخە نییە. تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا، فۆرمە جۆراوجۆرەکانی هاوپشتی و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی شکڵ دەگرن. یەکەمین هەنگاو لە بەرامبەر وەها کەشێکی توندوتیژدا، پاراستنی پەیوەندییە مرۆییەکانە. خێزانەکان، دراوسێکان و تۆڕەکانی پەیوەندی لەناو گەڕەکەکاندا دەتوانن بە خوڵقاندنی ژینگەیەکی ئارامتر بۆ منداڵان، بەشێک لەو فشارە دەروونییە کەم بکەنەوە. گفتوگۆی ڕاشکاوانە بەڵام ئارام لەگەڵ منداڵان سەبارەت بەوەی ڕوو دەدات، پاراستنی ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ یاری و بەتاڵکردنەوەی هەست و سۆزەکان (تەخلیەی هەیجانی)، دەتوانێت یارمەتییان بدات تا هەست بکەن کۆنتڕۆڵی زیاتریان بەسەر جیهانەکەیاندا هەیە.
هەروەها ئەزموون نیشانی داوە کە لە هەلومەرجی قەیرانی شەڕدا، هاوپشتییە ناوچەیی و گەڕەکییەکان دەتوانن دەورێکی چارەنووسساز بگێڕن. هاوکاریی نێوان خێزانەکان، پشتیوانی لە یەکتر و خوڵقاندنی کەشێکی بەکۆمەڵ بۆ چاودێریکردنی منداڵان، نەک تەنیا فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە، بەڵکوو متمانەی کۆمەڵایەتیش بەهێز دەکات. پەیوەندیگەلێکی لەم شێوەیە ڕێگر دەبن لەوەی ترس بگۆڕێت بۆ تەنیایی و گۆشەگیری.
لە ئاستێکی بەرفراوانتریشدا، بەرەنگاربوونەوەی چەرخەی شەڕ و سەرکوت دەبێتە مەسەلەیەکی سیاسی. ململانێ و شەڕی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، لەپاڵ ڕژێمە سەرکوتگەرەکاندا، زۆرجار ژیانی کۆمەڵانی خەڵک دەکەنە گۆڕەپانی کێبڕکێ و توندوتیژی. لە وەها هەلومەرجێکدا، بەرگریکردن لە ژیان، ئاشتی و ئازادی دەبێتە هەڵوێستێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی؛ هەڵوێستێک کە لە بەرامبەر هەردوو فۆرمی توندوتیژیدا — واتا شەڕ و سەرکوت — دەوەستێتەوە.
منداڵان یەکەمین قوربانیانی شەڕن، بەڵام داهاتووی هەر کۆمەڵگایەکیش لە بوونی ئەواندا فۆرم دەگرێت. ئەو کۆمەڵگایەی بتوانێت تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا لە دەروون و هیوای منداڵەکانی پارێزگاری بکات، لە ڕاستیدا بەرگری لە ئاسۆی داهاتوو کردووە. لە دڵی ئەو شەوانەدا کە دەنگی تەقینەوە و هەڕەشە لە فەزادا دەزرنگێتەوە، هێشتا هەناسەی ژیان بەردەوامە. منداڵان هێشتا دەیانەوێت یاری بکەن، پێبکەنن و جیهان کەشف بکەن. بەرگریکردن لەم مافە سادەیە — مافی ژیان لەناو ئاسایش و ئارامیدا — لەوانەیە بنەڕەتیترین فۆرمی خۆڕاگریی مرۆیی بێت لە بەرامبەر شەڕ و سەرکوتدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە