
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۶ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی “هووشیار شەعبانی” و “ئومید ئەحمەدپوور”، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە باری تەندروستییان بێ ئاکام ماوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، هێزەکانی ئیتلاعات دوای بەرکەوتنی سێ گوللە لە لاقی هووشیار شەعبانی، ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە کە نیگەرانیی زیاتری لەسەر باری تەندروستیی ناوبراو لێکەوتۆتەوە. هووشیار شەعبانی و ئومید ئەحمەدپوور، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە ناوچەی کانی سووری بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.