فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراو بەسەر ڕژیمی ئیسلامی و بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا (بەشی یەکەم)
دوشەممە ۲۲-۱۲-۱۴۰۱   |  13-03-2023

سەرەنجام دوای جار و جەنجاڵی تەبلیغاتی میدیا ئیمپریالیستەکان سەبارەت بە کۆبوونەوەی زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن لە ١٠ی فێوریەی ئەمساڵ، مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی حامد ئیسماعیلیون، نازەنین بۆنیادی، شیرین عێبادی، مەسیح عەلینەژاد و عەبدوڵڵا مۆهتەدی لەژێرناوی “مەنشووری هاوپشتی و سازماندان بۆ ئازادی”، بەناوی کورتکراوەی “مەهسا” لە ١٠ی مارسدا بڵاوکرایەوە.

ڕەزا پەهلەوی کە مەئمووریەتی ڕێبەریی ئەم پڕۆژەیەی لەدەست دایە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا سەرەتا هەوڵی دا بە تەبلیغی دروشمی پیاوسالارانە و ناسیۆنالیستیی “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی” بەرانبەر بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ناوەرۆکی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە بگۆڕێت و بەلاڕێیدا بەرێت. لە درێژەدا بە سازماندانی باندە فاڵانژیستە سەڵتەنەتخوازەکان و هێرش کردنە سەر کۆبوونەوەی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە دەرەوە، ویستی ئاڵای شێر و خورشید ئەم هێمایەی کۆنەپەرستیی سەڵتەنەتی پەهلەوی بەسەر ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وڵاتدا بسەپێنێت. شازادە دواتر بە سازماندانی کەمپەینی “من وەکالەت دەدەم” و لە ڕاستیدا کەمپەینی “خۆ سەغیر دانان” و بەیعەت گرتن لەژێرناوی وەکالەتی سیاسی، هەوڵیدا پڕۆژەی سەپاندنی ئۆتۆریتەی تاکەکەسیی خۆی بەڕێوەبەرێت. ڕەزا پەهلەوی و سێلێبریتییەکانی لایەنگری لە درێژەدا بە بەرپاکرنی کۆبوونەوە لە زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن و بە وەڕێخستنی ئۆتۆبووسی خۆڕایی بۆ پەیوەست بوونی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بەڵێنی دەرکردنی مەنشووریان دا. شازادە ڕۆژی ١٠ی مارس لە حاڵێکدا کە بە نەزەر دەگەیشت دوو کەس لە سێلێبریتیەکانی هاوڕێی لە ئۆتوبووسە خۆڕاییەکە دابەزیون، مەنشوور و نەخشەڕێگای سیاسیی خۆی بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا ڕاگەیاند.

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لە حاڵێکدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا لە کارخانە، شەقام، زانکۆ و مەدرەسە وەڕێکەوتووە، لەسەر چالاکیی دەرەوەی وڵات چڕ بووەتەوە تا لەم ڕێگەوە بەشداریی چالاکانی ناوخۆی وڵات فەراهەم بکات. مەنشووری شازادە و هاوپەیمانانی سەرەتا ئاماژە دەکات بە “پێکهێنانی گوشاری نێونەتەوەیی بۆسەر کۆماری ئیسلامی لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام و ئازاد کردنی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی”، “ڕاوێژکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دیموکراتیک بۆ دەرکردنی سەفیرەکانی کۆماری ئیسلامی” و ڕاکێشانی پشتیوانی لە مەنشووری سەڵتەنەتخوازەکان. ئەم چالاکییانەی کە مەنشووری شازادە لەسەری چڕ بووەتەوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام وەک ئیقدامات و ئامرازێک لە لایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپایی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی وابەستە بەوان بەکار هێندراوە بۆ داسەپاندنی گوشاری دیپلۆماتیکی کۆنتڕۆڵکراو بەسەر کۆماری ئیسلامی لەڕاستای بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری ئەم دەسەڵاتە ئیمپریالیستانەدا. کەوابوو تەئیکدی مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لەسەر ئەم ئیقدامات و هەوڵانە بەر لەوەیکە پەیوەندیەکی هەبێت بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی مەهسا، ڕاگەیاندنی هاوپشتی و ئامادەییە بۆ بوون بە ئامرازی دەستی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئورووپا لەپێناو توندکردنەوەی ئەم جۆرە گوشارانە بۆسەر کۆماری ئیسلامی لەبەرچاوی بیروڕای گشتی و لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا.

گومان لەوەدا نییە کە گوشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپا بۆسەر کۆماری ئیسلامی توندتر بووەتەوە، بەڵام توندبوونەوەی ئەم گوشارانە ئاکامی مەوهیبەت و شاکاری سیاسی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی نییە. توندبوونەوەی گوشاری دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا ئەساسەن سەرچاوەگرتوو لە دوو فاکتۆرە. یەکیان ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و شکۆمەندی جەماوەری خەڵکی ئێرانە بە پێشەنگایەتیی ژنان کە ئیعتبارێکی تایبەتی بەم بزووتنەوەیە داوە و لەئاستی جیهانی و بیروڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژاوادا ڕەنگدانەوەی بەرینی بووە، و دووهەم درێژەی شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و ئەم واقعییەتە کە کۆماری ئیسلامی بە ناردنی درۆن و ڕاوێژکاری نیزامی بۆ بەرەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، بووەتە بەشێک لە ماشێنی جەنگی دەوڵەتی ڕووسیە دژبە ناتۆ.

دەوڵەتی ئەمریکا، دەوڵەتی کانادا و دەوڵەتانی ئورووپایی کە لە پەیمانی ناتۆدا کۆبوونەوە هەروەک گەلێک جار ڕایانگەیاندووە سیاسەتیان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، چونکە ئاکامی پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆیان قابیلی پێشبینی نییە. لەم ڕووەوە دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی بە هێنانە مەیدانی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانەکانی و جەنجاڵ دروستکردن سەبارەت بە کۆبوونەوەی زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن، سوخەنڕانی ڕەزا پەهلەوی لە پارلەمانەکانی ئورووپا و لە هێندێک کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی و بە هەرا و هوریا وەڕخستن لەدەوری مەنشووری شازادە بە یارمەتیی میدیا ئیمپریالیستەکان، لەڕاستیدا بە یەک تیر دوو ئامانجیان کردووەتە نیشانە. ئامانجی یەکەم داسەپاندنی ئەم گوشارە کۆنتڕۆڵکراوە دیپلۆماتیک و سیاسییانەیە وێڕای درێژەی گەمارۆی ئابووری، ئیمتیاز وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامی لە دانوستانی ئەتۆمی، ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستی دوورمەودا، کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتی نیزامی لە ناوچەکە و پشتیوانی نەکردن لە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین و لە یەک کەلامدا ڕامکردنی ڕژیمی ئیسلامییە. ئامانجی دووهەمی ئەمریکا هێنانە مەیدانی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی بۆ دەرکردنی مەنشوور و ئاڵتێرناتیڤسازی لەسەر سەری خەڵکە بۆ بەلاڕێدابردن و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران. دەوڵەتانی ئەمریکا و ئورووپا بەر لەوەیکە نیگەرانی ماندگاریی کۆماری ئیسلامی و سەرکەشییەکانی بن، نیگەرانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران و داواهاتە پێشبینی نەکراوەکانی لەسەر جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

دەوڵەتی ئەمریکا لەو جێگەوە کە لە ئێستادا سیاسەتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، لەپێناو داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراودا ڕووی کردووەتە ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی واتە بەشی پەراوێزخراوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی. لەڕاستیدا ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی هێستا دەستیان نەکردووە بە دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤ بۆ دانان لە جێگای کۆماری ئیسلامی. هەرکات ڕەوتی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بەرینایی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەی کردە بابەتێکی بێ گەڕانەوە و حەتمی، ئەوکات ئەمریکا نەخشەی خۆی بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی لە دوای کۆماری ئیسلامی دەردەخات و کۆنفڕانسی لەجۆرێ گوادلۆپ لە ژانوی ١٩٧٩ بەرابەر لەگەڵ بەفرانباری ١٣٥٧ بە بەشداریی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ناتۆ بەڕێوە دەبات.

ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانەکانی ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی نین، ئامرازی داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراوی ئەمریکا و ناتۆن بۆ ڕامکردنی کۆماری ئیسلامی و بۆ بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. تەنانەت ئەم واقعییەتە کە ئەمریکا بۆ بەرێوەبردنی پڕۆژەکەی لە کوردستان ڕووی کردووەتە تەفرەقە نانەوە لەناو ناوەندی هاوکاری هێزەکانی کوردستان و پەراوێزخراوترین بەشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان، عەبدوڵڵا موهتەدیی لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و هاودەستی لەگەڵ ئەمریکا تووشی گومان نەکردووە. عەبدوڵڵا موهتەدی گرێوی لەسەر ئەسبی دۆڕاو کردووە. ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی پێویستە بەخاتری قەبووڵکردنی ئەم ڕۆڵە حەقیرانە و دژەشۆڕشەش ڕسوا بکرێن.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co