فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەترسی ئێعدامی دوو بەندکراو لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج
یەکشەممە ۱۵-۰۴-۱۴۰۴   |  06-07-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، “حەمید و مەیسەم کوشکی”، دوو برای تەمەن ۲۷ و ۲۵ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی “تەرهان”ی سەر بە شاری کۆهدەشت و بەندکراو لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج، کە پێشتر لەگەڵ برایەکی دیکەیان بەناوی “فەرمان کوشکی”، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو، مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان لە ئارادایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کوشکی، حوکمی ئێعدامی حەمید کوشکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و بڕیارە لە ڕێکەوتی ۲۹ی پووشپەڕی ١٤٠٤ جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێیان ڕاگەیەندراوە کە دواتر حوکمی ئێعدامی براکەی واتە مەیسەم کوشکی جێبەجێ دەکرێت. ئەو سەرچاوە هەروەها بە ئاماژە بە هەستیاریی ئەو دۆسیە و پاڵپشتییە ڕێکخراوەکان لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، ڕایگەیاند کە ئەو دوو برایە تا ئێستا مافی دەستڕاگەیشتنی پێویست بە پارێزەریان نەبووە و ڕەوتی دادگاییکردنیان ڕەوتێکی ناڕوون و نادادپەروەرانە بووە. ئەو بەربەستانە ئەگەری بەرگریی پێویست و ڕاگەیاندنی زانیاری لە بارودۆخی دوسیەکەیان بۆ بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە سەختتر کردووەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو سێ برایە ساڵی ١٣٩٨بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج دەستبەسەر کران و لەژێر گوشاری سەختی ئەمنی و ئەشکەنجەدا، بە دانپێدانانی زۆرەملێ حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا. شایانی باسە، فەرمان کوشکی لەژێر ئەشکەنجە و بە بڕیاری ئازادکردنی براکانی، تۆمەتی کوشتنی قەبوڵ کرد و حوکمی ئێعدامەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی ۴ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. بەڵام ئێستا حەمید و مەیسەم کوشکی مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەیان لە ئارادایە.