دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی کۆتۆل سەر بە پارێزگای ورمێ دا سەپاند. تەوحید دەروێشی خەڵکی گوندی گڕناویک سەر بە شارۆچکەی کۆتۆلی شاری خۆی، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی شاری تەورێز لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، دەستبەسەرکراوە.
ئەم هاووڵاتییە، کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، بەبێ هەبوونی پارێزەر لەلایەن دەزگای دادی ڕژیمەوە لە شاری تەورێز سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، تەوحید دەروێشی پیشەی شۆفێرییە و ئەو ڕۆژەی کە دەستبەسەرکراوە لە یەکێک لە بەنزینخانەکان گاڵۆنێک بەنزینی کڕیوە و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ لای ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە کەوتوەتە بەر لێدان و کوتان و پاشان دەستبەسەر کراوە.
دادوەری دادگای تەوحید دەروێشی، دوای ڕاگەیاندنی سزای سێدارەی تەوحید بە بنەماڵەکەی، وێرای هەڕەشە و بێڕێزییەکی زۆر بە بنەماڵەی ناوبراو، لە هۆڵی دادگا کردوویانە دەرەوە. تەوحید دەروێشی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بووە و بە هەموو شێوەیەک لە هەموو مافەکانی کەسێکی تۆمەتبار لەوانە هەبوونی پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و پێ ڕاگەیشتنی دەرمانی بێبەری بووە
ئێستا تەوحید دەروێشی لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز دەستبەسەرە و لەلایەنی دەرونییەوە لەژێر گوشاردایە.