
ئاژانسی هەواڵنێریی “ئیرنا”ی سەر بە ڕژیم، لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداری داوە کە بەهۆی وشکەساڵییەکی مێژووییەوە، خەڵکی تاران لەبەردەم مەترسی تەواوبوونی ئاوی خواردنەوە دایە.
بێهزاد پارسا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی تاران، ڕایگەیاندووە بەنداوی ئەمیر کەبیر، یەکێک لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاو بۆ شارەکە، تەنیا ١٤ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە دەکاتە سەدا ٨ی توانای گلدانەوەی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە ئاوە تەنیا “بۆ ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە” بەشی پێداویستییەکانی تاران دەکات. بە وتەی ناوبراو، لە ساڵی ڕابردوودا، بەنداوەکە نزیکەی ٨٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابووە، و ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە، بۆ دابەزینی سەد لە سەدی ڕێژەی بارانبارین دەگەڕێتەوە.
پێشتریش پارێزگاری تاران ڕایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی چوار بەنداوی سەرەکیی شارەکە بە ڕێژەی سەدا ٨٧ دابەزیوە. بە وتەی کۆمپانیای ئاوی پارێزگاکە، بەهۆی وشکەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمیی باران، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا. جێگای ئاماژەیە، تاران، زیاتر لە 10ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە و دەکەوێتە بناری باشووری چیای ئەلبۆرز و ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێنێت. بەهۆی ئەم قەیرانەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، ئاو لە چەندین گەڕەکی شارەکە بڕدراوە و ئەم حاڵەتە لە وەرزی هاوینیشدا بەردەوام بووە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی خۆجێی شارەکە لە مانگی خەرمانان بڕیاری داخستنی نزیکەی ٢٠ هەزار تەوالێتی گشتییان دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی.