فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناجێگیربوونی باری تەندرووستی سامان یاسین بەدوای مانگرتن لە خواردن
یەکشەممە ۰۷-۰۸-۱۴۰۲   |  29-10-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژی هەینی ٥ی خەزەڵوەرەوە، “سامان یاسین”، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە ڕێگریی کاربەدەستان و بەرپرسانی زیندانی قەزڵحیساری کەرەج لە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان، دواخستنی دادگا و بەردەوامی گوشارە جەستەیی و دەروونییەکان بۆ سەر ناوبراو، مانی لە خواردنی دەرمانەکانی گرتووە و ئێستاش باری تەندروستی ناجێگیرە.
هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دوورخراو کە لە یەکەی بەندی چواری ژووری ٢١ی هۆڵی ٢ی زیندانی قەزڵحیسار بەند کراون، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای ئاماژەدان بە ناجێگیربوونی دۆخی سامان و پەرەگرتنی نەخۆشیی میزی خوێناوی و ماسوولکەڕەقی سامان، ڕایانگەیاندووە؛ هیچ هۆکار و پاساوێک بۆ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی سامان یاسین نییە.
ئەم بەندکراوانە سەرەڕای ئاماژەدان بە گواستنەوەی کورتخایەنی سامان یاسین بۆ دەرمانگەی زیندان و گەڕاندنەوەی بۆ ژووری بەندیخانە، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو هونەرمەندە تووشی ڕشانەوە و سەرئێشە و لێڵیی بینایی بووە.سامان یاسین بە بەرپرسانی زیندانی قەزەڵحیساری ڕاگەیاندووە؛ لە ئەگەری پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لە ڕووی یاسایی و هەروەها ئەگەر لە ڕووی تەندروستیشەوە چارەسەری بۆ نەکرێت، بەردەوام دەبێت لە مانگرتن و نەخواردنی دەرمانەکانی. جێگای ئاماژەیە، پێشتریش واتە ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی سامان یاسین کە دەبوو لە لقی ٢٨ی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار هەڵوەشێندرایەوە و دوا خرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش، ڕۆژی ١٨ی گوڵانی ئەمساڵ، بەڕێوەچوونی دادگای سامان یاسین هەڵوەشێندرا بوویەوە. هەروەها جارێکی دیکەش، ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ئەم ساڵ بە بیانووی “سەفەری مەئموریەتی دادوەر سەڵەواتی” دادگای ناوبراو بەڕێوەنەچووبوو.
سامان یاسین ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ، لە زیندانی ڕەجاییشاروە بەپەلە لەگەڵ هەندێک لە بەندکراوانی سیاسیی دیکە بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئێڤین گواسترانەوە و دواتر، لە ١٢ی خەرمانان بۆ زیندانی قەزلحیساری کەرەج گواسترایەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر، بە تۆمەتی “موحارەبە” لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. دواتر ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاوتەریبی خۆی ڕەوانە کرایەوە.