دوو حەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان تێدەپەرێت، بەڵام ناوبراو هێشتا دەستبەسەرە و چارەنووسیشی نادیارە و ناڕوونیی چارەنووسی دانا، نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی لێ کەوتووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا پێوەندیی تلفۆنیی زۆر سنوورداری لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەشەممە، دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، بە بێ هیچ هۆکارێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ئیتلاعاتی ئەمشارە ڕاگوێزرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممە، دانا لەنجاوایی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەمشارە ڕاگوێزرا و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، بە دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی یەک مانگە، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوان گوازرایەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، دانا لەنجاوایی ساڵی ١٣٩١ پاش بەڕێوەبردنی مانگرتنی خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی، دەستبەسەر و لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو.