ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ، سامان یاسین، تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕاپەڕ و میوزیک ساز لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی تەندروستی خۆیەوە ڕایگەیاند، کە دوای گواسترانەوەی لە بەندیخانەوە بۆ ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا، بە دەرزی دەرمانێکی نەناسراویان لە من داوە. ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی کەم ئەم کارە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ ئەنجامدراوە، تەنانەت هەواڵێکیان لەبارەی من بڵاوکردووەتەوە کە گوایە من خۆم کوشتوە.
سامان یاسین لەم پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ، لە بەندیخانەوە بۆ ناوەندیی دەروننانسی ئەمین ئاوا گواستراوەتەوە و لەو ناوەندە بەزۆر و بەبەکارهێنانی توندوتیژی دەرزییەکیان لێداوە کە هەتا ئێستا نازانێت چ جۆرە دەرمانێکی تێدابووە. بەوتەی ئەم هونەرمەندە لاوە، دوای لێدانی ئەم دەرزییە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە هۆش خۆی چووە و کاتێک کە بەهۆش هاتووەتەوە، لە نەخۆشخانە بووە و دەست و لاقی بە زنجیر بە تەخت بەستراوەتەوە. ئەم ڕاپەڕە شەوی سێشەممە ٣ی گەلاوێژ لە ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شار گواستراوەتەوە.
سامان یاسین لە بەشێکی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە پێش ئەوەی دەستبەسەربکرێت لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە و “دادوەر سەڵواتی و بەرپرسانی حکوومەت” لەبەرانبەر سڵامەتی گیانیدا بەرپرسیارن. ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری پارهکه، بە چەند تۆمەتێک کە یەکێکیان “موحارەبە”بووە لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە دواتر لە دیوانی باڵای وڵات ڕەدکرایەوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچووەنەوەی دووبارە بۆ دادگای پێشوو ڕەوانە کرایەوە.