بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کەرەج هەڵیانکوتایە سەر ماڵی “ئەژدەر پیری”، تەمەن ٣٦ ساڵ، لێکۆڵەر و سەرنووسەری مجلەی مانگانەی نێودەوڵەتی “گەلان” و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنکی نادیار گواستوویانەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەژدەر پیری، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و کامپیوتێرەکەی دا گرتووە. شایانی باسە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەژدەر پیری تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و لەم دواییانەشدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیاری ورد لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتەکانی وەپاڵدراوی ئەم چالاکە مەدەنییە لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی تا ئێستا نەیانتوانیوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵی ببێت.