دوای ئەو تویتە جەنجاڵییەی ڕەزا پەهلەوی لەگەڵ ژمارەیەک سێلێبریتی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی، ئێستا شازادە کارێکی سەیر و سەمەرەی ئەنجام داوە. ڕەزا پەهلەوی لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی مەنۆتۆ لە ٢٦ی بەفرانباردا وتی: “ئەگەر سبەینێ قەرار بێت لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لەلایەن هاووڵاتییانەوە قسە بکەم، پێویستە نیشانی بدەین کە ئەم پشتیوانی و نوێنەرایەتییە لەلایەن زیندانییانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، جەریاناتی فکری و سیاسیی ناوەوەی وڵاتەوەیە کە نەیانتوانیوە لەم جەلەساتەدا بەشداری بکەن. پێویستە ئەمە لە نێوان خۆمان و هێزەکانی ناوەوە ئەنجام بدەین.” دوای ئەم وتووێژە، بۆنگای تەبلیغاتیی “بی بی سی”ش بە زەوقەوە هاتە مەیدان و ڕایگەیاند کە “هەشتەگی #من_وەکالەت_دەدەم و ناوی ڕەزا پەهلەوی بە فارسی و ئینگلیسی لە تویتێردا بەخێرایی بووەتە ترێند”.
ئەم شانۆیە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت خوازەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی کە لەڕێگەی ئیمکاناتی ماڵی و ملیاردها دۆلاری تاڵانکراو لە خەڵکی ئێران و بە پشتیوانیی مەحافل و میدیا ئەمپریالیستییەکان بەڕێوەی دەبەن. ڕەزا پەهلەوی ساڵەهایە بە بێ ئەوەیکە پێویستی بە وەرگرتنی وەکالەت لە خەڵکی ئێران بێت لەگەڵ مەحافلی ئەمپریالیستی و هێزە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئۆڵترا ڕاست بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی دڵخوازی خۆی خەریکی دانوستان و ڕاوێژە. ئۆپۆزیسیۆنی سەڵتەنەت خواز ساڵەهایە وەک ئامرازی دەستی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراوی سیاسی و دیپلۆماتیک، بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا سەپاوە. ئەم کردەوەیەی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت خوازەکان شێوازێکی تری هێرشکردنە بۆسەر ڕیزی هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان و نەڕاندن و هات و هاوار کردنە بەدژیان.
کاتێک خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا لە حاڵی ئامادەکاریی ڕاپەڕینێکی جەماوەری بوون بۆ ڕاماڵینی بەساتی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساحەی سیاسیی ئێران، محەممەد ڕەزا پەهلەوی لە وتارێکی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنیدا لە چواردەی مانگی خەزەڵوەری ١٣٥٧ ڕایگەیاند کە “دەنگی شۆڕشی خەڵکی بیستووە”، ئەوکات ڕەزا پەهلەوی بەڕەسمی بەرپرسایەتیی بیستنی دەنگی شۆڕشی وەعۆهدە نەبوو. بەڵام ئێستا، گوایە لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆن و لە پێگەی کوڕی شای هەڵاتوودا، دەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بیستووە. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران کە ئەرکی شۆڕشە شکست خواردووەکانی سەد ساڵی ڕابردووشیان وەئەستۆیە، بڕیاریان داوە کە کۆتایی بە هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێران بێنن. جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک پێشتر بە دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” وڵامی بەتەوژمی خۆیان بە خواستی وەکالەتی شازادە داوەتەوە. ئەم دروشمە هەر لە سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەوە لە زانکۆ و مەدرەسە و شەقام لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و لە ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وڵات دەوترێتەوە. میدیا ئەمپریالیستییەکانی وەک “بی بی سی”، “ئێران ئینترنەشناڵ”، “دەنگی ئەمریکا” و “مەنۆتۆ” بە سانسۆڕی ئەم دروشمانە و هۆشداری هێندێک لە ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییەکان کە دەیانگوت “مەبنە ئۆپۆزیسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن” و “ئەوانیش بۆخۆیان گرووپێکن و گوشار دەخەنە سەر ڕژیمی ئیسلامی”، نەیتوانی ببێتە مانعێک بۆ دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”. هەر ئەم دروشم و ئاراستە دژەدیکتاتۆرییەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، جەرەیانی سەڵتەنەت خوازی لەگەڵ سەرلێشێواوی و قەیرانی ستراتێژیک بەرەو کردووەتەوە. ڕەزا پەهلەوی ئەم دروشمەی لە زمانی خەباتکارانی شەقام و زانکۆکانەوە بیستووە. هەر بۆیە ڕۆژێک بیر لەوە دەکاتەوە ناوی شازادە لەسەر خۆی لابەرێت، ڕۆژێک دەبێتە کۆماری خواز و ڕۆژێکی تر بۆ ئێعتباردان بەخۆی دەست بە داوێنی سێلێبریتییەکان دەبێت و ئەمڕۆش بۆ مەشرووعییەت دان بە ڕاوێژکارییەکانی لەگەڵ مەحافلی ئەمپریالیستی و بۆ پێکهێنانی بەدیلە دڵخوازەکەی بەتەمایە وەکالەت لە خەڵکی ئێران وەربگرێت. بەڵام بیستنی دەنگی شۆڕش بەمانای هاوڕێبوون لەگەڵ شۆڕش نییە. ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت خوازەکان بە پشتیوانیی دەسەڵاتە ئەمپریالیستەکان بۆ تێکشکاندنی شۆڕش لە حاڵی داڕشتنی نەخشە دان. پێویستە سێلێبریتییەکان بزانن کە بە چ ڕیزێک پەیوەست بوون.
ئەو سێلێبریتی و کەسایەتییانەی کە بە کەمپەینی “من وەکالەت دەدەم” پەیوەست دەبن بەکردەوە بە کەمپی پاساوکارانی جەنایەت و گەندەڵیی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی پەیوەست بوون. بنەماڵەی سەڵتەنەتیی پەهلەوی ڕەوتێکی دژەشۆڕشە و هیچ کات پێگەیەکی لەناو کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێراندا نەبووە و ناشیبێت.
بوروکراتەکان، فەرماندەکانی پلە بەرزی ئەرتەش، ئەربابان و تاجران واتە بورژوازیی گەورەی سەڵتەنەتی، تەنیا پاڵپشتی ڕژیمی پەهلەوی بوون. ڕژیمی پاشایەتی بە لە ئیختیاردابوونی سێ دەزگای سەرەکیی دەسەڵات و بە داسەپاندنی دیکتاتۆریی موتڵەق، سەروەت و داهاتی ئێرانی بەبێ چاوەدێری و لێپرسینەوە لەپێناو بەرژەوەندی بنەماڵەی پەهلەوی بەکار دێنا و گەندەڵی و بەرتیلخۆری هەموو ناوەندەکانی دەسەڵاتی گرتبووەوە. لەو سەردەمەدا گەورەترین کارخانەکان، باشترین زەوییەکانی کشتوکاڵ و باغی میوە، پڕسوودترین شیرکەتە تجارییەکان، بانک و دامەزراوەکان، باڵاترین پۆستە ئیداری و نیزامییەکان و پڕدەرامەدترین پۆستە دەوڵەتییەکان لە ئیختیار سەرمایەداریی گەورەی سەڵتەنەتیدا بوو. ڕژیمی پەهلەوی هەرجۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانەی بە شێوەیەکی خوێنین سەرکوت دەکرد. تەنها لە دەیەی کۆتایی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەویدا، سەدان ئینسانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز کە زیاتریان ئەندامی سازمانی چریکە فەداییەکانی خەلقی ئێران بوون لە نەبەرد لەگەڵ دیکتاتۆری محەممەد ڕەزا شادا گیانیان لەدەست دا. زیاتر لە ٩٠ کەسیان بە بێ موحاکمە و یان بە موحاکمەی نهێنی لە دادگا نیزامییەکاندا ئێعدام کران. زیاتر لە ٤٠ کەسیان لەژێر ئەشکەنجەی ساواکدا گیانیان بەختکرد. پاسەوانانی زیندانی ڕژیمی سەڵتەنەتی دوای شۆڕش دانیان بەوە دانا کە چۆن بیژەن جەزەنی و هەشت کەسی تر لە زیندانیانی سیاسییان بەوپەڕی بێرەحمییەوە لە تەپکەکانی نزیک بە ئێڤین کوشتووە. بێجگەلە ئەمانە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی بە زیندانی درێژماوە و کاری سەخت و دژوار مەحکووم کران. ئەم جەنایەتەی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی لە بیری مێژوویی خەڵکی ئێراندا ماوەتەوە. سێلێبریتییەکان و ئەوانەی بە کەمپی ڕەزا پەهلەوی پەیوەست بوون، بێجگەلە بێ ئیعتباری شتێکی تر بەنەسیبیان نابێت، چونکە نەوبەتی مێژوویی ڕژیمی سەڵتەنەتی کۆتایی هاتووە. ئەمانە بەکردەوە پشتیان لە ڕیزی شۆڕش کردووە و بە ڕیزی ئەو ڕەوتە سەڵتەنەتخوازە پەیوەست بوون کە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ بە زەبری ڕاپەڕینی خەڵک لە ساحەی سیاسیی ئێران ڕاماڵدران. بێگومان لە کاردانەوە بەم جموجۆڵانەی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت خوازان و پشتیوانیی بێدەریغی مەحافل و میدیا ئەمپریالیستییەکان دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” جەماوەریتر دەبێتەوە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە