مەترسی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازێکی ئێرانی لە تورکیەوە بۆ ئێران
سێشەممە ۳۱-۰۳-۱۴۰۱   |  21-06-2022
بەپێی راپۆرتی ئەنجومەنی هاوپشتی بۆ پەنابەران و پەنابەرانی ئێرانی لە توركیە، رۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، پەناخوازی سیاسی فەربۆد سۆڵتانی لە فڕۆكەخانەی قێبرێس لە كاتی كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات، دەستبەسەر كرا و دواتر دیپۆرتی توركیە كراوە. ئێستا ترسی ئەوە هەیە کە دیپۆرت بکرێتەوە بۆ ئێران. ئەگەر ڕادەستی ئێران بکرێتەوە، ڕووبەڕووی مەترسی ئیعدام دەبێتەوە.
ئەنجومەنی هاوپشتی بۆ پەنابەران و پەناخوازانی ئێرانی لە تورکیە بەردەوامە لە دژایەتیکردنی دیپۆرتکردنەوە و لێسەندنەوەی مافی ژیان بۆ هەموو مرۆڤێک، داواش لە هەموو چالاکوانان و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی ئەم هەڵسووڕاوە سیاسییە بۆ ئێران.