فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەترسی لەدەستدانی چاوی ئەرسەلان خودکام بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە
شەممە ۲۲-۰۷-۱۴۰۲   |  14-10-2023

ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ناوەندی ورمێ کە تووشی نەخۆشی چاو (ئاو مرواری) بووە، دوای ڕازی نەبوونی کاربەدەستانی زیندان بۆ ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، گواسترایەوە بۆ دەرمانخانەی بەندیخانە و بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە چاوی چەپی مەترسیی لەدەستدانی بینایی لەسەرە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەفتەی یەکەمی مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ، ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی نەخۆشی ئاو مرواری بۆ دەرمانخانەی زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، بەهۆی لێدانی دەرزییەکی نەناسراو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی چاوەکانی خراپتر دەبێت. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕازی نەبوونی کاربەدەستانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ گواستنەوەی ئەم بەندکراوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و گواستنەوەی بۆ دەرمانخانەی ناو بەندیخانە لە کاتێکدا بووە کە ئیمکانات و کادیری دەرمانی ئەم دەرمانخانەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی پێشکەوتووی وەکوو ئاو مرواری بە کەڵک نایەت.ئەم بەندکراوە سیاسییە تاکوو ئێستا نزیک بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی لە زیندان تێپەڕاندووە، لە ئێستادا لەبەندی ١٢ی زیندانی ناوەندی ورمێ ناسراو بە “بەندی ئیرشاد” ڕاگیراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەرسەلان خودکام خەرمانانی ١٣٩٧، لە لایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا کە دواتر بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون سزایەکەی گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی و ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێندرا.