نادیاربوونی چارەنووسی عەبدولوەهاب پیرۆتی بەدوای دەستبەسەر کرانی
دوشەممە ۰۱-۱۱-۱۴۰۳   |  20-01-2025

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، عەبدولوەهاب پیرۆتی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم هاووڵاتییەیان لە دووکانەکەی خۆی دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە. جێگای ئاماژەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە و بەدواداچوونەکانی بەردەوامی بنەماڵەکەی، زانیارییەکی ورد لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان لەم بارەوە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.