نادیاربوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان
پێنجشەممە ۰۸-۰۹-۱۴۰۳   |  28-11-2024

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی “یەزدان قەنبەری”، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یارسان، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە، بێ ئاکام بووە.
یەزدان قەنبەری، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەمشارە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەنبەری، یەزدان قەنبەری لەو ماوەیەدا لە سەرەتاییترین مافەکانی لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.