فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەبەست لە ڕێکخراو و سازمانی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟
چوارشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۲   |  12-07-2023
مەبەست لە ڕێکخراو و سازمانی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟

لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا لە جەرگەی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتی و سەربەخۆی کرێکاران یەکجار گرینگ بووەتەوە. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، پێکهاتنی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەزانن. لە جەریانی شۆڕشی ٥٧دا کرێکاران لە زۆرێک لە ناوەندە کرێکارییەکان بەتایبەت لە سەنعەتی نەوت شۆراکانی خۆیان پێکهێنا. ئەم شۆرایانە کۆنتڕۆڵی کارخانەیان بەدەستەوە گرت و سەربەخۆ لە دەوڵەت لەسەر هەموو کاروباری پێوەندیدار بە کرێکاران و بەرهەمهێنان بڕیاریان دەدا. لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران سەندیکای کرێکاری و یەکیەتیی بێکاران پێکهاتن. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی شۆڕش بە دروشمی ” شورا پورا مالیدە” هاتە مەیدان و ئەم شۆرایانە و باقیی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەرکوتکرد. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی ئێران لەو باوەڕەدان و بەقووڵی هەستی پێدەکەن کە یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی خەباتی ئەو سەردەمە مێژووییە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدرانەوە زەوتکراوە. ئەم هەستە قووڵە سینگ بە سینگ گەیشتووەتە پێشڕەوانی لاوتری بزووتنەوەی کرێکاری و لەئێستادا بە وشیاری و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکان، لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەم دەستکەوتە زەوتکراوانەدان.

بەسەرەنجدان بە ڕەوتی گەشەی خەباتی کرێکاری و هەلومەرجی سیاسیی کۆمەڵگا، چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران زیاتر لە ڕابردوو لە گرینگیی ستراتێژیکی پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری ئاگادارن. ئەوان بە وشیاری چینایەتییان و بە تەجروبەی عەینیی خەباتی چەندین ساڵی ڕابردوو بەوە گەیشتوون کە نەتەنیا پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری بەڵکوو پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستاش، زیاتر لە ڕابردوو لە گرەوی پێکهێنانی ڕێکخراو و سازمانی سەربەخۆی کرێکاریدایە. هەربۆیە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێک لە باس و لێکۆڵینەوە و هەوڵی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ بواری پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و لابردنی بەربەستەکان تەرخانکراوە.

بەڵام مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟

مەبەستی ئێمە لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت و خاوەنکار و سەرمایەردارانە. ئێمە لەسەر سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت و خاوەنکار تەئکید دەکەین. ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت و خاوەنکار بەو مانایەیە کە دەوڵەت و خاوەنکار نابێ لە هیچ قۆناغێک لە پڕۆسەی پێکهاتنی ڕێکخراوی کرێکاریدا دەخاڵەت بکەن. دەوڵەت و خاوەنکار نابێ هیچ جۆرە دەخاڵەتێکیان لە دیاریکردنی جۆری ڕێکخراوێک کە کرێکاران پێکی دێنن هەبێت. ئەوەیکە کرێکاران شۆرا پێک دێنن یان سەندیکای کرێکاری یان هەر شێوازێکی دیکە، ئەوە ئەمری خودی کرێکارانە.

پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری نابێ بە ئیزنی دەوڵەت یان ئۆرگانێکی وەک وەزارەتی کار یان خانەی کاریگەر و ناوەندەکانی ترەوە سنووردار کرابێتەوە. لە یاسای کار و باقیی یاساکانی وڵاتدا پێویستە ئازادی و مافی پێکهێنان و بەرپاکردنی ڕێکخراوی کرێکاری بە بێ کەموکوڕی بە ڕەسمی بناسرێت و کرێکاران ئازاد و موختار بن کە ڕێکخراوی دڵخوازی خۆیان لە هەر پڕۆسەیەکدا و بە هەر شێوەیەک کە خۆیان پێیان گونجاوە پێک بێنن. کرێکاران لە پێکهێنانی هەرجۆرە ڕێکخراوێکدا لەوانە ڕێکخراو بۆ خەباتی ئابووری، سیاسی و یان فەرهەنگی ئازادن. دەوڵەت ئەرکی سەرشانیەتی و پێویستە هەموو ڕێکخراوەکان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران بەڕەسمی بناسێت. دەوڵەت پێویستە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە هەموو کاروباری پێوەندیدار بە کار و ناکۆکیی کرێکار و خاوەنکار بەڕەسمی بناسێت.

کەوابوو ئێمە هەرکات باس لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دەکەین، لەسەر سەربەخۆبوون لە دەوڵەت تەئکید دەکەین. ئامانجی ئێمە لە تەئکید لەسەر سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت بەم دەلیلەیە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕێکخراوی کرێکاری ناتوانێ لە بواری سیاسییەوە سەربەخۆ لە ئەحزاب بێت. هەڵبەت ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ و دەبێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەیی و لە بواری ماڵییەوە سەربەخۆ لە حیزبە سیاسییەکان بێت بەڵام ئەوە بە مانای سەربەخۆبوون لە سیاسەتی حیزبەکان بەگشتی و سیاسەتی حیزبێکی دیاریکراو بەتایبەتی نییە. ڕێکخراو و سازمانی کرێکاری پێویستە لە بواری ئابوورییەوە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ. . ڕێکخراوێکی کرێکاری لە هەمان حاڵدا دەتوانێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەییەوە سەربەخۆ بێت بەڵام لە بواری سیاسییەوە لەژێر کاریگەری و نفووزی سیاسەت و بۆچوونی حیزبێکی دیاریکراودا بێت. لێرەدا ئەمە زیاتر ڕووندەکەینەوە.

هەروەک وەک چۆن هیچ کەس دژی دەخاڵەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، بە هەر پێگەی کۆمەڵایەتی و پۆست و مەنزەلەتێکەوە، لە سیاسەتدا نییە، بەڕواڵەت هەرکەسیش دەخاڵەتی تاکەکەسیی کرێکاران لە سیاسەتدا بەڕەسمی دەناسێت. هەروەک نوێنەرێکی مەجلیس، کارمەندێکی وەزارەتخانە، مامۆستایەکی زانکۆ، سەرمایەدار و خاوەن کارخانەیەک دەتوانێ سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، کرێکاریش دەتوانێ بیر لە سیاسەت بکاتەوە، سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسی و بکەوێتە سەرووی حیزبێکی کۆمۆنیستیی دیاریکراوەوە. هەروەک چۆن سەرمایەداران دەتوانن بەشێوەی ڕێکخراو لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکەن، لە دنیای واقعیدا ناکرێ بەربە دەخاڵەتی ڕێکخراوی کرێکاران لە سیاسەتدا بگیرێت، ناکرێ لە دەخاڵەتی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە کاروباری سیاسی ڕێگری بکرێت.

خەباتی چینایەتی خەباتێکی ڕێکخراوە و بەشێوەی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت. ئەگەر چاو لێبکەین دەبینین کە لە دنیای واقعیدا سەرمایەداران چ لە ئاستی مەحەلی و میللی، چ لەئاستی ناوچەیی و جیهانی دا، لە ناوەندە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان ڕێکخستووە. ئەوان خۆیان لە مەجلیس و پەرلەمان، لە ئەرتەش و پۆلیس و زیندانەکان، یەکیەتیی خاوەنکاران، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناتۆ و لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و لە هەزار و یەک ڕێکخراو و ناوەندی دیکەدا ڕێکخستووە کە هەر کامیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سیاسەتدا دەخیلن و پێکەوە سیاسەت و فەرهەنگی زاڵی جیهان پێک دێنن. بێگومان لەو نێوەدا ناکرێ دەخاەتی ڕێکخراوی چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە سیاسەتدا مەنع بکرێت.

کەوابوو هەروەک کرێکاران بەشێوەی تاکەکەسی لە سیاسەتدا دەخاڵەت دەکەن و دەتوانن ببنە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، ڕێکخراوی کرێکاریش دەتوانێ لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکات، لە سیاسەتەکانی حیزبێکی دیاریکراو پشتیوانی بکات و لەژێر کاریگەریی و نفووزی سیاسی و مەعنەویی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت. بەڵام ڕێکخراوێکی کرێکاری بە هەر ڕادەیەک لەگەڵ حیزبێکی سیاسی پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت پێویستە لە بواری ڕێکخراوەیی و یاساییەوە سەربەخۆیی خۆی لە حیزبەکان بپارێزێت. واتە سووخت و سازی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتییەکەی بەپێی ئەساسنامە و پێورە تەشکیلاتییەکانی هەمان ڕێکخراوی کرێکاری ئەنجام دەدرێت. بڕیاردان و دابەشکردنی بەرپرسایەتییەکان لەڕێگەی مێکانیسمە پێناسەکراوەکانی خودی ئەم ڕێکخراوەوە بەڕێوەدەدچێت. کاریگەری سیاسی ئەحزاب لەسەر بڕیارەکانی ڕێکخراوێکی کرێکاری لە ڕێگەی میکانیزمی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر حیزبێکی کۆمۆنیستی بیهەوێت ڕێکخراوێکی کرێکاری بڕیارێکی دیاریکراو بدات، ئەوە تەنیا بە ڕازیکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە کرێکارییە دەکرێت کە ڕەنگە هەندێکیان ئەندامی هەمان حیزب بن. ئەوەیکە ڕێکخراوێکی کرێکاری لە کام حیزب نزیکە و چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ یەک یان چەند حیزب پێک دێنێنت بابەتێکی تەواوەن سیاسییە و پەیوەندی بە خودی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییەوە هەیە و خودی ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکە دیاریی دەکەن. هەڵسووڕاوانی ڕێکخراوێکی کرێکاری ئەگەر سەربە حیزبێکی سیاسیی دیاریکراویش بن، پێویستە لە ناو ڕێکخراوە کرێکارییەکەدا، پێوەرە پێناسەکراوەکانی هەمان ڕێکخراو پەیڕەو بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co