
بەپێی ڕاپۆرتەکان، عەزیز خزری تەمەن ٥٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئەندێزە”ی سەربە پیرانشار، ماوەی ٣ مانگ و ١٦ ڕۆژی تەواوی بە چارەنووسێکی نادیار لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی خزری ،لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی” دۆسیەیەک لە دژی ئەم تۆمەتبارە سیاسییە کراوەتەوە. ئەم سەرچاوەیە زیادی کردووە کە بە دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، ڕێگری لە دانانی بارمتە و ئازادکردنی کاتی عەزیز خزری کراوە.
جێگای ئاماژەیە، عەزیز خزری بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە ئەنجامی هەڵکوتانی لەناکاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر ماڵەکەی، لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی زانیار خزری، دەستبەسەر و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە گوازراونەوە. زانیار خزری لەماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی ، بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.