
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، مریەم تەقەوی، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی عەجەبشێر، لەلایەن هاوسەرە ٢٧ ساڵەکەیەوە بە دار و بە شێوەیەکی وەحشیانە کەوتە بەر لێدان و کوتان و چەند کاتژمێرێک دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. کوشتنی مریەم تەقەوی، ئەو کچە مێرمنداڵەی کە بووە قوربانیی دیاردەی “منداڵهاوسەری” و سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامی، تەنیا یەک نموونەیە. لە مەودای ساڵانی ١٣٩٥ تا ١٤٠٠، زیاتر لە ٢١٩ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران تۆمار کراوە؛ واتە ساڵانە زیاتر لە ٤٣ هەزار کچ کە لە میدیا فەرمییەکاندا هەرگیز ناویان ناهێنرێت. نزیکەی ٩٨ لە سەدی ئەم هاوسەرگیرییانە پەیوەستن بە کچانەوە و هەزاران کەس لەوان تەنانەت تەمەنیان نەگەیشتووەتە ١٥ ساڵ. یاسای مەدەنیی کۆماری ئیسلامی کە تەمەنی هاوسەرگیریی کچانی بە ١٣ ساڵ دیاری کردووە و ڕێگە بە هاوسەرگیری لە تەمەنی خوارتر لەوەش بە حوکمی دادگا دەدات، ستوونی یاسایی جێخستنی ئەم توندوتیژییەیە. ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی ئامارەکان لە ساڵی ١٤٠٠ـەوە، تەنیا جەختکردنەوەیەکی دووبارەیە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکە، پێی باشترە کە کارەساتەکە لە بەرچاو بشارێتەوە. لە ئێران، دیاردەی منداڵهاوسەری نەتەنیا بە هەژاری و نایەکسانی، بەڵکوو بە یاسای فەرمی و ئایدۆلۆژیای ئایینییەوە پەرەی پێ دراوە و شەرعییەتی پێ بەخشراوە.
منداڵهاوسەری دیاردەیەک نییە کە تەنیا تایبەت بە سنوورێکی جوگرافیا، نەریت یان فەرهەنگێک بێت؛ بەڵکوو نیشانەیەکی جیهانییە لە موناسباتی نایەکسان و توندوتیژیی “خاوەندارییەتیی تایبەت”. ئامارەکانی یونیسێف دەریدەخەن کە ساڵانە ١٢ ملیۆن کچ پێش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی بەشوودەدرێن و ئەمڕۆ زیاتر لە ٦٥٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا، قۆناغی منداڵیی خۆیان لەژێر سێبەری ئەم ئیجبارەدا لەدەست داوە. ئەم ئامارانە بەڵگەی تراژیدیا کەسییەکانن، بەڵام لە ئاستێکی کەڵاندا، وێنەی پێکهاتەیەک نیشان دەدەن کە منداڵی وەک ئیمتیازێکی چینایەتی و شیاوی کڕین و فرۆشتن دەبینێت. لە مەنتیقی جیهانیی سەرمایەداریدا، ئازادی و ئاسایشی سەردەمی منداڵی، تەنیا بەشی ئەو کەسانەیە کە لە چینە باڵادەستەکاندان؛ وە بۆ ملیۆنان کچ، منداڵی تەنیا قۆناغێکی کورتخایەنە پێش گرتنەبەری ئەو ڕۆڵانەی کە کۆمەڵگا و ئابووری بۆیانی دیاری کردووە.
منداڵهاوسەری لە ئێران تەنیا “هەڵسووکەوتێکی نەریتی” یان “کێشەیەکی فەرهەنگی” نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە سازوکارێکی سیستەماتیک کە جەستەی ژنان و کچان دەکاتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەزمی مەوجوود. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، دەبێ ئاوڕ لە ڕیشە ئابووری، سیاسی و ئایدۆلۆژیکەکانی بدەینەوە. هیچ شێوازێک لە ستەمی ڕەگەزی بەدەر لە پەیوەندییەکانی خاوەندارییەتی و دەسەڵاتی سیاسی بەردەوام نابێت. منداڵهاوسەری یەکێکە لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی ئەم پیوندە سێلایەنەیە. لە پەیوەندییە چینایەتییەکاندا، جەستەی ژن لە بنەماڵەوە تا دەوڵەت، “بابەتی خاوەندارییەتییە”. باوک، مێرد و دامودەزگا ئایینی و حکوومییەکان هەریەکەیان بەشێک لە کۆنترۆڵی ئەویان لەدەستدایە. هاوسەرگیریی منداڵان بابەتێکی جیاواز نییە، بەڵکوو تەجەلیی شەفافی هەمان مەنتیقی خاوەندارییەتییە. بەشوودانی کچێکی ١٣ ساڵە، لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە، نەک هێرش و تەعەروز بۆسەر منداڵ، بەڵکوو “گواستنەوەی مەشرووعی سەرپەرەستی”یە. دامودەزگای فەرمیی دەسەڵات، بە مۆری تۆمارکردنی هاوسەرگیری، ڕواڵەتێکی یاسایی و پیرۆز بەم گواستنەوەیە دەبەخشێت. کچەکە ڕێک لەو ساتەی کە منداڵە، دەخرێتە ناو بازنەی “ئەرک” و “ئیتاعەت”ەوە. ئەو پەیوەندییەی کە لەوە بەدواوە شکڵ دەگرێت، پەیوەندیی دوو مرۆڤی یەکسان نییە؛ پەیوەندیی نێوان “خاوەن” و “مڵک”ـە، هەرچەند لە بەرگی هاوسەرگیریدا پێشکەش بکرێت.
بەڵام ئەم ئایدۆلۆژیایە بەبێ هەژاریی ماددی ئیمکانی مانەوەی نییە. هەژاری، خێزانەکان ناچار دەکات کە منداڵ نەک وەک مرۆڤێک، بەڵکوو وەک “بارێکی ئابووری” سەیر بکەن. منداڵهاوسەری لە چینە ژێردەستەکاندا، وەک ڕێکارێک بۆ مانەوە چاوی لێ دەکرێت؛ ڕێکارێک کە پێکهاتەی ئابووری سەپاندوویەتی و پێکهاتەی ئیسلامی و یاسایی پاساوی دەکات. لێرەدایە کە ستەمی ڕەگەزی و ستەمی چینایەتی پێکەوە گرێ دەدرێن. سیستەمی سەرمایەداری بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی پێویستی بە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار هەیە. هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچان لە چینە ژێردەستەکاندا، ڕێک لە خزمەتی ئەم پێویستییەدایە: دایکی گەنجتر، ڕێژەی لەدایکبوونی زیاتر، و ژمارەیەکی زیاتر لە هێزی کاری هەرزانتر. بەم چەشنە، منداڵهاوسەری دەبێتە سازوکارێکی ئابووری بۆ جێخستنی چەرخەی هەژاری و ڕاگرتنی چینی کرێکار لە بێدەسەڵاتیدا.
ئەم دیاردەیە، بەپێچەوانەی بانگەشەکانی لیبڕاڵ و نیولیبڕاڵ، بەرهەمی “فەرهەنگی دواکەوتوو” نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ئەو پەیوەندی و موناسباتەیە کە هەژاری بەرهەم دەهێننەوە. هەر چەشنە چاکسازییەکی یاسایی کە دەست بۆ ژێرخانە ئابوورییەکان نەبات، تەنیا وەک موسەکنێکی کاتی دەمێنێتەوە. تەنانەت قەدەغەی یاسایی هاوسەرگیریی منداڵان لە هەندێک وڵاتدا نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە بنبڕ بکات، چونکە بونیادی ئابووری، وەک هێزی بزوێنەری ئەو دیاردەیە، هەر لە جێی خۆیەتی. توندوتیژیی خێزانی و ژنکوژی، ڕوخساری ئاشکرای هەمان سیستەمی خاوەندارییەتییە. کوشتنی مریەم تەقەوی، ئەو کچە ١٦ ساڵەیەی کە بە دەستی هاوسەرە ٢٧ ساڵەکەی لە عەجەبشێر کوژرا، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی درێژی ئەو توندوتیژییەی کە لە ساتی تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەوە دەست پێ دەکات. یاسای پیاوسالار، کچەکە لە پێگەی مرۆڤەوە بۆ پێگەی “موڵکی پیاو” دادەبەزێنێت. ئەم دابەزاندنە، توندوتیژی بە شتێکی سروشتی و کوشتن بە شتێکی شیمانەکراو نیشان دەدات. کاتێک دەوڵەت و ئایین، خاوەندارییەتیی پیاو بەسەر ژنەوە بە ڕەسمی دەناسن، کوشتنی ژن ئیتر ناهەنجاری نییە، بەڵکوو شێوازێکی توند و سەختی هەمان پەیوەندیی خاوەندارییەتییە.
ئەو هەزاران کچەی کە ناویان لە ئامارەکاندا دێت یان قەت باسیان ناکرێت، هەموو ڕۆژێک لە بێدەنگیدا ئەم توندوتیژییە ئەزموون دەکەن: توندوتیژیی سێکسی، توندوتیژیی دەروونی، بێبەشبوون لە خوێندن، دووگیانبوونی زۆرەملێ، و لە زۆر حاڵەتدا، مەرگی خامۆش. منداڵهاوسەری تەنیا کاتێک بنبڕ دەبێت کە هەژاری، خاوەندارییەتیی پیاوسالارانە و دەسەڵاتی سیاسیی سەرکوتگەر تێکبشکێندرێن؛ کاتێک کە ژنان و منداڵان نە ئامرازی بەرهەمهێنانەوە بن و نە سپاردەی “نامووس”، بەڵکوو مرۆڤگەلێکی ئازاد بن. ڕزگاریی ژنان و منداڵان، بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ ڕزگاریی تەواوی چینی کرێکار. وە هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە ئەم پرسە نەخاتە ناوەندی سەرنجی خۆیەوە، بەشێک لە کۆمەڵگا و نیوەی ئیمکانی ڕزگاریی نادیدە گرتووە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە