
دوای حەوت مانگ گەمارۆی توندی دانیشتووانی غەززە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە، هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی زیاتر لە منداڵان و خەڵکی ئەم کەرتە بەهۆی قاتی و برسیەتییەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئەمە تاوانێکە جیهان لەم سەدەیەدا بەخۆیەوە نەبینیوە. سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژنێڤ هۆشداری دا کە خەڵکی غەززە لە ئەنجامی بەردەوامی گەمارۆدا بەرەوڕووی قاتی و برسیەتیی بەکۆمەڵ بوونەتەوە. ڕاشیگەیاند کە مردن بەهۆی برسیەتییەوە زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەوە لانیکەم ٢١ منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ بەهۆی کەمبوونی لەڕادەبەدەری خۆراکەوە گیانیان لەدەستداوە. هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی نەخۆشخانەی شیفا، گەورەترین نەخۆشخانەی غەززە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ٤٥ فەلەستینی بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەست داوە. ئەم کارەسات و تاوانانە پەڵەی شەرمەزارییە بە ناوچاوانی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کە لە مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی ئەواندا تۆمارکراوە و دەمێنێتەوە.
کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو حکوومەتی نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی دوو مانگەی غەززەی شکاند و بۆ ماوەی ٨٠ ڕۆژ هەموو سنوورەکانی غەززەی داخست و غەززەی خستە ژێر گەمارۆی خۆراکی تەواوەوە و ڕێگەی نەدا هیچ خۆراکێک بچێتە ناو غەززە. گەمارۆدانی تەواو و برسیکردنی خەڵک لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل بەرەوڕوو بووەوە. لە ئەنجامدا ئەمریکا و ئیسرائیل لەژێر فشاری ناڕەزایەتی گشتیدا ناچار بوون پاشەکشەیەکی سنووردار و پیلانگێڕانە لە دژی خەڵک بکەن. دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگەی دا ڕۆژانە بەشێوەیەکی زۆر سنووردار لە ئاستی ١٠ بۆ ٢٠ بارهەڵگری خۆراک بچنە ناو غەززە و لەلایەن ناوەندێکی ئەمنیەتی ئەمریکایی بەناوی “دامەزراوەی مرۆڤدۆستانەی غەززە” لە بارودۆخێکی نامرۆڤانە و تێکەڵ بە ئەشکەنجە لەناو خەڵکی ستەملێکراودا بڵاوبکرێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوەند و ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری خەڵکی غەززە ئەم شێوەیە لە دابەش کردنی خۆراک بە داوی مەرگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ خەڵکی بێدیفاعی غەززە وەسف دەکەن. ناوەندی دژەئینسانیی “دامەزراوەی مرۆڤدۆستانەی ئەمریکا لە غەززە” ڕۆژانە بەرەو ڕیزی دوروودرێژی خەڵکی برسی تەقە دەکات. وە بەهۆیەوە ژمارەیەک لەم خەڵکە کە زۆربەیان منداڵان و ژنان و پیاوانی بەساڵاچوون، دەکوژرێن، بریندار دەبن یان دەکەونە ژێر پێی ئەو خەڵکە برسیەی ورووژمیان هێناوە. ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان، لە کەشوهەوای گەرمی پشت سنوورەکانی غەززە و تەنانەت لە ناو غەززەدا هەزاران تۆن خۆراک بەهۆی ڕێگریکردنی حکوومەتی ئیسرائیل لە دابەشکردنی لەناودەچن. ئاشکرابوونی سرووشتی تاوانکاریی “دامەزراوەی مرۆڤدۆستانەی غەززە”، زیاتر ئەمریکا و ئیسرائیلی لەبەردەم خەڵکدا ڕیسوا کردووە و لەم دواییانەشدا ئەم دامەزراوە دانی بە شکستی تەواوی خۆیدا ناوە.
برسیکردنی خەڵک وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ناڕەزایەتی بەربڵاوی لەناو ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا. ڕۆژی سێشەممە ٣١ی مانگی پووشپەڕ خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی ئیسرائیل لە تێلاڤیڤ لە درێژەی ناڕەزایەتیی ڕۆژانە لەدژی شەڕ و سیاسەتی نامرۆڤانەی نەتانیاهۆ لە پەیوەند لەگەڵ دابەشکردنی خۆراک و ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکان، بەنێر و پلاکاردی ناڕەزایەتییان گرتە دەست و دروشمیان وتەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
جگە لەوەش، ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ، ١١٥ ڕێکخراوی فریاگوزاری لە سەرانسەری جیهان، لەوانە: “پزیشکانی بێ سنوور”، “ڕزگاریی منداڵان”، “ئۆکسفام”، “یارمەتیدانی برسییەکانی جیهان”، “لیژنەی کاریتاس”، “کۆمەڵەی خزمەتگوزاری ئاشتی مەدەنی” و “خزمەتگوزاری ئاشتی جیهانی”، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە حکوومەتەکان کرد کە لەوە زیاتر بۆ هەنگاونان چاوەڕێی ئیزنی ئیسرائیل نەبن. ئەم ڕێکخراوانە لە بەیاننامەکەیاندا خوازیاری ئاگربەسی دەستبەجێ و بەردەوام و کۆتایی هێنان بە گەمارۆی غەززە و دەستڕاگەیشتنێکی تەواو و ئازادانە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەم ناوچەیە بوون. ئەم ڕێکخراوانە ڕایانگەیاندووە: “ئێستا نەک تەنها خەڵکی غەززە، بەڵکوو هاوکارەکانمان و ئەوانەی خزمەتیان دەکەن بەهۆی قاتییەوە لە حاڵی مەرگدان و شایەدی گیان لەدەستدانی هاوکارانیان بەهۆی برسیەتییەوەن “. ئەم ڕێکخراوانە هۆشداریان بە حکوومەتی ئیسرائیل داوە کە “برسیکردنی خەڵکی مەدەنی وەک چەکی شەڕ بە تاوانی شەڕ بەحیساب دێت”.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی مانگی گەلاوێژ، چوار ئاژانسی هەواڵی ناسراو – ڕۆیتەرز، فرانس پرێس، بی بی سی و ئەسۆشێتد پرێس – بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە دۆخی نالەباری هەواڵنێرانی غەززە، کە ئەوانیش گرفتاری برسیەتین و داوایان لە ئیسرائیل کرد ڕێگە بە هەواڵنێران بدات بچنە ناو غەززەوە یان بێنە دەر. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: “ئێستا برسیەتیش بە دژوارییەکانی هەواڵنێران لە ناوچە جەنگییەکان زیاد بووە و ئەوانیش لەگەڵ مەترسیی برسیەتی بەرەوڕوون و لە بارودۆخێکی بە هەمان ئەندازە خراپدا دەژین کە سووژەکانی هەواڵیان تێیدا دەژین. هەروەها کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) لە بەیاننامەکەیدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ئیسرائیل ڕۆژنامەوانانی لە غەززە برسی کردووە بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکات. لە سەرەتای شەڕ و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیلەوە لە غەززە، نزیکەی ٦٠ هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان هەواڵنێر بوون.
سەبارەت بە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی غەززە بە مەبەستی دەرکردنیان لە خاکی خۆیان، تەنانەت وەزیرانی دەرەوەی ٢٥ وڵات کە زۆربەیان ئەندامی یەکیەتی ئورووپان (جگە لە ئاڵمان)، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگی پووشپەڕ، بەیاننامەیەکیان واژۆ کرد و مۆدێلی “دامەزراوەی مرۆیی غەززە”ی ئەمریکایان بە مەترسیدار ناوبرد. وە ناردنی یەکجار کەمی یارمەتی و کوشتاری خەڵکی مەدەنی لەوانە منداڵانیان مەحکووم کرد و کردەوەی ئەم دامەزراوەیان بە پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانیی دانیشتووانی غەززە وەسف کرد و خوازیاری کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەڕ لە غەززە بوون. لەم بەیاننامەیەدا ئەوان لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵوێستیان گرت و دژایەتیی خۆیان بەرامبەر هەرجۆرە کردەوەیەک بۆ گۆڕینی وڵات، لەڕووی خاک یان دێموگرافییەوە، لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ڕاگەیاند و خوازیاری ڕاگرتنی شاروچکە دروست کردنی ئیسرائیل لەم ناوچانە بوون.
لە وەها بارودۆخێکدا خەڵکی فەلەستین، تەنیا بە ڕێکخستنی جەماوەری، بە ئاسۆی ڕزگاری بەخش و شۆڕشگێڕانە، بە تێپەڕین لە گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامی و ڕەوتە بورژوازییە گەندەڵەکانی فەلەستین، بە هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و پێشڕەوەکان لە ئیسرائیل و ئەمریکا، بە پشتیوانیی بزووتنەوەی جیهانیی دیفاع لە ئازادیی فەلەستین و هێزە بەرابەری تەڵەب و ئازادیخوازەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان، دەتوانن هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی خۆیان بگۆڕن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە