فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری لە “غیابی ترامپ”دا خامنەیی کوڕیان لە جێگەی خامنەیی باوک دانا
چوارشەممە ۲۰-۱۲-۱۴۰۴   |  11-03-2026

لە کاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە دووەمین هەفتەی خۆیەوە و، هەموو ڕۆژێک زیاتر لە ڕۆژی پێشوو ڕەهەندە بەرفراوانەکانی وێرانی، کوشتار و ئاوارەیی و نەهامەتییەکانی دیکەی ئەم شەڕە لەسەر ئاسایش، کار، ژیان و بژێویی خەڵک ڕوونتر دەبێتەوە، مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە «بە دەنگی یەکلاکەرەوە، موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووە». جەللادی کوڕیان لە جێگەی جەللادی باوک دانا تاوەکوو ستراتیژیی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە سەردەمی شەڕ و قەیراندا پێوشوێن بگرێت. تا ئەم ساتەوەختە، یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نەتانیاهۆ و ترامپ، گۆڕینی ڤێرژنی خامنەیی پیر بووە بە ڤێرژنە گەنجەکەی، وەکوو ئوسوولگەراکان دەڵێن: « ڕێگای خوا ڕوون بووەوە، خامنەیی گەنج بووەوە». سەرباری ئەوەی کە توێژێک لە ڕێبەران و فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو چوون و شەڕ و وێرانکاری بەردەوامە، بەڵام پێچەوانەی تەسەوری ترامپ، هێشتا هیچ نیشانەیەک لە هەڵکشان و سەرهەڵدانی ئیسڵاحخوازانی حکوومەتی و ئیعتدالخوازانێک کە ئامادەی تەسلیمبوون بن لە بەرامبەر مەرجەکانی ئەمریکادا، نابینرێت.

بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی بۆ پێگەی ڕێبەریی نیزامی ئیسلامی، زۆرێک لە ئوسوولگەراکان بە بەرزکردنەوەی پلەی ناوبراو بۆ ئایەتوڵڵا، پشتیوانییان لە هەڵبژاردنەکەی کرد. فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان یەک لەدوای یەک بەیعەتیان بە ڕێبەری نوێ کرد و سپای پاسدارانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە پەیڕەوی لە موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری تازە بکات. عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، داوای یەکڕیزیی کرد لە دەوری ڕێبەری نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە ئوسوولگەراکان ئەم هەڵبژاردنەیان بە گوماناوی و بێ‌لۆژیک زانی. لەم نێوەندەدا، لایەنگران و نزیکانی حەسەن ڕووحانی، دیاریکردنی جێنشینیان لە ڕۆژانی شەڕدا بە «کردەوەیەکی لادەرانە و ژەهرێکی کوشندە» ناوبرد. ئەم هەڵوێست‌گرتنانە دەریدەخەن کە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا و تەنانەت لە نێو خودی مەجلیسی خوبرەگانیشدا، کۆدەنگییەکی تەواو لەسەر هەڵبژاردنی خامنەیی کوڕ بوونی نەبووە.

ئەوەی ڕوونە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، جێگە و پێگەی باڵەکان لە ئارایشی سیاسیی حکوومەتدا لە هەر قۆناغێکدا، وابەستە بووە بە ئاستی نفووزیان لەنێو سپای پاسداران، یان پەسەندبوونی ئەو باڵە بۆ مانەوەی ڕژێم لە قۆناغێکی دیاریکراودا لە ڕوانگەی کادری سەرکردایەتیی سپاوە. هەڵکشانی موجتەبا خامنەیی بۆ پلەی ڕێبەری، لە هەمان کاتدا دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە دامەزراوەی سپای پاسداران سەرەڕای ئەو زەبرانەی بەریکەوتووە، هێشتاش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە نێو پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامیدا هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە پایە سەرەکییەکانی دەسەڵات، وەک هێزە چەکدارەکان، ئەمنییەکان و ئیتلاعاتییەکان، تۆڕە بەهێزە ئابووری و میدیاییەکان و هەژموون بەسەر هێزە نیابەتییەکاندا لە ڕێگەی سپای قودسەوە، هەموویان لە دەستی سپادا چڕ بوونەتەوە، ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵ و جێگەیەکی یەکلاکەرەوەی لە بڕیاردانەکانی ڕژێمی ئیسلامیدا هەیە. لە سەردەمی خامنەیی باوکیشدا، سپای پاسداران بەپێی ئەو پێگەیەی هەیبوو، لە هەماهەنگی لەگەڵ وەلی فەقیهدا، ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ململانێ و کێشمەکێشی باڵەکانی نێو حکوومەتدا دەگێڕا. بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی کارەکتەرێکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانە حکوومەتییەکانی لەدەست داوە. موجتەبا خامنەیی کە پێگە و مەوقعییەتی ئێستای دەرئەنجامی کێشمەکێشی نێوخۆیی باڵەکانی حکوومەتە، ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. لەبەر ئەوە، ئەگەر بارودۆخی شەڕ و مەترسیی داڕمانی ئابووری، بەکردەوە ڕۆڵی سپای پاسداران لە ڕابەرایەتیکردن و بەڕێوەبردنی شەڕ و ئابووری لەم دۆخە قەیراناوییەدا زەقتر دەکاتەوە، ئەوا کوژرانی خامنەییش ڕۆڵێکی سەرەکیتری بە سپای پاسداران بەخشیوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە حکوومەتییەکاندا.

سپای پاسداران وەکوو حیزبێکی سیاسیی پادگانی (سەربازگەیی) کار دەکات. پێکهاتەیەکی هەرەمی و پلەبەندییانە بە دیسپلینێکی سەربازییەوە تێیدا زاڵە. ئەگەرچی لە نێو سپادا تۆڕەکانی نفووز بوونیان هەیە، بەڵام سوێندخواردنی ڕێکخراوەیی و دیسپلینی سەربازی، ڕێگە بە باڵباڵێنەی سیاسی و فراکسیۆن نادات. بەڵام ڕوونە کە دابەشبوونی کار لە نێو سپای پاسداراندا لە نێوان ئەو بەشەی کە پاراستنی ئاسایش و بەرپەرچدانەوەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو بەشەی کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی مافیای ئابووریی گرتووەتە ئەستۆ، هاوڕێ لەگەڵ ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی کە کاروباری دەرەوەی سنوورەکان بەڕێوە دەبەن، زەمینەی درز و لێکترازانیشی لە نێوخۆی سپادا بەتایبەتی لە سەردەمە قەیراناوییەکاندا خۆش کردووە.

بەڵام پێچەوانەی سادەبینی و گەشبینییەکانی دۆناڵد ترامپ، کوشتنی خامنەیی و ئەو چاڵانەی کە بۆمبە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە تاران دروستیان کردووە، نەک هەر نەیانتوانیوە یارمەتیدەر بن بۆ باڵادەستبوونی باڵی نەرمڕەوی ڕژێم (خاتەمی، ڕووحانی یان جەواد زەریف) لە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکوو ئەم قەیرانی شەڕە پێگەی سپای پاسدارانی بەهێزتر کردووە، بەجۆرێک کە مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریش کاندیدی دڵخوازی سپای لە سندووقەکانی دەنگدان هێنایە دەرەوە. بێ هۆکار نییە کە ئەڵقەی نزیکانی ڕووحانی لە هەڵبژاردنی ڕێبەر لەم ڕۆژە جەنگییانەدا ئەوەندە تووڕەن و وەکوو «ژەهری کوشندە» ناوی دەبەن. دەرکەوتنی نادروستیی هەڵسەنگاندن و حیساباتەکانی دەزگای دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامی، ترامپی لە دیاریکردنی ئامانجە سیاسییەکانی شەڕدا تووشی دژبێژی کردووە. ئەوەی بە ڕژێمی ئیسلامی متمانە بەخۆبوونی داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا —لە کاتێکدا قەیرانە تێکئاڵاوەکان لە هەر لایەکەوە گەرووی دەگوشن— ئیمانی ئایدیۆلۆژیک نییە، بەڵکوو باوەڕبوونە بەم ڕاستییە سادەیە کە لە ئاسمانەوە ناتوانرێت ڕژێمێکی سەرمایەداریی مافیاییی حەوت‌سەر بڕووخێنرێت. ئێستا بەپێچەوانەی سەڵتەنەت‌خوازە فاشیستەکان، ترامپیش تێگەیشتووە کە بە بۆمب و مووشەک ناتوانرێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنرێت، یان لە ژێر هەژموونی چین و ڕووسیا دەربهێنرێت. لەبەر ئەوەیە کە باس لە «کۆتاییهاتنی شەڕ بەمنزیکانە» دەکات. ئەمریکا ناچارە ئامانجگەلێکی سیاسیی بەردەست بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ پێناسە بکات. کۆماری ئیسلامیش مەحکوومە بەوەی لە هەڵوێستەکانی پێشووی پاشەکشە بکات. بێگومان، کۆماری ئیسلامی پاش شەڕ، زۆر لاوازتر دەبێت لە کۆماری ئیسلامیی پێش شەڕ.

ئێستا ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە باشتر لە هەر کاتێک دەزانن کە شووشەی تەمەنی حکوومەتی ئیسلامی لە دەستی چینی کرێکارەدایە. لەم هەلومەرجەی ئێستادا، بە مانگرتنە کرێکارییەکان لە ناوەندە پیشەسازییەکان و جومگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێناندا —وەک پیشەسازییەکانی نەوت و گاز و پترۆشیمی، پیشەسازییەکانی پۆڵا، ئۆتۆمبێلسازییەکان، تواندنەوەی ئاسن (زەوب ئاهەن)، گواستنەوە، پیشەسازییەکانی کارەبا، کانزاکان، هێڵی ئاسن و…— وە بە دەرکردنی فەرمانی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادیی بێ‌مەرجی سەرجەم زیندانییانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان، دەتوانرێت گەرووی حکوومەتی ئیسلامی زیاتر بخرێتە ژێر گوشارەوە و ماشێنی شەڕ و سەرکوتەکەی بوەستێنرێت.

سۆسیالیستەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاری دەزانن کە هیچ ڕێگەیەکی کورتەبڕ بوونی نییە. مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێناندا، دەتوانێت سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوه‌كانی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی نا بۆ لەسێدارەدان و… لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ بخاتە جووڵە. مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان، کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیان پێکبهێنێت، دەتوانن یەکڕیزیی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران تێکبشکێنن، درزی نێو ڕیزەکانی ئەم هێزانە قووڵتر بکەنەوە و توانای سەرکوتگەرییان زەمینگیر بکەن و، بەم شێوەیە زەمینەکانی ڕێکخستن و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بهێنن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv