فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراو بەسەر ڕژیمی ئیسلامی و بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا (بەشی دووهەم)
سێشەممە ۲۳-۱۲-۱۴۰۱   |  14-03-2023

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراو بەسەر ڕژیمی ئیسلامی و بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا (بەشی دووهەم)

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی لەژێرناوی “مەنشووری هاوپشتی و سازماندان بۆ ئازادی”، بەناوی کورتکراوەی “مەهسا”، بەئامانجی داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراو بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا بڵاوکراوەتەوە و لە هەموو بەشەکانیدا بەم ئامانجە سەرەکیەی وەفادار ماوەتەوە. ئەم مەنشوورە کە هەر لە سەرەتاوە تەئکیدی کردووە لەسەر پشتیوانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان وەک پاڵپشتێک بۆ بەشداری چالاکانی ناوخۆ و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ، لە هەموو بڕگەکانیدا ئەم ناوەرۆکەی بەرجەستە کردووە. ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی بەئاشکرا کرێکاران و زەحمەتکێشان، مامۆستایان و خانەنشینان و خوێندکاران، بەهێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا نازانن. هەربۆیە خواست و موتالباتیشیان کە ڕیشەی لە قووڵایی کۆمەڵگادایە و ساڵەهایە بۆ وەدیهاتنی هاتوونەتە مەیدان، ئاخێزیان بەرپا کردووە و سینگیان کردووەتە قەڵغانی گولـلە و خوێنیان لەسەر شەقامەکان ڕژاوە، بۆ تەدوینی مەنشوورەکەیان بە بنەمایەکی موعتەبەری نازانن.

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و یارانی خواست و مەنشوورەکانی داخوازیی هەڵقوڵاو لە قووڵایی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێرانی بە هیچ داناوە، بەڵام لەبەرامبەردا گەلێک جار تەئکیدی کردووە لەسەر پێبەندبوونی بە کۆنوانسیۆنە جیهانییەکان. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی بە بەڵێنی پێبەندبوونی بە کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لە بورای قەبووڵکردنی پێگەی زمانی دایک، بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ، مەنعی ئەشکەنجە، نەمانی هەڵاواردن دژبە ژنان، پشتیوانی لە مافی کەم ئەندامان و منداڵان و کرێکاران، لە ڕاستیدا متمانەی بە دەوڵەتانی ڕۆژاوا داوە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە چوارچێوەی ئەم کۆنوانسیۆنانەدا بە بەند دەکێشێت. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی مەنشووری هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا نییە، بەڵکوو مەنشووری هاوپشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی ڕۆژاوایە بۆ لەباربردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵک لە ئێران.

کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان و بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ کە هەر کامیان مۆری ناڕەزایەتیی جەماوەری ژێر ستەمیان لەم کۆمەڵگایانەدا پێوەیە، بەهۆی ناتەبایی بنەڕەتیان و بەم دەلیلە سادەیە کە هیچ ناوەندێکی جەماوەری لە خوارەوە چاوەدێری بەڕێوەچوونیان نییە، لە دەستی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا بوونەتە ئامرازێک لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایەداران و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان. ئەگەرچی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە هیچ کەس نابێ کۆیلە بکرێت، بەڵام نەتەنیا سەبارەت بە قەدەغەکردنی کۆیلەتی مزدی لە نیزامی سەرمایەداری و چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان هیچ باسێک نەکراوە، بەڵکوو بۆ خاوەنداریەتیی تایبەت ڕێز دادەنێت و مەشروعیەتی یاسایی و “نێونەتەوەیی” دەبەخشێت بەم نیزامە کە بەردی بناغەی ستەمی چینایەتییە. بەپێی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ لە هیچ شوێنێکی جیهان چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان و ستەمی چینایەتی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە و تەنانەت ئەرکی چاوەدێرانی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ نییە کە سەبارەت بە چەوسانەوە و کاری مزدی و کۆیلەکردنی ئینسان بەدەستی سەرمایەداران ڕاپۆرت ئامادە بکەن. ساڵانە بە ئەندازەی تەڵەفاتی شەڕێک، کرێکاران لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا بەهۆی پەرەپێدانی چەوساندنەوە و نائەمنیی شوێنی کار گیانیان لە دەست دەدەن. بەهۆی بوونی وەها ناتەباییەکی بنەڕەتی لەناو بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤە کە ئەو دەوڵەتانەی پەسندیان کردووە، خۆیان وێرانگەرترین شەڕەکان لەژێرناوی دیفاع لە مافی مرۆڤ بەرپا دەکەن، پەنابەران دەخەنە ناو دەریاوە، ئازادیی ڕادەربڕین ژێر پێ دەنێن، سەرەڕای دژایەتیی زۆربەی دەنگدەران تەمەنی خانەنشینی دەبەنە سەرێ و بێ مەسکەنی و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری بەسەر هاووڵاتییانی خۆیاندا دەسەپێنن.

مەنشووری شەش کەسی لە هەمان حاڵدا کە ئاماژە بە دامەزراندنی نیزامێکی دیموکراتیک لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد بەبەشداریی هەموو هاووڵاتییان بە هەر باوەڕ و قەومێکەوە دەکات، بەڵام “لەسەر یەکپارچەیی وڵاتی ئێران” تەئکید دەکات. “پاراستنی یەکپارچەیی وڵات” ناوێکی دیکەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و ناوی ڕەمزی دژایەتی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە کورستانی ئێرانە و ناوی ڕەمزی دژایەتییە لەگەڵ هەر جۆرە خەباتێک لەپێناو نەمانی ستەمی نەتەوەیی لەژێرناوی موخالفەت لەگەڵ جیاییخوازی. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لە ڕوانگەی ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ئێرانییەوە نەتەنیا لەسەر “پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران” تەئکید دەکات، بەڵکوو تەنیا ئەرکی ئەرتەش “دیفاع لە یەکپارچەیی وڵات” پێناسە کردووە. میراتگری بنەماڵەی گەندەڵی پەهلەوی هێستا هیچ نەبووە بە یارمەتیی عەبدوڵڵا مۆهتەدی گۆپاڵی ئەرتەش و هێزی چەکداریان لەسەر سەری خەڵکی کوردستان و هەر نەتەوەیەک ڕاگرتووە کە ئیحتمالەن لە ڕێفڕاندۆمێکی ئازاددا بیانهەوێ لە ئێران جیا ببنەوە. لە حاڵێکدا کە پاراستنی یەکگرتوویی و هاوپشتی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران لە مەسیری بەڕەسمی ناسینی مافی بەرابەر لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری، بەڕەسمی ناسینی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی و مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان تا ئاستی جیایی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ تێدەپەڕێت،

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لە بەرامبەر خواست و خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان هەمان ڕێگای دیکتاتۆری سەڵتەنەتیی پەهلەوی و حکوومەتی ئیسلامی درێژە دەدات.

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و یارانی، سپای پاسداران و دەزگای پان و بەرینی بوروکراسیی دەوەڵەتی گەندەڵی ڕژیمی ئیسلامی هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی ئەرتەش، سپای پاسدارانی تیرۆریستیشی تێکەڵ دەکات، تا لەم ڕێگەوە و بە پشتیوانیی دەزگای بوروکراتیکی گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامی، یەکپارچەیی وڵاتی ئێران و بەڕێوەبردنی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان زەمانەت بکات.

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لە بواری ئابووری و ڕەفاهی تەنها ئاماژە دەکات بە لەناوبردنی ئینحساراتی ئابووری، پەیڕەوکردنی ستانداردی نێونەتەوەیی بانکی و موعامەلاتی پووڵی و جەزبی سەرمایەگوزارانی نێونەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و پەیوەستبوون بە کۆنوانسیۆنی گرووپی تایبەت بە کردەوەی ماڵی (ئێف ئێی تی ئێف) و باس لە موناسبات و مۆدێلی گەشەپێدانی ئابووریی خوازراویان ناکات. کەوابوو پێویستە فەرز ئەوە بێت کە ڕەزا پەهلەوی و پەیڕەوانی هەروەک لە بەند بە بەندی مەنشوورەکەیاندا لەسەر بەڵێنداربوونیان بە کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان تەئکیدیان کردووە و لە مۆدێلی دیموکراسییەکەیان پەیڕەوی دەکەن، لە بواری ئابووریشدا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی سەرمایەداری ئێرانەوە لە هەمان مۆدێلی ئابووری بازاڕی ئازاد و سیاسەتی نیولیبڕالی باو لە وڵاتانی سەرمایەداری پەیڕەوی دەکەن کە لە ئێران لە سەردەمی ڕەفسەنجانیەوە هەتا ئێستا هەڵبەت بە مودیریەتی ئیسلامییەوە درێژەی بووە. لە ڕوانگەی مەنشووری ڕەزا پەهلەوی، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران دوای زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی سەرمایەداری و تەحەمولی ئاکامەکانی سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبڕالی، ئەمجارەیان دەبێ چاوەڕوانی درێژەی هەمان بەرنامە بن بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە.

کەوابوو مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی تەنانەت ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بە کەمترین گۆڕانکارییەوە تێپەڕێنێت. ئەم مەنشوورە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی سەرمایەداری و ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ئێرانیەوە دژی هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە و بنەڕەتییە لە ئێران. ئەم مەنشوورە لەگەڵ سازانی ئیحتمالیی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو پرسانەی کە لەسەریان ناکۆکن، ئەرزشی مەسرەفی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر مەنشووری ڕەزا پەهلەوی ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بە کەمترین گۆڕانکارییەوە تێپەڕێنێت، بەڵام جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران دەمێکە لە ڕەزا پەهلەوی و مەنشوورەکەی تێپەڕیون. بڵاوبوونەوەی مەنشووری داخوازیی لانیکەمی ڕێکخراوە کرێکاری و سینفییەکان، مەنشووری دادخوازیی دایکانی خاوەران، مەنشووری داخوازیی ژنان کە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگان، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و ڕەنگدانەوەی بەرینیان، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە سادەیەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co