فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟
شەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۰   |  08-01-2022

مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟ ئایا لە وڵاتێکدا کە هەموو شتێک ڕەنگ و بۆی سیاسیی هەیە، ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ لە سیاسەت و حیزبە سیاسییەکان سەربەخۆ بێت؟

لە وڵام بەم پرسیارە پێویستە بڵێین کە مەبەستی ئێمە لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەتە. ئێمە لەسەر سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت تەئکید دەکەین. ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت بەو مانایەیە کە دەوڵەت نابێ لە هیچ قۆناغێک لە پڕۆسەی پێکهاتنی ڕێکخراوی کرێکاریدا دەخاڵەت بکات. دەوڵەت نابێ هیچ جۆرە دەخاڵەتێکی لە دیاریکردنی جۆری ڕێکخراوێک کە کرێکاران پێکی دێنن هەبێت. ئەوەیکە کرێکاران شۆرا پێک دێنن یان سەندیکای کرێکاری یان هەر شێوازێکی دیکە، ئەوە ئەمری خودی کرێکارانە. پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری نابێ بە ئیزنی دەوڵەت یان ئۆرگانێکی وەک وەزارەتی کار یان خانەی کاریگەر و ناوەندەکانی ترەوە سنووردار کرابێتەوە. لە یاسای کار و باقیی یاساکانی وڵاتدا پێویستە ئازادی و مافی پێکهێنان و بەرپاکردنی ڕێکخراوی کرێکاری بە بێ کەموکوڕی بە ڕەسمی بناسرێت و کرێکاران ئازاد و موختار بن کە ڕێکخراوی دڵخوازی خۆیان لە هەر پڕۆسەیەکدا و بە هەر شێوەیەک کە خۆیان پێیان گونجاوە پێک بێنن. لە یاسای کاردا پێویستە بەڕوونی ڕابگەیەندرێت کە کرێکاران لە پێکهێنانی هەرجۆرە ڕێکخراوێکدا لەوانە ڕێکخراو بۆ خەباتی ئابووری، سیاسی و یان فەرهەنگی ئازادن. هەر جۆرە ڕێکخراوێکی کرێکاری لە ئاست کارگە، کارخانە، ناوچە، شار و یان پێکهێنانی ڕێکخراوی سەرتاسەری، ئازادە. دەوڵەت ئەرکی سەرشانیەتی و پێویستە هەموو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران بەڕەسمی بناسێت. دەوڵەت پێویستە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە هەموو کاروباری پێوەندیدار بە کار و ناکۆکیی کرێکار  و خاوەنکار بەڕەسمی بناسێت. نە دەوڵەت و نە هیچ کەسێک مافی دەستدرێژیی بۆسەر ئەم ڕێکخراوانە نییە. ئەگەر لە یاسای کار یان یاسای وڵاتدا خزمەتگوزاری یان ئیمکاناتێک بۆ ئەم ڕێکخراوە کرێکارییانە لەبەرچاو گیرابێت پێویستە تەنیا ناونووس کردنی ئەم ڕێکخراوانە بەس بێت تا ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەم خزمەتگوزارییانە بەهرەمەند بن. لە ئیختیار دانانی ئەم ئیمکاناتە نابێ بە قەبووڵکردنی هیچ پێش مەرجێکەوە لە لایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکانەوە گرێ درابێت. کەوابوو هیچ جۆرە یاسایەک سەبارەت بەوەیکە ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەبێ چ تایبەتمەندییەکیان هەبێت تا لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕەسمی بناسرێن، نابێ بوونی هەبێت. هەربۆیە مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆی، ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەتە. لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بە هۆکاری جۆراوجۆر خەبات بۆ مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت، گرینگی و جێگەوپێگەیەکی تایبەتی هەیە.

بەم ڕوونکردنەوەیە دەگەینە بەشی دووهەمی پرسیارەکە کە ئایا ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دەتوانێ سەربەخۆ لە سیاسەت و حیزبە سیاسییەکان بێت؟ ئێمە هەرکات باس لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دەکەین، لەسەر سەربەخۆبوون لە دەوڵەت تەئکید دەکەین. ئامانجی ئێمە لە تەئکید لەسەر سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت بەم دەلیلەیە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە حوکم و فەرمانی سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە سیاسەت و حیزبە سیاسییەکان درووست نییە. هەڵبەت ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ و دەبێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەیی و لە بورای ماڵییەوە سەربەخۆ لە حیزبە سیاسییەکان بێت بەڵام ئەوە بە مانای سەربەخۆبوون لە سیاسەتی حیزبەکان بەگشتی و سیاسەتی حیزبێکی دیاریکراو بەتایبەتی نییە. ڕێکخراوێکی کرێکاری لە هەمان حاڵدا دەتوانێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەییەوە سەربەخۆ بێت بەڵام لە بواری سیاسییەوە لەژێر کاریگەری و نفووزی سیاسەت و بۆچوونی حیزبێکی دیاریکراودا بێت. ئەم هەڵوێستگیرییە زیاتر ڕوون دەکەینەوە. هەروەک وەک چۆن هیچ کەس دژی دەخاڵەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، بە هەر پێگەی کۆمەڵایەتی و پۆست و مەنزەلەتێکەوە، لە سیاسەتدا نییە، بەڕواڵەت هەرکەسیش دەخاڵەتی تاکەکەسیی کرێکاران لە سیاسەتدا بەڕەسمی دەناسێت. هەروەک نوێنەرێکی مەجلیس، کارمەندێکی وەزارەتخانە، مامۆستایەکی زانکۆ، سەرمایەدار و خاوەن کارخانەیەک دەتوانێ سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، کرێکاریش دەتوانێ بیر لە سیاسەت بکاتەوە، سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسی و بکەوێتە سەرووی حیزبێکی دیاریکراوەوە.

هەروەک چۆن سەرمایەداران دەتوانن بەشێوەی ڕێکخراو لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکەن، لە دنیای واقعیدا ناکرێ بەربە دەخاڵەتی ڕێکخراوی کرێکاران لە سیاسەتدا بگیرێت، ناکرێ لە دەخاڵەتی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە کاروباری سیاسی ڕێگری بکرێت. خەباتی چینایەتی خەباتێکی ڕێکخراوە و بەشێوەی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت. ئەگەر چاو لێبکەین دەبینین کە لە دنیای واقعیدا سەرمایەداران چ لە ئاستی مەحەلی و میللی، چ لەئاستی ناوچەیی و جیهانی دا، لە ناوەندە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان ڕێکخستووە.  ئەوان خۆیان لە مەجلیس و پەرلەمان، لە ئەرتەش و پۆلیس و زیندانەکان، یەکیەتیی خاوەنکاران، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناتۆ و لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و لە هەزار و یەک ڕێکخراو و ناوەندی دیکەدا ڕێکخستووە کە هەر کامیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سیاسەتدا دەخیلن و پێکەوە سیاسەت و فەرهەنگی زاڵی جیهان پێک دێنن. بێگومان لەو نێوەدا ناکرێ دەخاەتی ڕێکخراوی چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە سیاسەتدا مەنع بکرێت.   

کەوابوو هەروەک کرێکاران بەشێوەی تاکەکەسی لە سیاسەتدا دەخاڵەت دەکەن و دەتوانن ببنە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، ڕێکخراوی کرێکاریش دەتوانێ لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکات، لە سیاسەتەکانی حیزبێکی دیاریکراو پشتیوانی بکات و لەژێر کاریگەریی و نفووزی سیاسی و مەعنەویی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت. بەڵام ڕێکخراوێکی کرێکاری بە هەر ڕادەیەک لەگەڵ حیزبێکی سیاسی پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت ناتوانێ لە بواری ڕێکخراوەیی و یاساییەوە سەربەخۆیی خۆی لە حیزبەکان بپارێزێت. واتە سووخت و سازی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتییەکەی بەپێی ئەساسنامە و پێورە تەشکیلاتییەکانی هەمان ڕێکخراو ئەنجام دەدرێت. بڕیاردانەکان و دابەشکردنی بەرپرسایەتییەکان لەڕێگەی مێکانیسمە پێناسەکراوەکانی خودی ئەم ڕێکخراوەوە ئەنجام دەدرێت. کاریگەری دانان لەسەر بڕیارەکانی ڕێکخراوی کرێکاری لەڕێگەی مێکانیسمە سیاسییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر حیزبێک خوازیاری گرتنەبەڕی بڕیارێک لەلایەن ڕێکخراوێکی کرێکارییەوەیە، ئەم کارە تەنیا لە ڕێگەی بە قەناعەت گەیاندنی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە کە بەشێکیان لەوانە ئەندامی هەمان حیزب بن، مومکینە. ئەوەیکە ڕێکخراوێکی کرێکاری لە کام حیزب نزیکە و چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ یەک یان چەند حیزب پێک دێنێنت بابەتێکی تەواوەن سیاسییە و پەیوەندی بە خودی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییەوە هەیە و خودی ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکە دیاریی دەکەن. ئەندام و هەڵسووڕاوانی کرێکاری بە هەر ڕادەیەک لە هۆگرایەتیی ڕێکخراوەییان بە حیزبێکی سیاسی، پێویستە لە ناو ڕێکخراوە کرێکارییەکەدا، پەیڕەوی پێوەرە پێناسەکراوەکان بن.

لە مێژووی ئێراندا دەوڵەتە کۆنەپەرستەکان بەردەوام لەسەر سەربەخۆیی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە حیزبە سیاسییەکان پێداگرییان کردووە. لە سەردەمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەویدا، دەسەڵاتداران کاتێک خۆیان لە بەرامبەر یەکیەتییە کرێکارییەکان کە بە ڕێبەری و لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دواتر لە لایەن حیزبی توودەوە پێکهابوون، بینی، بابەتی “ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان”نیان لە بزووتنەوەی کرێکاریدا هێنایە گۆڕێ و لەژێرناوی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە چەپەکان، هێرشیان کردە سەر ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئەو سەردەم. ئەم ڕژیمانە ئامانجیان جیاکردنەوەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان بوو. لە ڕوانگەی ئەم دەوڵەتانەوە یەکیەتییە کرێکارییەکان نابێ لە لایەن حیزبە چەپەکانەوە پێک بێن و نابێ لە بەرەی چەپی گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا حزووریان بێت. هەروەک باسمان کرد، لە مێژوودا، باسی سەربەخۆبوونی یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە حیزبە سیاسیەکان و لە سیاسەت بەگشتی، تەنیا بەئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێکخراو و یەکیەتییە کرێکارییەکانی نزیک بە حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاتووەتە گۆڕێ.