فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەترسیی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرەوە و زەروورەتی ڕێکخستن لە خوارەوە
دوشەممە ۱۳-۱۱-۱۴۰۴   |  02-02-2026

تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردوو کە لە ڕەوتی شەپۆلی بەهێزی ڕاپەڕینی سەرانسەریی بەفرانباری ١٤٠٤دا جارێکی دیکە کۆمەڵگای ئێرانی هەژاند، ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قوڵە کە لە دڵی بنبەستی پێکهاتەیی “سەرمایەداریی ئیسلامی”ـەوە سەری هەڵداوە. کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژیی بەرین و سامناکی ناڕازییان کە جارێکی دیکە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدارانی دەرخست، نەک نیشانەی هێز و توانای دەسەڵات، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی یەکجاریی مەشرووعییەتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ئەو ڕژیمەیە. لەم هەلومەرجەدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە “چیمان ناوێت و کێ دەبێ بڕوات”، بەڵکوو پرسیاری “چیمان دەوێ و چ هێزێک، بە چ بەرنامەیەک و لە چ ڕێڕەوێکەوە دەسەڵات دەگرێتە دەست” دێتە سەرووی هەموو پرسیارەکانەوە.

ئێستا و هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی سەرکوت لە ناوخۆدا، هەڕەشە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و مەترسیی شەڕ و دەستێوەردانی سەربازی باڵی بەسەر ئاسمانی ئێران و ناوچەکەدا کێشاوە. ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ڕژیم و پاوانخوازییە ناوچەییەکانی، قەیرانە جیۆپۆلیتیکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ ئیمپریالیستییەکان، ئێرانیان کردووەتە مەیدانێکی بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی هەرگیز نابێتە هۆی ڕزگاریی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و گەلانی ستەملێکراو، بەڵکوو هەمیشە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی شێوازی نوێ لە دەسەڵاتگەری و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی. لەم بەستێنەدا، پرۆژە سیاسییەکانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواکان، لە سەڵتەنەتخوازان و موجاهیدینی خەلقەوە بگرە تا دەگاتە هەندێک لە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و بەلووچستان کە هیوایان بە دەستێوەردان و پشتیوانیی هێزە دەرەکییەکان و سازوکاری “گواستنەوەی دەسەڵات لە سەرەوە” بەستووە، لە دژایەتییەکی ئاشکرادان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسۆی ڕزگاریخوازانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری لە خوارەوە هەژمار دەکرێن.

ئەم بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەرباری جیاوازییە بەرنامەیی و ستراتیژییەکانیان، لە یەک خاڵدا هاوبەشن: بێ‌متمانەیی قوڵ بە توانای ڕێکخراوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە چوارچێوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا. ئەوان نەک خوازیاری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵات نین، بەڵکوو بەدوای جێگۆڕکێی نوخبە دەسەڵاتدارەکان و بەدەستهێنانی پشکێکن لە دەسەڵاتی سیاسی. ئەم جۆرە پرۆژانە و هیوابەستن بە دەستێوەردانی سەربازیی هێزە ئیمپریالیستەکان، نەک تەنیا یارمەتیی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران نادات، بەڵکوو دەبێتە هۆی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە فۆرم و شێوەیەکی دیکەدا. هێرشی سەربازیی ئەمریکا کە ئەم بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن چرکەژمێری بۆ ڕوودانی دەکەن، دەتوانێت تەواوی دەستکەوتەکانی خەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران کە لە نەبەردی سەنگەر بە سەنگەر و بە بەهای ئەو خوێنانەی لەسەر شەقام ڕژاون بەدەست هاتوون، نابوود بکات.

لە بەرامبەر ئەم ئاسۆ کۆنەپەرستانەیەدا، زەروورەتی ڕێکخستنی سەربەخۆی چینایەتی زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستییەکی سیاسیی پەیدا کردووە. ئەزموونی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم نیشانی دەدات کە بەبێ ئامادەییی ڕێکخراوی چینی کرێکار و پێکهێنانی دامەزراوەکانی دەسەڵات لە خوارەوە، شۆڕش یان شکست دەخوات یان دەستی بەسەردا دەگیرێت. لە دڵی ئەم قەیرانە سیاسییە توندانەدا، پێکهێنانی کۆمیتەکان، شووراكان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە ژینگە و شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لە گەڕەکەکانی شارەکاندا، دروشمێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکوو وەڵامێکی عەمەلییە بە مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی. ئەم شوورا و دامەزراوە جەماوەرییانە دەتوانن هەم ئامرازی ڕێکخستنی مانگرتنی سەرانسەری و هێنانەمەیدانی جەماوەر و بەرگریی بە کۆمەڵ بن لە بەرامبەر سەرکوتدا، و هەم ئامرازێک بن بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی جەماوەری و بەڕێوەبردن لەو هەلومەرجەی کە نیشانەکانی بۆشایی دەسەڵاتی ئیداریی دەزگای حاکم دەردەکەون.

هەنگاونان لە ڕێڕەوی پێکهێنانی کۆمیتە و شووراکانی گەڕەک، دەرفەتی بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بڕیاردان، ڕێکخستنی خەبات و دابینکردنی پێداویستییە دەستبەجێکان لە سەردەمی شڵەژانە سیاسییەکاندا دەڕەخسێنێت. لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئێستا ڕەوایەتیی خۆی لەدەست داوە و دامەزراوە فەرمییەکان بوونەتە ئامرازی سەرکوت، ئەم پێکهاتانە دەتوانن هەر چەشنە بۆشاییەکی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی حاکم بە قازانجی چەوساوەکان پڕ بکەنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، کۆمیتەکانی گەڕەک، شووراكان و دامەزراوە جەماوەرییەکان تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە بەدیلێکی واقعی بۆ دەسەڵاتی حاکم لە سەردەمی توندبوونەوەی قەیرانە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکاندا، کە لە چوارچێوەی ئاسۆیەکی سەرانسەری و ئاگایانەدا بەیەکەوە گرێ بدرێن. بۆیە، هەوڵدان بۆ دروستکردنی “ڕێبەرییەکی سەرانسەری” لە ڕێگای بەیەکەوە بەستنەوەی دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان، چالاکان و ڕێبەرانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی دژی سێدارە و بنەماڵە دادخوازەکان کە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بابەت و چالاکیی خۆیان هەیە، و هەروەها جێخستن و نهادینە کردنی ئەم پەیوەندییانە، دەتوانێت لە نەبوونی تەشەکول و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا تا ڕادەیەک ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv