بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان، “حەسەن جوجەگەڵوانی” بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی پیرانشار، چەند مانگ دوای ئازادکرانی لە زیندانی ناوەندی ئەردەبیل، بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خوشکی حەسن جوجەگەڵوانی لەکاتێکدا کە بەمەبەستی وەخەبەرهێنانی براکەی چووبووە ژوورەکەی، لەگەڵ تەرمی براکەی بەرەوڕوو ببووەوە. هاوکات یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی جوجەگەڵوانی وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، وتی: ناوەندە ئەمنییەکان ئێمەیان ناچار کردووە کە دەستبەجێ تەرمەکەی ئەسپەردەی خاک بکەین و تەنانەت ڕێگەیان پێ نەداوین کە تەرمەکەی بنێرینە پزیشکی قانوونی و پێیان ڕاگەیاندین کە هۆکاری مردنی حەسەن جوجەگەڵوانی ڕاوەستانی دڵ بووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو پشت ڕاستی کردەوە کە حەسەن هیچ جۆرە نەخۆشینیک و تەنانەت پێشینەی نەخۆشی قەلبی نەبووە.