بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئیمەنیی پێویست لە شوێنی کار شەش کرێکار لە شارەکانی تاران، هەمەدان و کازرون گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢، کرێکارێکی بیناسازی لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی بیناسازی لە هەمەدان لە بەرزایی تەبەقەی شەشەوە کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. هەر لەم ڕۆژەدا کرێکارێکی نانەواخانە لە شارستانی کازرونی پارێزگای فارس بەهۆی تەزووی کارەباەوە گیانی لەدەستدا”. ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی مانگی پووشپەڕیش ٤ کرێکار لە کاتی کارکردن لە کارگەیەکی مۆبلسازی لە گەڕەکی مورتەزا گەردی شەقامی فەرەهمەندی تاران، بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا. وتەبێژی ئیدارەی ئاگرکووژێنەوەی تاران وێڕای ئاماژە بەوەیکە ئەم کرێکارانە بە ڕەگەز خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون وتی: “ئەم چوار کرێکارە لە کاتی پشوودان بەهۆی سووتانی مەوادی ئیسفەنجی کە یەکجار مەترسیدارە، گیانیان لەدەستداوە”. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١١ی مانگی پووشپەڕ بەهۆی نەبوونی ئیمەنی و بارودۆخی نالەباری کار، ٩ کرێکار لە تەورێز لە کاتی ئەنجامدانی کاردا برینداربوون.
ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە، ئەم مەرگە خامۆشانە تەنیا گۆشەیەکن لە کارەساتەکانی نەبوونی ئیمەنی شوێنی کار کە لە گۆشە و کەناری ئێران دەبیسترێن. زۆرێک لە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوەکانی شوێنی کار هەرگیز ڕاناگەیەندرێن و ناچنە ناو هەواڵی ڕۆژنامەکانەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی توندبوونەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و چوونەسەرەوەی کێشەی بژێوی و نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی، ڕووداوەکانی شوێنی کار زیادیان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی جێگری پزیشکی و تاقیگەی ڕێکخراوی پزیشکی قانونیی ئێران، ساڵی ڕابردوو بە گشتی ٢٦ هەزار و ٧٤ کرێکاری بریندار بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کار چوونەتە ناوەندەکانی پزیشکی قانونی و بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٩٠٠ کرێکار لە ساڵی ١٤٠١ لە ڕووداوەکانی شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە. پێویستە بەم ئامارە ژمارەی کۆڵبەران و سوختبەرانێکیش زیاد بکرێ کە لەسەر سنوورەکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان بەهۆی تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن. لەڕاستیدا کرێکاران لە شوێنی کار بەقەد شەڕێک تەڵەفات دەدەن. پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان و خوراسان زۆرترین ژمارەی مەرگ بەهۆی ڕووداوی شوێنی کاریان لێ تۆمار کراوە. کارناسان لەو باوەڕەدان کە ڕووداوەکانی بواری کاری بیناسازی زۆرترین ئاماری تەڵەفاتی هێزی کار بەخۆیان تەرخان دەکەن. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ڕووداوەکانی کار لە کاتی کارکردن لە کارگەکانی بیناسازی ڕوو دەدەن.
ئامارەکانی “سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، و ناوەندی ئاماری ئێران” باس لەوە دەکەن کە لە هەر سێ کرێکاری بیناسازی، تەنیا یەک کەسیان دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و دوو کەسەکەی تر ئەگەر شانس بێنن و لە مەرگ دەربازیان بێت، کەم ئەندام دەبن و لە کار دەکەون. پێویستە بوترێ کە ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەم ڕشتەیە بۆ وەرگرتنی حەقی بیمە، و یان دابین کردنی کەرەستەی ئیمەنی، بەهۆیی پڕژوبڵاوبوون، ڕێگری لە ڕێکخراوبوونیان لە ڕێکخراوە سەربەخۆ و چینایەتییەکان، و هەروەها بەرنەکەوتنی یاسای کاری دژەکرێکاریی ڕژیمی ئیسلامی، هەتا ئێستا دەستکەوتێکی بەرچاوی نەبووە. ئەوەیکە دیارە، نەتەنیا لە بەشی کاری بیناسازی بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنانی ئێران ئاستی ستانداردە ئیمەنییەکان لەخوارێن و بەردەوام مەترسیی مەرگ، بەریندار و کەمئەندام بوون و یان تووش بوون بە نەخۆشیی مەترسیدار و کوشندە هەڕەشە لە گیانی کرێکاران دەکات. بەڵام بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پێوەندیدار هەموو ڕووداوەکانی ناو کارگە و کارخانە و شوێنەکانی تر بۆ کەمتەرخەمیی کرێکاران دەگەڕێننەوە، نەک بۆ نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی و ناساتانداردربوونی شوێنی کار و گوشاری چەند بەرابەری کار کە دەبێتە هۆی ماندوویەتی و تێکچوونی تەعادولی فیکریی کرێکاران.
بەڵام هەڵسەنگاندنێکی کارناسانە لەم ڕووداوانە، ئەم حەقیقەتە دەسەلمێنێت کە هەموو ئەم قوربانییانە هۆکارەکەیان قازانجپەرستی و تەماعی خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیانە. سەرمایەداران و خاوەنکاران حازر نین بەشێک لەو قازانجەی کە لەڕێگەی چەوساندنەوەی کرێکارانەوە بەدەستیان هێناوە بکەنە هەزینەی دابینکردنی ئیمەنیی شوێنی کار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش درێژەی چەوساندنەوەی کرێکارانی لەم باروودۆخە کۆیلەئاسایەدا بۆ ئەوان زەمانەت کردووە. کەوابوو کرێکاران پێویستە خاوەنکار و دەوڵەت بەهۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی شوێنی کار بزانن. هەر ڕووداوێک بەهۆی نائەمنیی شوێنی کار، پێویستە وەک تاوانێکی گەورە لەقەڵەم بدرێت و خاوەنکاران و ئۆرگانە دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.
له ڕاستیدا خاوهنكاران لهبهر قازانج پهرهستی و تهماعی خۆیان، نه دهیانههوێ ئیمهنی شوێنی كار باشتر بكهن و نه نیگهرانی لهدهستدان و قوربانی بوونی كرێكارانن. ئهوان تهنانهت نیگهرانی ئهوه نین كه كرێكار له ترسی گیانی خۆی واز له كار بێنێت، لهبهر ئهوهیكه دهزانن لهشكری بێكاران، له مهیدانهكانی كار و لهبهر دهرگای كارخانه و كارگاكانیان بهڕیز بوون و ههركات مهیلیان بێت، دهتوانن كرێكارانی دیكه بهدیل بگرن و له ههمان شوێنی ناستاندارد و نائهمنی كار، ههموو جۆره كارێكی سهخت و زیانباریان پێ بكهن. كهوابوو تا کاتێک کە خرۆشی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بارگەوبنەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری تێکەونەپێچێت ئەوە خودی كرێكارانن كه دهبێ بیر لهخۆیان بكهنهوه و به پشت بهستن به خهباتی ڕێكخراو و وشیارانهی خۆیان، خاوهنكار و دهوڵهت ناچار به دابین كردنی ئیمهنی شوێنی كار بكهن. بێگومان، دابین كردنی ئیمهنی شوێنی كاریش وهك ههموو خواستهكانی دیكه، تهنیا به زهبری خهبات و هاوپشتیی چینایەتیی کرێکاران، بهسهر سهرمایهداران و دهوڵهتی پشتیوانیاندا دهسهپێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە