بەپێی زانیارییەکان، حسێن حسێنی و نەسرین خۆشنەوازیان و دوو منداڵی تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵەکەیان، بەشێوەی کاتی و لە باردۆخێکی سەختدا بۆ شاری دێنیزلی نێردراون.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئیدارەی پەنابەری دێنیزلی لەگەڵ مانەوەیان لەو شارەدا دژایەتی کردووە و بارودۆخی ئەو بنەماڵە لەو شارەدا ناڕوونە. بە وتەی حسێن حسێنی، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەرکران لە کەمپی “موغلا” ئازاد کران و بۆ شاری دێنیزلی گواستراونەتەوە. ئەو بنەماڵە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە لایەن پۆلیسی شاری بۆدرۆمی تورکییە دەستبەسەر کرابوون و بەهۆی ئەوەی بە “پێشێلکرانی یاسا” ناو بردراوە، دوای ماوەیەک بەمەبەستی ڕادەستکردنەوەیان بۆ دەستبەسەرگەی موغلا گواسترانەوە. جێگای ئاماژەیە، حسێن حسێنی، ساڵی ١٣٩٨ بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم، ئێرانی بەجێهێشت. ناوبراو سەرەتا ڕۆیشتووەتە هەرێمی کوردستان و دواتر بەمەبەستی گەیشتن بە ئۆرووپا، ڕۆیشتووەتە وڵاتی تورکییە و لە نێوان ڕێگای گەیشتن بە ئۆرووپادا، لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراون.